خەندان سپۆرت
یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانی لەسەرانسەری جیهاندا زنجیرەیەك چێشتخانەی هەیە، لە پێناو ئەوەی لەو رێگەیەوە داهاتی یانەكەی فراوانتر بكات.
پیپی كۆبۆی نوێنەری كۆمپانیای ریاڵ مەدرید لە ئەمریكای باشور و دەریای كاریبی كردنەوەی زنجیرەیەك چێشتخانەی لەشارەكانی لیما و پەنەما و سانتیاگۆ و بۆگۆتا لە نێوان ساڵانی 2018 و 2019 راگەیاند.
كۆبۆ ئاشكرایكردوە لەسەرەتای ساڵی ڕابردوەوە بەشێوەیەكی فەرمی و لەژێر ناوی ریاڵ مەدرید كافێ چێشتخانەكانیان كردۆتەوە و یەكەمین چێشتخانەش لە لیمای پایتەختی پیرۆ بوە.
بەپێی وتەی نوێنەرەكەی ریاڵ مەدرید نرخی تێچوی هەرشوێنێكیان نزیكەی 900 هەزار دۆلار بوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بونەتە سەرچاوەیەكی داهاتی باش بۆ یانەكە، جگە لە ساڵی 2020 كە بەهۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا زۆرینەی چێشتخانەكانیان داخستوە.
ریاڵ كافێ لە ئێستادا چەند لقێكی لەیاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆدا هەیە و لەساڵی 2014شەوە لقێكی لە دوبەی هەیە، كە ئەو كات فلۆرەنتینۆ پیرێزی سەرۆكی یانەی ریاڵ مەدرید و ئیكەر كاسیاسی گۆڵپارێزی ئەو كاتەی مێرەنگی چێشتخانەكەیان كردەوە.
پێشبینی دەكرێت دوای ئاسایی بونەوەی باردۆخی جیهان بە گشتی، ریاڵ مەدرید قازانجێكی زۆری لەو رێگەیەوە دەست بكەوێت و هێندەی دیكە داهاتی یانەكەی زیاد بكات.