پیۆلی دوای پێنج گۆڵەكەی ئینتەر: بۆچی داوای لێبوردن لە هاندەران بکەین؟

05:21 - 17/09/2023

885جار خوێندراوەتەوە

خەندان سپۆرت

 

ستیفانۆ پیۆلی، ڕاهێنەری میلان دوای ئەو دۆڕاندنە قورسەكەی لەسەر دەستی ئینتەرمیلانی ڕکابەری توشی بو، ڕەتیکردەوە داوای لێبوردن لە هاندەرانی تیمەکەی بکات.

بەگوێرەی هەواڵێكی ماڵپەڕی فوتبۆڵ ئیتاڵیا، پیۆلی دەڵێت: ئینتەر تیپێکی بەهێزە و ئەمەش شتێکی سەرسوڕهێنەر نییە، بەڵام ئەنجامەکە زۆر قورسە بە لەبەرچاوگرتنی ئاستی ئێمە.

کاتێک ڕۆژنامەنوسێک پرسیاری لێکرد کە ئایا هەست دەکەیت کاتی ئەوە هاتووە داوای لێبوردن لە هاندەران بکات، پیۆلی بە توڕەییەوە وەڵامی دایەوە و وتی: من لەگەڵ بیرۆکەی داوای لێبوردن لە هاندەران نیم، پێتوایە لە یارییەکەدا بە (1-5) بە ئینتەر دۆڕاین بە مەبەست بوە؟ 

لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئێمەش وەک هاندەران بێهیوا بوین، تەنیا پێویستە كاتێك داوای لێبوردن بکەیت كە بە ئەنقەست شتێکی هەڵە دەکەیت.

جێگای سەرنجە میلان لەمساڵدا لە یارییەکانی دێربی بەرانبەر ئینتەردا سەرکەوتو نەبوو لە بەدەستهێنانی ئەنجامێکی ئەرێنی، بەو پێیەی تیمەکە لە 5 یاریدا توشی 5 دۆڕان بو.

لە لایەکی دیکەوە ڕۆسۆنێری 12 گۆڵی لێکرا و تەنیا گۆڵێکی بەرامبەر نێرازۆری تۆمارکرد، کە ڕافایل لیۆی پورتوگالی لە یارییەکەی دوێنێدا تۆماریکرد.