خەندان سپۆرت
ئیدارەی خولی تۆپی پێی ئەمریکی سکاڵای سەیر و سەمەرەی خێزانی یاریزانانی یانەکەی پێگەیشت، نامەیەک ڕەخنەی لە ئەستێرەی ئەرجەنتینی لیۆنێل مێسی، یاریزانی ئینتەر مەیامی گرت، بەهۆی لێهاتویی ئاستە بەرزەکەیەوە.
لەدوای گواستنەوەی بۆ یانەی ئینتەرمیامی مانگێک لەمەوبەر، مێسی تیمە نوێیەکەی کردە تیمێکی ترسناک، 10 گۆڵی تۆمارکرد و تیمەکەی گەیاندە یەکەم نازناو لە مێژوی خۆیدا.
بەپێی هەواڵێکی تۆڕی "The Onion" کۆمیساری خولی گەورە، لەماوەی چەند هەفتەی ڕابردودا دەیان پەیوەندیی پێگەیشتووە، لەلایەن دایک و باوکی یاریزانانی خولی ئەمریکییەوە، بەو پێیەی گلەیییان لە ئاستی زۆر بەرزی ئەستێرە ئەرجەنتینییەکە کردوە بە بەراورد بە منداڵەکانیان، كە یاریزانانی خولی ئەمریکین.
تۆڕەکە لە زاری دایکی جاک مەکگلین یاریزانی یانەی فیلادلفیا یونیون نوسیویەتی: "ئەوە دادپەروەرانە نییە، لەوەتەی مێسی پەیوەندی بە یانەی ئینتەرمیامیەوە کردوە، نەتوانراوە ڕێگری لێبکرێت، هەروەها ئەو زۆر لە منداڵەکانمان باشترە، کە دەستیان کردوە بە هەستکردن بە ئاستی خراپیی خۆیان".
دایکی جاک مەکگلین ئاماژەی بەوەشکرد، دوای ئەوەی یانەی فیلادلفیا یونیون لە قۆناغی پێش کۆتایی جامی خولدا بە ئەنجامی 1-4 بە ئینتەر میامی دۆڕا، کوڕەکەی پێش ئەوەی بخەوێت گریاوە و ڕایگەیاندوە، هەرگیز نایەوێت جارێکی دیکە یاری تۆپی پێ بکاتەوە.
کیم مەکگلین وتی: لەگەڵ زۆرێک لە دایک و باوکان لە هەمو تیمەکانی دیكە قسەم کردوە و هەمان شتە، منداڵەکانیان ترسیان لە یاریکردن بەرانبەر مێسی هەیە.
وە دایکی یەکێک لە یاریزانەکانی ئۆرلاندۆ سیتی ئاشکرای کرد کە نیوەی یاریزانانی تیمەکە تەنانەت نەیانویستووە ژوری جلگۆڕینەکە بەجێبهێڵن پێش یارییەکە بۆ ئەوەی لە قۆناغی 32ی جامی خولەکەدا ڕوبەڕوی ئینتەر میامی ببنەوە.
دایکەکە ڕونیکردەوە، مێسی یاریزانێکی گەورەیە، بەڵام مەسەلەی دادپەروەرییە، بەڕاستی پێویستە لەسەر ئاستی لێهاتویی خۆی بەرانبەر خەڵک یاری بکات، وە واز لە منداڵەکانمان بهێنێت هەست بەوە بکات کە ئەو لە سەروی ئەوانەوەیە.