خەندان سپۆرت
ڕۆبێرتۆ مارتینێزی ئیسپانی، ڕاهێنەری هەڵبژاردەی پورتوگالی، دوپاتی کردەوە کە کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ ئامادە نەبو واز لە یاریكردن بۆ هەڵبژاردەی نیشتمانی بهێنێت و ئاماژەی بەوەشکرد، گۆڵکارە نێودەوڵەتییەکە "سەرکردەیەکی ڕاستەقینە بو" لەگەڵ گەڕانەوەیدا.
لە لێدوانەکانیدا بۆ ڕادیۆی تاڵک سپۆرتی بەریتانی، کە ڕۆژنامەکانی پورتوگالی ڕۆژی چوارشەممە بڵاویانکردۆتەوە، مارتینێز یەکەم ڕۆژەکانی لە پۆستەکەی وەک ڕاهێنەری هەڵبژاردەی "سەیلۆرز" وەبیرهێنایەوە و جەختی لەوە کردەوە کە کریستیانۆ سەرەڕای ئەو ڕۆژە سەختانەی بەسەریدا تێپەڕیوە لەكاتی مۆندیالی 2022ی قەتەر، ئەو "ویستی قۆناغێکی نوێ دەستپێبکات" دەستبەجێ ئەرکەکە بگرێتە ئەستۆ.
ئاماژەی بەوەشکرد، کریستیانۆ ئامادە نەبو هەڵبژاردەی نیشتمانی بەجێبهێڵێت، ئەو ویستویەتی بەشێک بێت لە سەردەمی نوێ تیمەكە، لێرەوە دەستپێبکات و لە مانگی ئازاری ساڵی ڕابردودا بەشداریی لە کەمپی هەڵبژاردەی نیشتمانیدا بکات.
لەگەڵ گەڕانەوەی لە مۆندیال، ئەو پاڵەوانێتییەی کە بە گریانەوە ماڵئاوایی لێکرد دوای ئەوەی لە قۆناغی چارەکی کۆتایی لەلایەن مەغریبەوە لە یاریگاکان دورخرایەوە، ڕۆبێرتۆ مارتینێز ئاشکرایکرد کە کریستیانۆ "سەرکردەیەکی ڕاستەقینە" بوە بە تۆمارکردنی دو هاتریک لە دو یاریدا.
جەختیشی لەوە کردەوە کە هێرشبەرە سعودییەکەی یانەی نەسر لە ئێستادا، "یاریزانێکە ئەزمونی هەیە کە هیچ یاریزانێکی دیکەی تۆپی پێی جیهانی خاوەنی نییە، کەسێکە گەیشتوەتە 200 یاری نێودەوڵەتی، پێویستە شارەزاییەکەی لە ژوری جلگۆڕین بەکاربهێنرێت و سودی لێ وەربگیرێت".
دوای ئەوەی مارتینێز دەستبەکاربو، بە جیهاندا گەشتێکی کرد بۆ دیدار و قسەکردن لەگەڵ هەمو ئەو یاریزانانەی هەڵبژاردەی نیشتمانی کە لە مۆندیالدا بون لە قەتەر، لەنێویاندا کریستیانۆ.
لەمبارەیەوە وتی: لە سەردانەکەمدا بۆ ڕیاز، دەرفەتێکم بۆ ڕەخسا کەسێکی نایاب لە پشت یاریزانێکی تۆپی پێ بناسم و بۆ منیش ساتێکی زۆر ڕون بو.
کریستیانۆ مانگی ئازاری ساڵی ڕابردو لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندبو، بیری لە وازهێنان لە تۆپی پێی نێودەوڵەتی کردوەتەوە، بەڵام ئێستا هەست بە "شتێکی زۆر تایبەت و ئەرێنی" دەکات لە دوای هاتنی راهێنەرە ئیسپانییەکە، کە "کەشێکی تازە"ی بۆ پورتوگال هێنا.
کریستیانۆ گەڕایەوە سەروی لیستی پورتوگال کە مارتینێز لەم هەفتەیەدا بڵاویکردەوە، بەهۆی بەڵێنەکانی داهاتو لە پاڵاوتنەکانی یۆرۆی 2024.
پورتوگال لە 17ی حوزەیران لە شاری لیسبۆن پێشوازی لە هاوتا بۆسنییەکەی دەکات، دوای ئەوە لە 20ی هەمان مانگ لە دەرەوەی یاریگای خۆی بەرانبەر ئایسلەندا یاری دەکات.