چۆن بتوانین بگه‌ینه‌ یاریگاكانى ئینگلته‌را

01:42 - 11/08/2022

1054جار خوێندراوەتەوە

خەندان سپۆرت - هه‌رێز جه‌مال - به‌ریتانیا

 

ئه‌م ناونیشانه‌ى من ده‌ینووسم ، ره‌نگه‌ لاى كه‌سانێك مایه‌ى پێكه‌نین و بۆ كه‌سانێكیش تانه‌و توانج و بۆ كۆمه‌ڵێكیش ئالوده‌بوون به‌ خوێندنه‌وه‌ى دێڕ به‌ دێڕه‌كانى بێت تاوه‌كو كۆتایی .

به‌ڵام ئه‌وه‌ى من مه‌به‌ستمه‌ ئه‌م بابه‌ته‌ شه‌یر بكه‌م بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ى هه‌وادارى سه‌رسه‌ختى وه‌رزشن و خولیایان هه‌یه‌ له‌ خه‌یاڵه‌وه‌ بچنه‌ ژیانى راسته‌قینه‌و به‌ ئامانجه‌كانیان بگه‌ن .

من پێشتر به‌هۆى پیشه‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ ( رۆژنامه‌وانى وه‌رزشیه‌ ) ئاشناى ده‌یان یاریگاى جیهانى هه‌ر له‌ كیشوه‌رى ئاسیا به‌ره‌و ئه‌فریقیا به‌ره‌و ئه‌مه‌ریكاى باشوورو دواتر گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ئه‌وروپا ، به‌لێ دیوێكى گه‌وره‌و گرنك لاى من زانیارى وه‌رگرتنه‌ له‌ نزیكه‌وه‌ له‌ مێژووى یانه‌كان ، ده‌ستكه‌وته‌كانیان پێ خسته‌ سه‌ر یاریگا مێژوویه‌كانیان .

له‌ كۆتا گه‌شتم كه‌ سه‌ردانى وڵاتى به‌ریتانیام كرد ، هه‌ڵبه‌ت من به‌داوه‌تنامه‌ى ره‌سمى ئه‌و وڵاته‌ گه‌شتم كرد به‌ فرسه‌تم زانى له‌ چوارچێوه‌ى ئه‌و كاره‌ى بۆى چووم هه‌لێك بقۆزمه‌وه‌و سه‌ردانى مێژوویترین یاریگاو مۆزه‌خانه‌كانى یانه‌كان بكه‌م .

ئه‌ڵبه‌ت بۆ من كه‌ پێناسى رێكخراوى رۆژنامه‌نووسانى جیهانم هه‌یه‌و چه‌ندین رێگه‌یش هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ى به‌و كارانه‌ بگه‌م ، به‌ڵام بۆ ئاسانترین و به‌ شێوازه‌ كلاسیكیه‌كه‌ بچمه‌ یاریگاكانى یانه‌كانى ئه‌و وڵاته‌ په‌نام برده‌ به‌ر كڕِینى ( tour tickets )كه‌ ئه‌مه‌ به‌شێكى گه‌وره‌ى بزنس و پاره‌ په‌یداكردنى خه‌زێنه‌ى یانه‌كانه‌ ،كه‌ رۆژانه‌ سه‌دان گه‌شتیار بۆ سه‌ردانیكردنى یاریگاكانى به‌ریتانیاو ئه‌وروپاو جیهان ئه‌م رێگه‌یه‌ ده‌گرنه‌ به‌ر ، به‌لێ له‌ به‌ریتانیا پلیتى گه‌ران و ئاشنابوون به‌ مێژووى یانه‌كان وبینینى یاریگاكانیان له‌ نرخى 25 پاوه‌ندى ئیسته‌رلینى بۆ 40 پاوه‌ند به‌رده‌سته‌ كه‌ زۆر كات ده‌كاته‌ 50 دۆلارى ئه‌مه‌ریكى ، كه‌ له‌ به‌شێكى زۆریان نزیكه‌ى دوو كاتژمێر تۆ به‌ ته‌واوى به‌ش به‌ به‌شى ئه‌و یاریگاو یانه‌یه‌و مۆزه‌خانه‌و كۆگاى فرۆشتنى جل و به‌رگیان ئاشنا ده‌بیت و سه‌دان وێنه‌ش ده‌چركێنیت .

هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه‌ى من باسى ده‌كه‌م چێژێكى تایبه‌تى هه‌یه‌و وه‌رزش دۆستان و هانده‌ران باش له‌و هه‌سته‌ تێ ده‌گه‌ن ، ئاشنابوون به‌و كلتورو زانیارییانه‌ زۆر مه‌زنه‌و مرۆڤ ده‌باته‌ وه‌رچه‌رخانێكى گه‌وره‌ى بیركردنه‌وه‌ ، پێشكه‌وتنى ئه‌و یانانه‌و جیاوازى وه‌رزش له‌وێ و كوردستان و عیراق ئاسمان و رێسمانى فه‌رقه‌و ده‌بێت بلێین ئێمه‌ له‌ كوردستان وه‌رزش نه‌ ده‌زانین بكه‌ین ، نه‌ لێى تێگه‌یشتووین و نه‌ پێگه‌یشتووین .