پیلێی ناوی كۆبیلاسی لەباشترین یاریزانەكانی جیهان داناوە!

03:51 - 08/12/2022

2282جار خوێندراوەتەوە

خەندان سپۆرت - شەقامی مۆندیال (زنجیرەی بیست و پێنجەم) - زاگرۆس نانەكەلی

 

ویستم تەنها خوێنەری بەرێز و وەرزشوانان و میدیاكارانی وەرزشی كوردی لە خەوی خەواڵوی وخەماوی وخەسارە و خەسڵەتی خۆبە خۆپەرستزان و خۆ خەپەكردن بە خاكی ناساند وخاكی خۆم،كەچی نە خاكی خەسڵەت ونە لە خەوی خەواڵوی خەبەرییان بۆتەوە.

مۆندیال نەك بە سیاسەت كراوە،بگرە ئەوەی من خوێندۆمەتەوە،كە دڵنیام دڵۆپێكە لە زەریا،هەر خۆی سیاسەت وەرزش بەگشتی وتۆپی پێ بە تایبەتی ومۆندیالیش تایبەت تر لە تایبەت سیاسەت بەرێوەی دەبات،ئینجا چۆنە و كێیە و بۆچی و كەی و چۆن بووە وچۆن دەبێت و كەی،ئەوانە من ناتوانم خۆمی لێ بدۆزمەوە،چونكە ئەمە كاری من نیە و نامەوێت بكەومە ژێر زەریای نەزانی وئەوكات تا ئەبەد نوقم دەبم و خۆشم پێ نادۆزرێتەوە،چونكە هەست دەكەم گەڕان بەدوای ئەم پرسیارانە سەرئێشەیە.

لەقوتابخانەی سەرەتایی لە پۆلی یەك بووم،لەبراكان ودراوسێیەكانی گەڕەك ناوی (كۆبیلاس)م گوێ لێ دەبوو،بەڵام هیچم دەربارەی نەدەزانی،لەبەر ئەوەی تەلەڤزیۆنمان نەبوو،پارەی كڕینی رۆژنامەشم نەبوو،بەڵام گەیشتمە پۆلی چواری سەرەتایی ئەم ناوە هەر لەگوێم دەزرینگایەوە،هەموو رۆژانی دووشەممە باشم لەبیرە لە كتێبخانەی (تەئمیم) رۆژنامەی وەرزشی (ریازە وشەباب) ئێوارن دەگەیشتە شاری هەولێر،منیش رۆژانی شەممە و یەك شەممە ودووشەممە پارەم لە (حانوتی قوتابخانە) خەرج نەدەكرد،رۆژنامەی (ریازە وشەباب) م دەكڕی،رەنگاو رەنگیش بوو،زۆر دڵم پێخۆش بوو و بەرەبەرە دەمخوێندەوە،ئینجا لەبراكانم دەپرسی،چونكە بە زمانی عەرەبی بوو،ئەوانیش دەیانگوت ئاوا دەڵێ،رۆژێكیان وێنەی (كۆبیلاس) م بینی،چونكە لەسەری نووسرابوو (تۆفیلۆ كۆبیلاس) ی پیرۆ،ئینجا بابەتێك بوو خوێندمەوە،دواتر هەڵبژاردەی پیرۆ بەناوبانگ بوو،كە درێسی سپی و خەتێكی سوور بەناو درێسەكەیان داهاتبوو و شێوە ودیزاینی درێسەكەزۆرجوان بوو لەلام،ئیتر هەڵبژاردەی پیرۆ دوای مۆندیالی 1982 لەبەر دیدی خوێنەران وبینەران بوون بوو،چونكە وڵاتێكی هەژاربوو،كۆبیلاسیش وازی هێنا،بەڵام پیرۆ وون بوو،بەڵام ئەم هەڵبژاردە لە زهنی من تا ئێستا هەرمایەوە،چونكە یادگاری منداڵی و سەردەمی قوتابخانە وانەیەكی جوانی فێركردم،ئەویش ئەوەیە كە(ئەوانەی بە دڵسۆزی بۆ وەرزش و خاكی وەتەن تێدەكۆشن ئەبەد وون نابن گەر ملیۆن ساڵیش بێت).

