مۆندیالی خانمان كێشەی كەمی فرۆشتنی بلیتی هەیە

04:46 - 30/05/2023

1215جار خوێندراوەتەوە

خەندان سپۆرت

 

حەوت هەفتە پێش دەستپێکردنی مۆندیالی خانمان "فیفا"، بەگوێرەی ئامارێكی ڕێکخەرانی مۆندیال زیاتر لە نیوەی بلیتی یارییەکانی نیوزلەندا کە هاوشان لەگەڵ ئوسترالیا میوانداری پاڵەوانێتییەکە دەکات، تاوەكو ئێستا نەفرۆشراوە.

جین پاتەرسن، بەڕێوەبەری کارەکانی پاڵەوانێتییەکە لە نیوزلەندا، دانی بەوەدانا کە نیگەرانە لە خاوبونەوەی فرۆشتنی بلیتی یارییەكان.

ئەو خانمە بە ڕادیۆی نیوزلەندای ڕاگەیاندوە، لەکاتێکدا یاریگا و ئاسانکارییەکان ئامادەن،  ئەمەش دڵنیابونە کە خەڵکی نیوزلەندا زۆرترین سود لەم دەرفەتە وەردەگرن، بەڵام تاوەكو ئێستا بە شێوەیەكی گونجاو خەڵكی ئەو وڵاتە بەدەم كڕینی بلیتی یارییەكانەوە نەچون.

مۆندیالی خانمان 20ی تەموز دەستپێدەکات و تاوەكو ئێستا لە کۆی گشتی 550 هەزار بلیت لە نیوزلەندا 220 هەزار بلیت فرۆشراون، کە پاڵەوانی پێشوی خولەكە كە ئەمریکایە، سێ یاریی کۆمەڵەکانی خۆیان لەو وڵاتە ئەنجامدەدەن.

سێ شاری وڵات میوانداری یارییەکانی پاڵەوانێتی دەکەن، ئەوانیش ویلنگتۆنی پایتەخت، هامیلتۆن، دونێدین و ئۆکلاند.

سەرەڕای نیگەرانییەکان، پاتەرسن دڵنیایە لەوەی ئەو کەسانەی نازناوی "کیوی"یان پێدراوە، لە پشت ئەم ڕوداوە جیهانییەوە دەبن.

ئاماژەی بەوەشکردوە، "نرخی بلیتەکانمان داناوە بۆ ئەوەی زۆر گونجاو بێت، بە 20  دۆلاری نیوزلەندی كە دەكاتە (12 دۆلاری ئەمریكی) بۆ گەورەکان و 6 دۆلاری ئەمریكیش بۆ منداڵان كە ئەمە زۆر هەرزانترە لە چون بۆ سینەما".

پاولا هانسن، بەرپرسی یەكێتی تۆپی پێی نیوزلەندا ڕایگەیاندوە، هاندەران زیاتر "لە درەنگانی یارییەکەدا" بلیت دەکڕن و پێشبینیش دەکەن هەندێک یاریگا بە تەواوی توانای خۆیان پڕبکەنەوە.

ئاماژەی بەوەشکردوە، "هەندێک لە یارییە گەورەکان فرۆشی گەورەیان بە شێوەیەکی باوەڕ پێنەكراو هەبوە، بەڵام بەبێ ئەوەی ژمارەیەکی دیاریکراو بخاتەڕو.

نیشانەکردن

#جیهان