خەندان سپۆرت
وەزیری وەرزشی سعودیە، شازادە عەبدولعەزیز بن تورکی ئەلفەیسەڵ، هەڵوێستی وڵاتەکەی لەبارەی پەیوەندیکردنی ڕوسیا بۆ کیشوەری ئاسیا ئاشکراکرد، بۆ ئەوەی ببێتە ئەندامی یەکێتی تۆپی پێی ئاسیا، كە هەڵبژاردەی روسیا بەهۆی جەنگی لەگەڵ ئۆكراینا لە پاڵەوانێتیە ئەوروپییەكان دورخراوەتەوە.
وتارەکەی وەزیری وەرزشی سعودیە بۆ ئاژانسی ڕۆژنامەوانی فەرەنسا لە چوارچێوەی بەشداریکردنی لەگەڵ شاندی سعودیە لە کۆنگرەی ئاسیای ساڵی 2023 بو، کە لە مەنامە پایتەختی بەحرەین بەڕێوەچو و بۆ بەدەستهێنانی مافی میوانداریکردنی جامی نەتەوەكانی ئاسیا لە ساڵی 2027.
شازادە عەبدولعەزیز جەختی لەوە کردەوە: ئەگەر فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی یەکەکانی تۆپی پێ، هەروەها یەکێتی ئاسیا ڕێگە بدەن، و سودێکی بۆ کیشوەری ئاسیا هەبێت، ئەوا پێموانییە کە کێشەیەک لەوەدا هەبێت روسیا بێتە كیشوەری ئاسیا.
یەکێتی تۆپی پێی ڕوسیا لە مانگی کانونی دوەمی ڕابردودا ئاماژەی بە ئەگەری گواستنەوەی لە کیشوەری ئەوروپاوە بۆ ئاسیا کردبو، دوای ئەوەی تیپ و یانەکانی ڕوسیا بەهۆی لەشکرکێشی بۆ سەر ئۆکرانیا لە ڕکابەرییەکانی ئەوروپا قەدەغە کران.
هەرچەندە دواتر فیدراسیۆنی ڕوسیا داوای کۆبونەوەیەکی بەرفراوان کرد بۆ دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ یەکێتی تۆپی پێی ئەوروپا، بەڵام سەرۆکی فیدراسیۆنی ڕوسیا ئەلێکساندەر دیوکۆڤ ڕەتی نەکردەوە کە فیدراسیۆنەکەی لە قۆناغێکی دواتردا بەدواداچون بۆ ئەندامێتی لە یەکێتی تۆپی پێی ئاسیادا بکات.