منیش باسێكی كورت وپوختی تۆفیلۆ كۆبیلاستان بۆ دەكەم،ئەو یاریزانەی كە هەرگیز تا دوا رۆژەكانی ماڵئاوایی لە وەرزش،ناوێكی باش و رەوشتێكی نایاب و یاریزانێكی بێ وێنە بووە،منیش لە هزری خۆم و سەردەمی منداڵی خۆم نیشانەم بۆ داناوە،ئەمڕۆ پێكام و بووە نیمچە زانیارێكی بچووك لەسەر كۆبیلاسی پیرۆی،ئومێد دەكەم توانیم بم یادگارییەكی باش و زانیارییەكی نایابم پێشكەش بەخوێنەران و وەرزشوانان و میداكارانی وەرزشی كردبێت.

تۆفیلۆ كۆبیلاس
تۆفیلۆ خوان كۆبیلاس ئاریزاگا،رێكەوتی 8ی ئازاری 1949 لە لیمای پایتەختی پیرۆ لەدایكبووە وئێستا تەمەنی (73) ساڵە، یاریزانی هێڵی ناوەڕاست و هێرشبەر بوو،سەرەتای یاری تۆپی پێی لەگەڵ یانەی ئەلیانزا لیما دەست پێكرد ، لە ساڵی 1973 ڕووی لە سویسرا كرد و لەگەڵ یانەی بازلی سویسری یاری كرد ، بەڵام بە خێرایی ڕووی لە یانەی پۆرتۆی پورتوگالی كرد، دوای ئەوە گەڕایەوە بۆ یانەی ئەلیانزا لیمای پێشووی ، و لە ساڵی 1979 ڕووی كردە یانەی فۆرت لۆدردایل،لەگەڵ هەڵبژاردەی تۆپی پێی پیرۆ لە 117 یاریدا یاری كردووە و 45 گۆڵی تۆماركردووە، هەروەها بەشداری لە مۆندیالی 1970 و مۆندیالی 1974 و مۆندیالی 1982 كردووە.

تۆفیلۆ خوان كوبیلاس ئارێزاگا لە 8ی ئازاری 1948 لە شاری پوێنتۆ پێدرا لە شاری لیمای پایتەختی پیرۆ لەدایكبووە ،لەیانەكانی پیرۆ و دواتر بەرەو ئەوروپا وەك پیشەگەر یاریكردووە،یاریزانی جیهانی پێلێ لە مانگی ئازاری 2004دا لەنێو لیستی 125 باشترین یاریزانی جیهانی هەڵبژارد .

ساڵی 1966 بۆ یەكەم جار لە خولی پیرۆ یاریكرد بووە جێگای سەرنجی بەرپرسانی یانەی ئەلیانزا لیمای پیرۆی و هاندەران،هەر لەم ساڵە لە تەمەنی (16) ساڵی بوو بووە گۆڵكاری خولی پیرۆ،كۆبیلاس كە بە (نینی) بەناوبانگە،یاخود زۆرجاران پێیان دەگووت (پڵنگی رەش)،كۆبیلاس لە (469) یاری لە خولی پیرۆی توانی (268) گۆڵ تۆماربكات،كۆبیلاس (117) یاری بۆ هەڵبژاردەی پیرۆ كردووە وتوانیویەتی (45) گۆڵ تۆماربكات،لە مۆندیالی 1970 بەشداربوو وتوانی (5) گۆڵ تۆماربكات وبووە سێیەم باشترین یاریزانی مۆندیال،هەروەها لە مۆندیالی 1974 و مۆندیالی 1982،لە مۆندیالی 1970 هاندەرانی پیرۆ لەبیر ناكەن كاتێك هەڵبژاردەی پیرۆ بە ئەنجامی (2-0) دۆڕابوو بەرانبەر هەڵبژاردەی بولگاریا،بەڵام كۆبیلاس توانی ریمۆنتادا تۆماربكات وبەئەنجامی (3-2) لە بولگاریایان بردەوە.

