کازۆی تەمەن 55 ساڵ وازناهێنێت

02:30 - 02/01/2022

4183جار خوێندراوەتەوە

خەندان سپۆرت

 

ئەفسانەی تۆپی پێی ژاپۆنی کازۆیوشی میورا کە نازناوی "پادشا کازۆ"ی هەیە، ئەمرۆ یەکشەممە لە تەمەنی 55 ساڵیدا گەڕانەوەی خۆی بۆ نێو یاریگاكان ڕاگەیاند.

ئەو یاریزانە جەختیكردەوە کە گەیشتۆتە ڕێککەوتنێک بۆ یاریکردن بۆ یانەی سوسوکا پۆینت گیتارس کە لە خولی  پلە چوارەمی ژاپۆندا یاریی دەکەن، كە ئەو تیمە لە لایەن برا گەورەكەیەوە سەرپەرشتی دەکرێت.

میورا بە میدیا ناوخۆییەکانی وڵاتەكەی وت: "تیمەکە 100٪ لەگەڵ خواستەکانمدایە" و ئاماژەی بە خواستی خۆی کرد کە بەردەوام بێت لە یاریکردن تاكو تەمەنی 60 ساڵی.

میورا کە لە مانگی شوباتدا تەمەنی دەبێتە 55 ساڵ و یەكێكە لە بەناوبانگترین یاریزانە ئاسیاییەکانی ساڵانی 1990، كە لە ساڵی 1986 دەستی بە ژیانی پیشەگەری خۆی كرد لەگەڵ یانەی سانتۆسی بەرازیلی.

ئەو یاریزانە لە 89 یاریدا 55 گۆڵی بۆ ژاپۆن تۆمارکردوەو لە جامی جیهانی 1998ی فەرەنسا کۆتایی بە یاركردنی خۆی بۆ سامورای هێنا.

نیشانەکردن

#جیهان