ڤیدیۆ.. کچێکی تەمەن 15 ساڵ خاوەنی توانایەکی سەرسوڕهێنەرە

05:20 - 18/05/2022

2048جار خوێندراوەتەوە

خەندان سپۆرت

 

کچێکی ئیسپانی تەمەنی 15 ساڵە و تائێستاش خاوەنی هێز و توانایەکی لە ڕادەبەدەرە، بەجۆرێک دەتوانێت بەردی قەبارە گەورە و زەبەلاح بە کێشی زیاتر لە 80 کیلۆگرام بەرزبکاتەوە.

ئەو کچە ناوی (ئۆدانی ئۆستۆلازا)یەو خەڵکی هەرێمی باسکی سەر بە ئیسپانیایە، بەهۆی هێز و توانا لە ڕادەبەدەرەکەیەوە بوەتە جێی سەرنجی میدیاکان و بەشێکی زۆری تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی، چونکە تەمەنی 15 ساڵە و وەک پاڵەوانێکی پێگەیشتو دەردەکەوێت.

ئۆدانی دەتوانێت بەردی قەبارە گەورە و زەبەلاح بەرزبکاتەوە و هێز و تواناکانی بخاتەگەڕ، هەندێکیان کێشیان لەسەرو 80 کیلۆگرامەوەیە، ئەوەش وایکردوە لە تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی ستایشی زۆری بکرێت و بەچاوی سەرکەوتنەوە تەماشای چالاکییەکانی بکرێت.

بەرزکردنەوەی قورسایی و بەردە گەورە و زەبەلاحەکان وەک وەرزشێکی کۆنی ئیسپانییەکان هەژماردەکرێت، بەتایبەت لای خەڵکی هەرێمی باسک هاوشێوەی وەرزشێکی گوندنشینان تەماشا دەکرێت و خەڵکانێکی زۆر بەرجەستەی دەکەن.

ئۆستۆلازا لە تەمەنی حەوت ساڵییەوە ڕاهێنان دەکات و ئەو وەرزشە بەرجەستە دەکات، بەجۆرێک بەرزکردنەوەی بەردە گەورەکان وەک خولیایەک تێکەڵی خوێنی بوە و بەنیاز نییە دەستبەرداری ئەو وەرزشە ببێت.

ناوبراو ناوی لەنێو بەهێزەکاندا بەئاوی زێڕ نوسیوەتەوە، چونکە گەورەترین بەردی بە تەمەنێکی بچوکەوە بەرزکردوەتەوە کە کێشی 85 کیلۆگرام بوە.