ڤیدیۆ.. ریاڵ مەدرید خۆی گەیاندە یاریی كۆتایی جامی سوپەری ئیسپانیا

12:39 - 13/01/2022

3593جار خوێندراوەتەوە

خەندان سپۆرت

 

لە ركابەرییەكانی جامی سوپەری ئیسپانیا و لە قۆناغی پێشكۆتایی ئەو پاڵەوانێتیە، یانەی ریاڵ مەدرید و بەرشەلۆنە لە سعودیە ڕوبەروی یەكتربونەوەو یارییەكەش بە سودی یانەی ریاڵ مەدرید كۆتایی هات و مێرەنگی خۆی گەیاندە یاریی كۆتایی جامی سوپەر.

 

لە نیوەی یەكەمی یارییەكەو لە خولەكی 25 ڤینیسیۆس جۆنیۆر گۆڵی پێشكەوتنی بۆ یانەی ریاڵ مەدرید تۆماركرد، بەڵام لە خولەكی 41 لوك دی یۆنگ ئەنجامەكەی بۆ بەرشەلۆنە یەكسان كردەوەو نیوەی یەكەمی یارییەكەش بەو ئەنجامە كۆتایی هات، لە نیوەی دوەم و لە خولەكی 72 كەریم بێنزیما گۆڵی دوەم و پێشكەوتنی بۆ یانەی ریاڵ مەدرید تۆماركرد، هێندەی نەبرد كە ئانسۆ فاتی ئەنجامەكەی بۆ بەرشەلۆنە هاوتا كردەوەو كاتی یاسایی یارییەكە بە ئەنجامی 2-2 گۆڵ كۆتایی هات.

 

لە كاتی زیادكراوی یارییەكەو لە خولەكی 98 فیدریكۆ ڤاڵڤێردی گۆڵی سێیەم و پێشكەوتنی بۆ یانەی مێرەنگی تۆماركرد و یارییەكەش تاكو كۆتا خولەكی كاتی زیادكراو بەو ئەنجامە ماییەوە، بەم بردنەوەیەش یانەی شاهانە خۆی گەیاندە یاریی كۆتایی پاڵەوانێتیەكەو چاوەڕێی براوەی یارییەكەی ئەتلەتیكۆ مەدرید و ئەتلەتیك بلباو دەكات كە سبەینێ روبەڕوی یەكتر دەبنەوە.