سەرەتا یاری تۆپی پێی لەگەڵ یانەی ئەلیانزا لیمای پیرۆ دەستی پێكرد لەساڵی 1966تا 1972 ، لە ساڵی 1973 ڕووی لە یانەی بازلی  سویسرا كرد بۆ یەك وەرز، بەڵام بە خێرایی ڕووی لە یانەی پۆرتۆی پورتوگالی كرد،لە ساڵی 1974تا ساڵی 1977، دوای ئەوە گەڕایەوە بۆ یانەی ئەلیانزا لیمای پێشووی ، و لە ساڵی 1979 ڕووی كرد بۆ یانەی فۆرت لۆدردایل سترایكزی ئەمریكی كردووە و تا ساڵی 1983،ساڵی 1984 گەڕاوەتەوە یانەی ئەلیانزا لیمای پیرۆی تا ساڵی 1988،لەگەڵ هەڵبژاردەی تۆپی پێی پیرۆ لە 117 یاریدا یاری كردووە و 45 گۆڵی تۆماركردووە، هەروەها بەشداری لە مۆندیالی 1970 و مۆندیالی 1974 و مۆندیالی 1982 كردووە،ئەلیانزا لیمای پیرۆیی  و بازلی سویسری و پۆرتۆی پورتوگالی و هێرشبەرانی فۆرت لۆدەردەیلی ئەمریكی و میامی شاركسی ئەمریكی.

هەڵبژاردەی تۆپی پێی پیرۆ
هەڵبژاردەی تۆپی پێی پیرۆ نوێنەری فەرمی وڵاتی پیرۆیە بۆ تۆپی پێ و لەلایەن یەكێتی تۆپی پێی پیرۆوە سەرپەرشتی دەكرێت، لە یەكەمین جامی جیهانی فیفا لە مۆندیالی 1930 بەشداری كرد و تیپەكە لە قۆناغی یەكەم دەرچوو و تیپەكە لە ساڵی 1934 لەمۆندیال كشایەوە دوو جار بۆتەوە پاڵەوانی كوپا ئەمریكا لە ساڵی 1939 و ساڵی 1975 ..

هەڵوێستی مەردانەی كۆبیلاس وكارەساتی فرۆكەكەی یانەی ئەلیانزا لیما!!
كۆبیلاس ئەو یاریزانەیە هەردەم وەك مرۆڤێكی بە وەفا بۆ وڵات ویانەكەی بووە،ساڵی 1987 كۆبیلاس بۆ یانەی دایك دەگەرێتەوە كە یانەی ئەلیانزا لیمایە،بەهۆی ئەوەی ئەم یانەیە بەهۆی رووداوی كەوتنە خوارەوەی فرۆكەیەكی پیرۆی لە گەشتێكی ناوخۆی،تێكڕای ستافی یانەی ئەلیانزا لیمای پیرۆی كە (43) كەس بوو وهەموویان گیانیان لەدەستدا  وتەنها فرۆكەوانەكە نەبێت،رووداوەكەش كاتێك لە خولی ناوخۆ لە یانەی پۆكالبای ئەمەزۆنی دەگەڕانەوە لەنێو جەرگەی زەریای هادی بوون،هەرچەند فرۆكەكە لە هێزی دەریاوانی پیرۆ وەرگیرابوو،بەڵام بەهۆی كەش وهەوا فرۆكەوانەكە پێیانی راگەیاندبوو كە كەش وهەوا تەواو نیە،بەڵام بەرپرسان بەهۆی بردنەوەیان وپێشەنگی خولەكەیان گرتبوو وبەئەنجامی (1-0) لە یانەی دیپۆتیڤۆ پۆكالبای بردەوە و پێداگربوون بگەڕێنەوە لیمای پایتەختی پیرۆ،رووداوەكە لەكاتژمێر 6:30 ئێوارەی  8ی دیسێمبەری ساڵی 1987 روویدا و (43) لەیاریزان وكارگێڕی وراهێنەر و ئەندامانی یانەی ئەلیانزا لیمای پیرۆی گیانیان لەدەستدا وتەنها فرۆكەوانە رزگاری بوو،بۆیە یاریزان تۆفیلۆ كۆبیلاس دوای ئەم رووداوە ناخ هەژێنە دەگەڕێتەوە وڵات ویانەی خۆی ولەوێ سەر لەنوێ یانەی ئەلیانزا لیما نوێ دادەمەزرێنەوە.

