خەندان سپۆرت
یاریزانە ئینگلیزی ڕیۆ فێردیناند، ئەفسانەی مانچستەر یونایتد، پێی وایە یاریزانی ڕیال مەدرید، جود بێلینگهام، دەتوانێت لانیکەم سێ تۆپی ئاڵتونی بەدەستبهێنێت، ئەمەش دوای ئەو ئاستە بەرزەی کە تاوەكو ئێستا لەگەڵ یانەكەی پێشکەشی کرد.
بێلینگهام تاوەكو ئێستا لەگەڵ یانەی شاهانە بە شێوەیەکی باش درەوشاوەتەوە، ئەستێرە ئینگلیزەکەش سەرکەوتو بووە لە تۆمارکردنی 5 گۆڵ لە چوار یاری یەکەمیدا لە خولی ئیسپانیا.
فێردیناند لە لێدوانەکانیدا بۆ تۆڕی “مەدرید یونێڤێرساڵ” وتی: بێلینگهام دەتوانێت بەرەو پێشەوە بچێت و خەڵاتی باڵۆن دۆر بەدەستبهێنێت.
ئەستێرە ئینگلیزییەکە لە درێژەی قسەکانیدا وتی: زۆر سەرم سوڕدەمێنێت ئەگەر ئەم منداڵە بەلایەنی کەمەوە بە یەک تۆپی زێڕین کۆتایی بە ژیانی وەرزشی خۆی نەهێنێت، ڕەنگە دو یان سێ باڵۆن دۆر بێت، چونکە پێموایە زۆر باشە.
بەرگریکاری پێشوی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا وتیشی: چونە ڕیال مەدرید و باشترین یاریزان بون لە یەکەم چوار یان پێنج یارییدا شتێکی ناوازەیە، پێشتر نەبینراوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، بێلینگهام بەراورد دەکرێت بە یاریزانانی وەک ستیڤن جیرارد و فرانک لامپارد و پۆڵ سکۆڵز، ئێستاش بە ئاسودەیی دەڵێم هیچ کام لەو یاریزانانە هیچیان وەک ئەوەی ئەو لەم تەمەنەدا دەیکات نەیانتوانیوە بیكەن.
لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: پێموانییە کە ئەو بەراورد بێت لەگەڵ هیچ کام لە ئەستێرەکانی پێشو جیرارد و لامپارد لە هەمان تەمەندا، کە پێموایە گرنگترین بەشە، کە ئەو کەسەی بەو عەقڵیەتە چوەتە دەرەوە کە ئەم منداڵە پێویستە ئەوەی دەیکات بە وریاییەوە ئەنجامی بدات.
لەدوای ئەوەی مایکل ئۆین لە ساڵی 2001 خەڵاتی تۆپی ئاڵتونی بەدەست هێناوە، هیچ یاریزانێکی ئینگلیزی تاوەكو ئێستا خەڵاتی تۆپی ئاڵتونی بەدەست نەهێناوە، ئەو کاتەی هێرشبەرەکە تەمەنی 22 ساڵ بووە، لە کاتێکدا لامپارد و جیرارد لە ساڵی 2005دا پلەی دووەم و سێیەمیان بەدەستهێناوە، کە ئەو ساڵە ڕۆناڵدینیۆی بەڕازیلی وەک باشترین یاریزانی جیهان دەستنیشانکرا.