رۆناڵدۆی دیاردە: بەرشەلۆنە بۆ یاریزانە بەرازیلیەكان خراپە

04:27 - 13/01/2022

3458جار خوێندراوەتەوە

خەندان سپۆرت

 

رۆناڵدۆی ئەستێرەی پێشوی هەڵبژاردەی بەرازیل باس لە دۆخی یاریزانە بەرازیلیەکان لە یانەی بەرشەلۆنە دەکات و ئاشکرای دەکات کە ئیدارەی ئەو یانەیە نازانێت مامەڵەیەکی باش لەگەڵ یاریزانانی وڵاتەكەیدا بكات.

لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ماڵپەری "ئی سپۆرت ئینترافیتۆ"ی بەرازیلی رۆناڵدۆی دیاردە دەڵێت: "ئیدارەی یانەی بەرشەلۆنە نازانێت مامەڵەیەکی باش لەگەڵ یاریزانە بەرازیلییەکاندا بکات، هەربۆیە ئەستێرەکانی سامبا بە درێسی یانەی ریاڵ مەدریدەوە ئاسودەترن".

لە بەشێکی دیكەی قسەکانیدا ئەو یاریزانە تەمەن 45 ساڵە باس لەوە دەکات لەگەڵ یانەی ریاڵ مەدرید نێوانی باشترە، سەرەڕای ئەوەی ساڵێکی باشی لە یانەی بەرشەلۆنە بردوەتەسەر، بەڵام دەڵێت کە لەکۆتاییدا بە خراپترین کاتەکانیدا لە بلاوگرانا گوزەری کردوە، سەرەڕای ئەوەش بەرشەلۆنە یانەیەکی گەورەیە و شارێکی جوانیان هەیە.

ناوبراو بۆ ئەو ماڵپەرە وتوشیەتی "نەیمار دا سیلڤاش بە هەمان شێوە مامەڵەیەکی خراپی لەگەڵدا کراوە بۆیە ریزەکانی بلاوگرانای بەجێشتوە، لەپێشتریشدا رۆماریۆ و رۆناڵدینیۆمان بینیوە لە بەرشەلۆنە چییان کردوە، بەڵام لەبەرانبەردا چۆن مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە، لە چەند رۆژی رابردوشدا بینیتان كۆتینیۆ یانەكەی جێهێشت".

رۆناڵدۆ دالیما لە وەرزی 1996-1997 بەدرێسی یانەی بەرشەلۆنەوە یاریی کردوەو دواتر لە ساڵی 2002-2007 بەدرێسی ریاڵ مەدریدەوە درێژەی بەژیانی وەرزشی خۆیداوە.