منداڵێکی تەمەن 11 ساڵان پاڵەوان و زانایان سەرسام دەکات

05:27 - 31/03/2022

4916جار خوێندراوەتەوە

خەندان سپۆرت

 

منداڵێکی ڕوسی بەهۆی جوڵە خێرا و ناوازەکانییەوە دەبێتە جێی سەرنجی بەشێک لە وەرزشکارە پاڵەوانەکانی جیهان و هەندێک لە زانایانیش بە سەرسامییەوە باس لە توانا و بەهرەکانی دەکەن.

ئەو منداڵە ناوی نیکیتا کاسانیۆڤە و خەڵکی ڕوسیایە و تەمەنی 11 ساڵە، هەندێک لە وەرزشکاران و پاڵەوانانی یاری بۆکسێن، بەجۆرێک ناوزەندی دەکەن کە لە بروسکەی تیشکەکان خێراترە.

ئەوەی لەو گرتە ڤیدیۆییەدا دەیبینن کۆکراوەیەکی کەمە لە کار و چالاکییەکانی نیکیتا و بەردەوام و ڕۆژانە سەرقاڵی ڕاهێنانە بۆ ئەوەی ببێتە پلە یەکی هەمو جیهان و لوتکە بەرنەدات.

لە دیمانەیەکی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ یەکێک لە کەناڵەکانی ڕوسیا باوکی دەڵێت "نیکیتا بەردەوام سەرقاڵی ڕاهێنانە و عاشقی یاریی بۆکسێنە، ئەو بەهیچ جۆرێک بەهۆی ڕاهێنانە قورسەکانیەوە دوچاری پێکان نابێت و بەوردی ئەرکەکانی جێبەجێدەکات، چونکە دەیەوێت ببێتە یەکەمی هەمو جیهان و بۆ هەتایە ناوی بمێنێتەوە".

خێرایی جوڵەکانی نیکیتا و بەرجەستەکردنی بەشێوەیەکی ورد و زیرەکانە، وایکردوە شارەزایان و بینەران بەسەرسامییەوە لێی بڕوانن، چونکە بەشێک لە ڕاهێنانەکانی لە هۆڵێکی تاریکدا ئەنجام دەدات و چاوەکانی دەبەستێت.

لەلایەکی دیکەوە لە هۆڵەکانی لەشجوانیدا ڕاهێنانی بەرزکردنەوەی قورسایی دەکات و لە هەمانکاتدا پێیەکانی لەسەر زەوی دابڕیوە و لەسەر سکۆتەرێکی دوو تایی ئەنجامیان دەدات، کە ئەوە وادەکات هێزێکی زۆر و هەم سەلیقیەکی زیاتری بوێت بۆ ئەوەی جەستەی باڵانس بێت و لەکاتی ڕاهێنانەکەدا نەکەوێت.

سەرەڕای بچوکی تەمەنی، بەڵام نیکیتا کاسانیۆڤ زۆر بەهێزە و لەتوانایدایە هاوشێوەی پاڵەوانەکان کێشی زۆر بەرزبکاتەوە و ڕاهێنانی قورس ئەنجام بدات.

ناوبراو لە تەمەنی شەش ساڵییەوە سەرقاڵی ڕاهێنانە و ڕۆژانە دوای هاتنەوەی لە خوێندنگا بۆ ماوەی دو كاتژمێر ڕاهێنان دەکات، لە پشوەکانیشیدا دو جار ڕاهێنان دەکات لە ڕۆژێکدا.

نیشانەکردن

#جیهان