بەفەرمی.. گالتێ ڕۆیشتنی مێسی ڕادەگەیەنێت

03:34 - 01/06/2023

1774جار خوێندراوەتەوە

خەندان سپۆرت

 

کریستۆف گالتێ ڕاهێنەری یانەی پاریس سانجێرمان ڕایگەیاند، لیۆنێل مێسی لە کۆتایی وەرزی ئێستادا یانەکەی بەجێدەهێڵێت.

گالتێ لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی: شانازیم هەبو ڕاهێنەرایەتی باشترین یاریزانی مێژوی تۆپی پێ بکەم، دوایین یارییەکەی لە پارک دی پرینس دەبێت بەرانبەر کلێرمۆنت فۆت، هیوادارم باشترین پێشوازی لێبکرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، وەرزێکی ناوازەمان بەسەر برد، مۆندیال لە ناوەڕاستی وەرزەكەدا بەڕێوەچو، لەگەڵ ئەوەشدا 21 گۆڵی تۆمارکرد و 20 ئەسیستیشی تۆمارکرد، بەمەش جێپەنجەی خۆی لەگەڵ تیمەکەدا دەسەلمێنێت.

لە کۆتاییدا وتی: "ئەو توخمێکی گرنگ و کاریگەر بوە بە درێژایی وەرزی ئێستا و ئەو ڕەخنە و تێبینیانەی کە لێی گیراوە ناڕەوا بون".

گرێبەستەکەی مێسی کە تەمەنی 35 ساڵە و لە 30ی حوزەیران لەگەڵ پاریس سانجێرمان کۆتایی دێت، ئەو یاریزانە لە هاوینی 2021 لە یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانیاوە بە گواستنەوەی بێ بەرانبەر پەیوەندی بە یانەی پاریس سانجێرمانەوە کردوە.