خەندان سپۆرت
کوڕێکی ئەمریکی زیاتر لە 100 کیلۆگرام لە کێشی لەشی دادەبەزێت و دەیەوێت ببێتە پاڵەوانی جیهان، بەو هۆیەوە ناوبراو ڕاهێنانەکانی چڕ کردوەتەوە بۆ ئەوەی نازناوی پاڵەوانی جیهان لە چنگی یاریزانە گەورەکان دەربهێنێت.
بەگوێرەی هەواڵێکی ماڵپەری ڕوسیا تودەی، ئەو کوڕە ئەمریکییە ناوی لێڤی گارێت-ەو زیاتر لە 100 کیلۆگرام لە کێشی لەشی بەهۆی ڕاهێنانە وەرزشییەکان و ڕێکخستنی سیستمی ژەمە خۆراکییەکان، دابەزاندوە.
لێڤی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا لەسەر دابەزاندنی کێشی لەشی وتویەتی "نەهامەتییەکانی جەستەی لەسەرەتای قۆناغەکانی خوێندنییەوە دەستیپێکردوە، ئەوکات گۆشەگیر بوە و لەخۆبردو نەبوە، بەو هۆیەوە هاوڕێیەتی کەسی نەکردوە و مامەڵەکانی لەگەڵ هەمو کەسێکی بێگانەدا وەستاندوە".
ناوبراو ئاماژەی بەوە کردوە کە تاکو ئەو کاتەی تەمەنی گەیشتوەتە 32 ساڵ، کێشی لەشی بوەتە 185 کیلۆگرام.
گارێت کاتێک هەستی بە ناڕەحەتی و نەهامەتییەکانی کێشە زۆرەکەی لەشی کردوە کە دەستی کردوە بە کارکردن، لە ڕۆژی یەکەمی کارکردنیدا هەستی بەئازارێکی زۆری سنگی کردوە، لە ڕۆژی دوەمدا نەیتوانیوە کاربکات و لەهۆش خۆی چوە.
دوای ئەو حاڵەتە کەسە نزیکەکانی گارێت دەگەیەننە نەخۆشخانە و دوای چەندین پشکنینی پزیشکی لەلایەن ستافی پزیشک و کارمەندانی نەخۆشخانەکەوە، دەردەکەوێت ناوبراو دوچاری جەڵتەی دڵ هاتوە.
لەدوای ئەو نەخۆشیانەی توشی لێڤی ئەمریکی دەبن، ناوبراو بڕیار دەدات گۆڕانکاری ڕیشەیی لە ژیانیدا بکات و بەو هۆیەوە لەماوەی سێ ساڵدا وەرزشی بەردەوام و بەرنامەی ڕێکخستنەوەی ژەمە خۆراکەکانی ڕۆژانەی دەکاتە ئەولەویەتی کارەکانی و گرنگی تەواو بە جەستە و تەندروستی خۆی دەدات.
بەگوێرەی هەواڵی ماڵپەرە ڕوسییەکە، گارێت لەماوەی ئەو سێ ساڵەدا 104 کیلۆگرام لە کێشی لەشی دادەبەزێنێت و لەشولارێکی تەواو وەرزشییانە بنیاتدەنێت، بەو هۆیەوە لەڕۆژێکدا سەعات و نیوێک و لە هەفتەیەکدا شەش ڕۆژ ڕاهێنان دەکات.
لەئێستادا گارێت لە خۆراکی ڕۆژانەیدا سێ هەزار و 900 یەکەی خێرایی هەیە، جگەلەوەی ئامادەکاری کردوە بۆ ئەوەی بەشداری لە پاڵەوانێتی بردنەوەی نازناوی یاری لەشجوانی بۆ کێشی 90 کیلۆگرام بکات.