هاندەرانیش ڤاکسینێکیان گەرەکە!

ئاراس ڕەواندزی

27-04-2022

1113جار خوێندراوەتەوە


ئاژاوەگێڕی جەماوەر لە یاریگەکان رەگ و ریشەیەکی دوورو درێژی هەیە، دەکرێ بڵێین لەوەتەی تۆپی پێ لەدایکبووە، ئەم دیاردە قێزەونەش وەک میوانێکی ناشیرین و رەزا قورس جار جارە دەرکەوتووە، بەهۆیەوە زۆر جار چیرۆکی جەرگبڕیشمان بینیووە یان بیستووە، بۆیە دەتوانین بڵێین مێژووی ئاژاوەگێڕی هاوتایە لەگەڵ دەستپێکی جیهانی تۆپی پێ . 

هەفتەی پێشوو یاریگەی زاخۆ بووە مەیدانی نیشاندانی قێزەونترین و تراژیدیترین دیمەن، بەشێک لە هاندەرانی یانەکە بە هۆکاری دۆڕانی تیپەکەیان رژانە نێو یاریگەو هێرشیان کردە سەر یاریزانەکانیان، بەشێکیشیان لە پەیژەکانەوە خەریکی شێواندن و شکاندنی کورسیەکانی ئەو یاریگە نێودەوڵەتیە بوون کە رۆژانێک خەونیان بە بنیاتنانیەوە دەدی! لە یاریگەی فرانسۆ هەریریش لە یاری هەولێرو زەوڕا کاتێک داوەر گۆڵێکی تیپی میوانی بە بیانووی ئۆفساید رەتکردەوە، بەشێک لە جەماوەری هەولێر لەپای خۆشی دەربڕین، دەبەی ئاویان گرتە یاریزانانی زەوڕاو لایمەن!!! راستی بینینی ئەو دیمەنەو ئەوانەی یاریگەی زاخۆ بۆمن شۆکێکی گەورە بوو، تا ئێستاش نازانم هۆکاری ئەو کاردانەوە ناشارستانیانە چی بوون؟! من تێناگەم بەشێک لە هاندەرانمان بۆچی ئاستی رۆشنبیریان بەو ئەندازە لاوازە؟ ئاخر جەماوەری هەولێر ( لێرەدا مەبەستم لە بەشێکیانە کە کەمینەن) تۆ ئەگەر تیپەکەشت بدۆڕێ، کە هێشتا ئەوە پاساو نیە بۆ کاری ئاژاوەگێڕی، دەڵێین هۆکارێکت لەبەر دەستە بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە، لێ کاتێک یانەکەت براوەبێ و تۆش دەبە بگریتە یاریزانانی میوان و جوانیەکانی یاریگەو کایەکە بشێوێنێ، یاخود کاری تێکدەرانە ئەنجامبدەی، بەخوا ئەوەیان جگە لە گەمژایەتی و ئەوپەڕی لاوازی ئاستی رۆشنبیری، هیچ شیکردنەوەیەکی دیکە هەڵناگرێ! 

ئینجا جەماوەری هەولێرو زاخۆ تەنها بەو کارانە نەوەستاون و لە هاوردەکردنی بیرۆکەی نایاب بەردەوامن، دواترین داهێنانیشیان لێدانی لێزەرە لە چاوی گۆڵچی و یاریزانانی تیپی میوان، لە یەکێک لە گرتە ڤیدیۆییەکانی یارییەکەی زاخۆ بینیم لێزەرەکان بە ئەندازەیەک زۆر بوون، تیشکەکانی لە زەوی هاوشێوەی تۆڕی جاڵجاڵۆکە بوون! تەقاندنی یاریە ئاگرینیەکانیش کە لە بنەڕەتدا بەکارهێنانی بەو شێوەیە ڕێپێدراو نیە، هاوشێوەی دەبەو لێزەر بۆتە تەواوکاری ئەو تابلۆ ناشیرینە کە هاندەرانمان لە یاریگەکان دەینەخشێنن.
 لێرەدا گرنگە پۆلیسی بەر دەرگەکان رۆڵی باشتر بگێڕن، پێویستە هەموو هاندەرێک بە پشکنینێکی وردا بڕوات و رێگە نەدەن لێزەرو دەبەی ئاوو یارییە ئاگرینەکان دەربازی ژوورەوە بێت. 

دیارە پێشتر لە رێگەی وتارەکانمەوە هۆکارەکان و میکانیزمەکانی بنبڕکردنی ئەو دیاردەم خستۆتە روو، هەروەها هاوپیشەکانیشم بە ئەندازەی جیاواز لە رێگەی نووسین و راپۆڕتەکانیان هەوڵی هوشیارکردنەوەو بنبڕکردنی ئەو دیاردەیانداوە، بەڵام مەخابن ساڵ بە ساڵ دیمەنەکان وەک درامایەکی قێزەون و دووبارە خۆی نیشانمان دەداتەوە، ئێستاش من لە دۆزینەوەی چارەسەری ئەو پەتا کوشندەیە بێئومێد بوومەو لەمبارەوە چیتر تواناو خولیای نووسینم نەماوە، بۆیە داواکارم زانایانی بواری پزیشکی بێنە مەیدان، بەڵکو هاوشێوەی ڤاکسینی کۆرۆنا کە مرۆڤایەتی دەرباز کرد، ڤاکسینێکیش بدۆزنەوەو لە جیاتی بەرزکردنەوەی بەرگری لەش، تۆزێک ئەقڵ و ئاستی رۆشنبیری گێرەشێوێنەکانی کوردستان بەرز بکاتەوە!