مانچستەر یونایتد ڕۆناڵدۆی توشی سەرسوڕمان کرد

05:32 - 24/07/2022

7797جار خوێندراوەتەوە

خەندان سپۆرت

 

ڕۆژ لە دوای ڕۆژ مانچستەر یونایتد باوەری بە سەختی هێشتنەوەی کریستیانۆ ڕۆناڵدۆی ئەستێرەی پورتوگالی لە تیپەکەدا بۆ دروست دەبێت بۆ وەرزی داهاتو.

وە مانچستەر یونایتد پلانێکی نوێ دادەڕێژێت لە هەوڵێکدا بۆ دڵخۆشکردنی ڕۆناڵدۆ، ئەمە جگە لەوەی هەوڵدەدات مانەوەی لە ئۆڵدترافۆرد درێژ بکاتەوە.

بەگوێرەی رۆژنامەی "میرۆر"ی بەریتانی، مانچستەر یونایتد پێشوازی لە رۆیشتنی رۆناڵدۆ دەکات بە خواستن، بۆ ئەوەی یاریزانەكە بۆ وەرزی داهاتو بەشداری لە چامپیۆنزلیگ بکات، بەڵام مانچستەر یونایتد دەیەوێت گرێبەستەکەی ئێستای رۆناڵدۆ درێژبکاتەوە کە هاوینی داهاتو کۆتایی دێت، بۆ ماوەی ساڵێکی دیکە، بۆ ئەوەی ئەستێرە پورتوگالییەکە لە کۆتایی وەرزی داهاتودا بگەڕێتەوە بۆ تیپەکە.

هیوایەک بۆ مانچستەر یونایتد هەیە کە ئیریک تێن هاگ ڕاهێنەری نوێ بتوانێت جارێکی دیکە مانچستەر یونایتد بگەڕێنێتەوە بۆ چامپیۆنزلیگ، دواتر ڕۆناڵدۆ بگەڕێتەوە ڕیزەکانی شەیتانە سورەکان.

رۆژنامە بەریتانییەکە ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەو پێشنیارەی مانچێستەر یونایتد هەردو رۆناڵدۆ و خۆرخی مێندێزی بریکارەکەی توشی سەرسوڕمان کردوە، لە ژێر رۆشنایی ئەوەی ئەستێرە پورتوگالییەکە خواستی خۆی بۆ رۆیشتنی دەربڕیوە، بەڵام هێشتا بریكارەكانی "کریستیانۆ" پێشنیارەکەی یانەکەیان رەت نەکردوەتەوە.