چەند نهێنییەک لەسەر ژیانی بروس لی ئاشکرادەكرێت

05:26 - 01/03/2022

7680جار خوێندراوەتەوە

خەندان سپۆرت

 

دوای 49 ساڵ لە مردنی، چەند نهێنیەک لەسەر بروس لی ئەکتەرو وەرزشکار ئاشکرادەبێت و یەكێک لەو هاوڕێ دێرینانەی بەردەوام لەگەڵیدا بوە باس لە ژیانی پشتی کامێراکان دەکات.

زۆرێک لە جیهاندا تائێستاش پرسیاری ئەوە دەکەن ئایا دور لە چاوی کامێراکان و لەژیانی ڕاستەقینەدا هێز و تواناکانی بروس لی لە چ ئاستێکدا بوە؟ لەو سەروبەندەدا جیم کیلی یەکێک لە پاڵەوانەکان و هاوڕێی بروس لی وەڵامی چەند پرسیارێک دەداتەوەو چەند نهێنییەک لەسەر ژیانی ئەو کوڕە چینییە ئاشکرادەکات.

جیم کیلی لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردودا پاڵەوانی جیهان بوە لە کاراتێدا، سەبارەت بە بروس لی دەڵێت "من شاهێدی بروس لیم لە دەرەوەی کامێراکان، هەمو جارێک دەڵێم چانسم هەبوە کە لە سەردەمێکدا ژیاوم بەهێزترین پاڵەوانم لەسەر ئاستی جیهان ناسیوە، من لە ژیانی خۆمدا زۆر پاڵەوانم ناسیوەو ڕاهێنانم لەگەڵ ئەنجام داون و ڕوبەڕوی زۆرێکیشان بومەتەوە، بەڵام هیچ کامیان هاوتای بروس لی نەبون، بەڕاستی پاڵەوانێکی بێ وێنە بو".

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا کیلی پاڵەوان جەخت لەوە دەکاتەوە کە تواناکانی بروس لی سنورەکانی تێپەڕاندبو بەتەواوەتی جیاواز بو، ئاماژەی بەوەشکردوە کە هەندێک کەس تائێستاش لەبارەی بروس لی-یەوە زۆر نازانن و بەتواناکانی ئاشنا نەبون.

ئەو پاڵەوانەی پێشوی جیهان لە درێژەی قسەکانیدا وتویەتی "من وەک ئەکتەرێک باسی بروس لی ناکەم، بەڵكو وەک پاڵەوانێک یان جەنگاوەرێک باس لە تواناکانی دەکەم، ئەو کەسێک بو لە بوارەکەی خۆی تێگەیشتبو".

ناوبراو ئاماژە بەوە دەکات کە ئاشنایە بە چیرۆکەکەی بروس لی بۆیە بەو جۆرە ناوزەندی دەکات، ئەگەرنا ڕێزی زۆری بۆ هەمو پاڵەوانەکانی دیکە هەیە، هەربۆیە بەپێویستی نازانێت ناوی هیچ یەکێک لەوان بهێنێت.

جیم کیلی باسی ئەوەشدەکات "هەرکەسێک بەر بروس لی نەکەوتبێت و لە نزیکەوە ئاشنای نەبوبێت، ناتوانێت بەتەواوەتی لە تواناکانی تێبگات، چونکە خێرایی جوڵەکانی و بەکارهێنانی تەکنیکەکانی لە سنور دەرچوبون، قورسە بۆ کەسێک تاکو لە نزیکەوە نەبێت بزانێت ئەو کوڕە چینییە چۆن بوە".

زۆرێک باس لەوە دەکەن کە بروس لی بۆیە بەشداری هیچ پاڵەوانێتیەکی نەکردوە لەبەرئەوە بوە کە نەیتوانیوە توانا تەکنیکییەکانی لە ژیانی ڕاستەقینەدا بەرجەستە بکات
ئەو پاڵەوانە لە کۆتایی قسەکانیدا دەڵێت "زۆرێک باس لەوە دەکەن کە بروس لی بۆیە بەشداری هیچ پاڵەوانێتیەکی نەکردوە لەبەرئەوە بوە کە نەیتوانیوە توانا تەکنیکییەکانی لە ژیانی ڕاستەقینەدا بەرجەستە بکات، بەڵام ئەو بۆچونە هەڵەیەو بنەمایەکی زانستی نییە، چونکە زۆرێک بونەتە پاڵەوان و مامۆستای ڕاهێنانەکانیشیان بروس لی بوە".
 
جیم کیلی یەکێک بوە لەو یاریزانانەی لە بواری کارتێدا زۆرترین نازناو و میدالە جیهانییەکانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوی بردوەتەوە، لە ساڵی 1971یشدا نازناوی پاڵەوانی جیهان بەدەستدەهێنێت.
 
کیلی لەگەڵ بروسلیدا بەشداری فیلمی (Enter the dragon) دەکات و وەک یەکێک لە ئەکتەرە سەرەکیەکان ڕۆڵ دەبینێت

ئەو ئەکتەرەی فیلمە ئەکشنەکان لە تەمەنی گەنجییەوە ڕوو لە ئەمریکا دەکات و ڕەگەزنامەی ئەمریکا بەدەستدەهێنێت، بەو هۆیەوە لە ویلایەتی کالیفۆڕنیا ژیان بەسەردەبات.

بروس لی لە 27ی ئۆکتۆبەری 1940 لە هۆنک کۆنگی چین لەدایکبوەو لە حوزەیرانی 1973 لەڕوداوێکی گوماناویدا مردوە، بەهۆی توانا بێ سنورییەکانیەوە نازناوی (ئەژدیهای بچوک)ی وەرگرتوە.

جیم کیلی و بروس لی

 

نیشانەکردن

#جیهان