خەندان سپۆرت
دەستەی بەڕێوەبردنی خولی نایابی ئینگلیزی بە فەرمی یانەی مانچستەر سیتی تۆمەتبار کردوە بە پێشێلکردنی چەند یاسایەکی دارایی لە پێشبڕکێکەدا.
پرێمەرلیگی ئینگلتەرا 4 ساڵ لەمەوبەر مەلەفی لێکۆڵینەوەی لە دژی مان سیتی کردبوەوە، بە گومانی پێشێلکردنی یاسا داراییەکان.
لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا کە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە ماڵپەری خولەکەیەوە بڵاویکردوەتەوە، ڕایگەیاندووە، مانچستەر سیتی بە تۆمەتی پێشێلکردنی یاسا داراییەکانی ڕکابەرییەکانی ئینگلتەرا تۆمەتبار کراوە.
لە بەیاننامەکەدا 6 ڕوداوی مانچستەر سیتی لەخۆگرتبو، کە وایکردوە تۆمەتبار بکرێت بە سەرپێچیکردنی یاسا داراییەکان، لە دوایین وەرزی 2009 تاوەكو 2023.
لە ڕاگەیەندراوەکەی دەستەی بەڕێوەبردنی خولی نایابی ئینگلیزیدا پشتڕاستی کردەوە کە سەرجەم سەرپێچیەکانی مان سیتی ڕەوانەی لیژنەیەکی تایبەت کردوە بەپێی ڕێساکانی کێبڕکێ بۆ لێکۆڵینەوە.
لە ئەنجامدا ئەو تۆمەتانە بە نهێنی لە دانیشتنە تایبەتەکاندا گوێیان لێدەگیرێت و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت، ئەمەش بەپێی ڕێساکانی پرێمەرلیگ، لە کاتێکدا ئەنجامەکانی کۆتایی لە ماڵپەڕی پرێمەرلیگی ئینگلیزی بڵاودەکرێتەوە.
جێگەی باسە ئەگەر ئەو تۆمەتانە لە دژی مان سیتی پشتڕاست بکرێتەوە، ئەوا بە لێبڕینی خاڵ لە یانەكە لە ڕكابەرییەكانی ئەم وەرزەی پرێمەرلیگ سزا دەدرێت.