خەندان سپۆرت - زاگرۆس نانەكەلی
یەكێتی شەترەنج متمانەی بە زافر عەبدولئەمیر نوێ دەكاتەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە رێكەوتی 9-11-2022 كۆبونەوەی گشتی یەكێتی شەترەنجی ناوەندی عێراق متمانەی خۆی بە سەرۆكی فیدراسیۆنەكە زافر عەبدولئەمیر بۆ خولێكی نوێ نوێكردەوە.
سەركەوتنی عەبدولئەمیر دوای بەدەستهێنانی 62دەنگی لە كۆی 64 دەنگ هات، پۆستی جێگری یەكەم بۆ فەرحان ناسر جاسم دوای ئەوەی 64 دەنگی كۆكردەوە، عەبدولهادی مەفتول جێگری دوەم بە 62 دەنگ، هەروەها سوندس محسن حسێن تاكە خانمە وەكو ئەندام دەست نیشانكرا ودوای كۆكردنەوەی (62) دەنگ.
جێێگای ئاماژەپێكردنە هەردو داوەر و یاریزانی دێرینی كوردستان وعێراق ئەسعەد ئیسماعیل و پشتیوان ئەحمەد شێخ ئەحمەد دوای كۆكردنەوەی (48) و (42) دەنگ بونە ئەندامی یەكێتی ناوەندی شەترەنجی عێراق.
داوەری نێودەوڵەتی و ئەندامی نوێی سەركەتو بۆ ئەندامی شەترەنجی عێراق پشتیوان ئەحمەد شێخ ئەحمەد، لە لێدوانێكی تایبەت سەبارەت بە هەڵبژاردنی یەكێتی شەترەنجی عێراق گوتی : پیرۆزیایی لە سەرۆك وتێكڕایی ئەندامانی نوێی شەترەنجی عێراق دەكەم، ئومێد دەكەم بونمان بەئەندامی نوێ ببێتە هەنگاوێكی سەرەتا بۆ ئەكتیڤ بون و كارابونی شەترەنجی كوردستان وعێراق، لەم سۆنگەی دەنگی دەنگدەران بكەین بە كار و هیلاك بون بۆ ئایندەی باشتر وچاكتر، بۆیە پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەمڕۆ زۆر رون و دیار و دیموكراسی بو، نمونەیەكی سەركەوتوی وەرزش بو لە ئێستادا.
پشتیوان هەروەها گوتی : لەگەڵ برا و هاوڕێم كاك ئەسعەد دەبین بە پردی وەرزشی و ئاشتی قوڵ بۆ نێوان شەترەنج لە هەرێمی كوردستان وعێراق، بۆیە دەرچونمان ئەركی قورس و بەرپرسیاریەتیمان لەسەر شانە بۆ خزمەتی شەترەنج بەگشتی، ئومێد دەكەم بتوانین لەئاست ئەو متمانە بین وبێ جیاوازی خزمەت بكەین.