نەسری سعودیە کۆتایی بە ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ دەهێنێت

04:30 - 05/12/2022

4687جار خوێندراوەتەوە

خەندان سپۆرت

 

یانەی ئەلنەسری سعودی سەرکەوتو بو لە تەواوکردنی گرێبەستەکەی لەگەڵ کریستیانۆ ڕۆناڵدۆی پورتوگالی، ئەستێرەی پێشوی یانەی مانچستەر یونایتد، بۆ ئەوەی پەیوەندی بە ڕیزەکانی یانەگەیەوە بکات، لە گواستنەوەکانی زستانەی داهاتودا.

پێشتریش مانچستەر یونایتد هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی ڕۆناڵدۆی بە ڕەزامەندی هەردولا ڕاگەیاندبو، ئەمەش لەبەر ڕۆشنایی ئەو لێدوانە هێرشبەرانەی کە یاریزانە پورتوگالییەکە بەرانبەر بە ئیدارەی یانەکە و ئیریک تێن هاگی ڕاهێنەری هۆڵەندی داوە.

بەگوێرەی هەواڵێكی ڕۆژنامەی مارکای ئیسپانی، ئەلنەسری سعودیە ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ تەواو کردوە بۆ ئەوەی لە مانگی یەکی داهاتودا ڕۆناڵدۆ بگرێتەوە، ئەوەش دوای کۆتایی هاتنی مۆندیالی 2022.

ئەلنەسر لەگەڵ ڕۆناڵدۆ گەیشتە ڕێککەوتنی کۆتایی، بۆ ماوەی دو وەرز و نیو گرێبەست لەگەڵ تیپەکە واژۆ دەکات، کە لە مانگی یەکی داهاتو دەست پێدەکات، بە گرێبەستێکی بێ بەرانبەر.

بەگوێرەی ڕێککەوتنی نێوان هەردولا، ڕۆناڵدۆی پورتوگالی ساڵانە موچەی تاوەكو 200 ملیۆن یۆرۆ وەردەگرێت، بۆ ئەوەی ببێتە خاوەن بەرزترین موچە لە جیهاندا، پێش کیلیان مباپێ و لیۆنێل مێسی، دو یاریزانی پاریسی فەرەنسی تێپەڕێنێت.

ڕۆناڵدۆ لە ڕێگەی ئەزمونی خۆیەوە لەگەڵ نەسڕی سعودیە، هەوڵدەدات هەژمونی تۆپی پێی خۆی بەدەستبهێنێتەوە، دوای ئەوەی ماوەیەکی زۆر دورخراییەوە لە یارییەكان لەم وەرزەدا لەگەڵ مانچستەر یونایتد.

نیشانەکردن

#کریستیانۆ