دەستكەوتەكان
پاڵەوانێتی خولی پیرۆ (2) جار، وەرزەكانی  1976-1977  و  1977و1978
پاڵەوانێتی جامی پورتوگال  (1) جار لە ساڵی 1977لەگەڵ یانەی پۆرتۆ.
پاڵەوانێتی خولی ئەمریكی (2) جار، وەرزەكانی  1983و1984  و  1984و1985 لەگەڵ فۆرت لۆدردایل.
لە ساڵانی 1970و1978و1982 سێ جار بەشداری مۆندیال كردووە
جامی نەتەوەكانی ئەمریكای باشوور (كۆپا ئەمریكا) 1 جار لە ساڵی 1975 و چوارەم  جار 1 جار لە ساڵی 1979

نازناوەكانی كۆبیلاس
سێیەم گۆڵكاری مێژوویی هەڵبژاردەی پیرۆ، بە 29 گۆڵ
حەوتەمین گۆڵكاری مێژوویی مۆندیال بە 10 گۆڵ
دووەم گۆڵكاری مێژوویی یانەی ئەلیانزل لیمای پیرۆیی، بە تۆماركردنی 180 گۆڵ
حەوتەمین گۆڵكاری مێژوویی خولی پیرۆ، بە تۆماركردنی 167 گۆڵ
گۆڵكاری هەموو كاتەكانی یانەی فۆرت لۆدردایل ئەمریكی، كە 74 گۆڵی تۆماركردووە
گۆڵكار  خولی دووەمی پیرۆ، وەرزەكانی  1966-1967  و  1969-1970
دووەم گۆڵكاری  مۆندیال 1 جار لە ساڵی 1978 و سێیەم گۆڵكاری 1 جار لە ساڵی 1970
گۆڵكاری خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەمریكای باشوور(لیبێرتادۆرس)  1 جار لە ساڵی 1972
باشترین یاریزانی گەنج لە  مۆندیال  1 جار لە ساڵی 1970
باشترین یاریزان لە ئەمریكای باشوور  1 جار لە ساڵی 1972
باشترین یاریزانی  جامی نەتەوەكانی ئەمریكای باشوور (كۆپا ئەمریكا)  جارێك لە ساڵی 1975.

باشترین یاریزانی ناوەڕاستی  خولی ئەمریكی 1 جار لە  وەرزی 1980/1981
لە ڕیزی 100 باشترین یاریزانی مێژووی تۆپی پێ لەلایەن فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی یەكێتی تۆپی پێ (فیفا) هەڵبژێردرا.

لە ڕیزی 100 باشترین یاریزانی مێژوو
ی تۆپی پێدا هەڵبژێردرا (فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی مێژوو و ئامار).

گۆڵەكانی كۆبیلاس
لەگەڵ ئەلیانزا لیمای پیرۆیی،180 گۆڵ، لەنێویاندا167 گۆڵ لە  خولی پیرۆ،13 گۆڵ لە چامپیۆنزلیگی ئەمریكای باشوور (لیبێرتادۆرس)،لەگەڵ یانەی بازلی سویسری،7گۆڵ لەلایەن 3 گۆڵ لە  خولی سویسرا،2گۆڵ لە جامی سویسرا،2گۆڵ لە چامپیۆنزلیگ،لەگەڵ  پۆرتۆ پورتوگال،65 گۆڵ لەلایەن ئەوانەوە،48 گۆڵ لە خولی پورتوگال،10 گۆڵ لە جامی پورتوگال،7 گۆڵ لە  خولی  ئەوروپا،لەگەڵ هێرشبەرانی ئەمریكی فۆرت لۆدەردەیل،74 گۆڵ  لە خولی  ئەمریكی لەگەڵ  یانەی میامی شاركسی ئەمریكی،1  گۆڵ لە خولی ئەمریكی،لەگەڵ هەڵبژاردەی پیرۆ 45 گۆڵی نێودەوڵەتی،كۆی گۆڵەكانی ئەو یاریزانە لەگەڵ ئەو یانانەی كە یارییان بۆ كردووە 356 گۆڵە.

 

نیشانەکردن

#مۆندیالی قەتەر