خەندان سپۆرت
نیکۆ ڕۆسبێرگ پاڵەوانی پێشوی جیهانی فۆرمۆلا وەن هۆکاری دابەزینی ئاستی تیمی مێرسیدسی دیاریکرد، دوای ئەوەی لە نێوان ساڵانی 2014 بۆ 2021 باڵدەستی پاڵەوانێتیەكانی فۆرمولا وەن بو.
ڕۆسبێرگ کە لە ساڵی 2016دا نازناوەکەی لەگەڵ یانەی مێرسیدس بەدەستهێناوە، دەڵێت: یەکێک لە گەورەترین خاڵە بەهێزەکانی بەڕێوەبەری تیپەکە تۆتۆ وۆڵف بەشی پلاندانانە بۆ داهاتو.
لەم ساڵانەی دواییدا چەندین بڕیاری نایابی داوە بۆیە پێموانییە کێشەی مێرسیدس لە ئێستادا تۆتۆ بێت.
لە تیمەکەدا چەندین ئەندازیاری نوێ هەن کە جێگەی ئەندازیارانی کۆنیان گرتۆتەوە، بێ گومان بەهرەمەندن، بەڵام کێشەکەیان ئەوەیە کە تێنەگەیشتون چۆن مامەڵە لەگەڵ یاسا نوێیەکانی دیزاین بکەن کە لە ساڵی 2022 دەستی پێکردووە و تاوەكو ئێستاش بەدەست ئەو كێشەیەوە دەناڵێنن.