كەركووك پەردە لەسەر پەیكەری شێخی وەرزشكاران ومیدیای وەرزشی كوردی لادەدا

10:34 - 11/12/2022

4199جار خوێندراوەتەوە

خەندان سپۆرت - زاگرۆس نانەكەلی

ئەمڕۆ ئێوارە لەبارەگای لیژنەی ئۆڵۆمپی ویانەی وەرزشی سۆلاڤـ پەردە لەسەر پەیكەری وەرزشوانی دێرین وشێخی میدیاكارانی وەرزشی كوردی لادرا.

بۆ بەدوا داچوون و گرنگی هەواڵەكە شێخ میقداد كوڕی شێخ ستار گوتی : ئێوارەی ئەمڕۆ بەئامادەبوونی بەرپرسان ووەرزشكاران ودەزگاكانی راگەیاندن و دوای ماندووبوونی زیاتر لە (65) ساڵ لە وەرزش و كاری میدیای وەرزشی ولەسەر ئەركی بەرێز رەزا حاجی فایق بەرپرسی وەرزشی مەڵبەندی كەركووك، پەیكەرێكی شایستەی بۆ باوكم دامەزراو كە بەدیزاینێكی نایاب وپرۆفیشناڵانە هاتۆتە دروست كردن،ئەمە جێگای دڵخۆشی خەڵكی وەرزشكاران ومیدیاكارانی وەرزشی شاری كەركووك و كوردستان وعێراق بوو.

شێخ مقداد ووتیشی: هەستێكی زۆر نایاب و دڵخۆشمان هەیە بۆ ئەم هەنگاوە،باوكم زۆر دڵی پێخۆش بوو،هەستكرد ماندووبوونی حەسایەوە لە پر ئەم بەسەركردنەوە و بیرۆكە جوانە،بۆیە هیچم نیە بۆ گوتن وسوپاسی هەمووتان دەكەم و بەتایبەتی مامە  رەزا كە خەمخۆری وەرزشی شارەكەیە.

ماوەتەوە بڵێین شێخ ستارشێخ عەبدوڵڵا ئەحمەد لەساڵی 1941 لە گەرەكی ئیمام قاسمی شاری كەركووك لەدایكبووە،ساڵانی 1961-1962 خانەی مامۆستایانی تەواو كردووە لە كەركووك،دامەزرێنەری یانەی سۆلاڤە لەشاری كەركووك،داوەری پلە یەكی یاری تۆپی پێ وبالە بووە،یاریزانێكی لێهاتوو یاری بالە بووە.

لەساڵی 1975 تا ساڵی 1994 ئامادەكار وپێشكەشكاری بەرنامەی وەرزشی (وەرزش ولاوان) بووە لە تەلەڤزیۆنی كەركووك،شێخ ستار چەندیم پۆستی وەرزشی لەسەر ئاستی كوردستان وعێراق هەبووە وخزمەتێكی زۆری تێكڕای وەرزشكاران ومیدیاكارانی وەرزشی كردووە وئێستاش تەمەنی (81) ساڵە ولە شاری كەركووك ژیان بەسەر دەبات.

 

 

نیشانەکردن

#ناوخۆیی