ئیبراهیمۆڤیچ كەسایەتی گواردیۆلا لەكەدار دەكات

12:26 - 27/12/2021

4334جار خوێندراوەتەوە

خەندان سپۆرت

 

زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچی سویدی و هێرشبەری یانەی ئەی سی میلانی ئیتاڵی هێرشدەكاتە سەر پیپ گواردیۆلای راهێنەری مانچستەر سیتی و پێی وایە ئەو ڕاهێنەرە وەك پیاو مامەڵە ناكات.

زڵاتان لەوەرزی 2009 – 2010 یاریی بۆ یانەی بەرشەلۆنە دەكرد و لەو كاتەشدا گواردیۆلا راهێنەری بلاوگرانا بو، دوای كۆتایی هاتنی نیوەی یەكەمی وەرزكە گواردیۆلا پلانەكانی گۆڕی و زڵاتانی خستە خزمەتی مێسییەوە، بەوەش ناكۆكی كەوتە نێوان راهێنەرە ئیسپانییەكە و هێرشبەرە سویدییەكە.

زڵاتانی تەمەن 40 ساڵ لە لێدوانێكدا بە تۆڕی سكای سپۆرتی ئیتاڵی راگەیاندوە لەماوەی شەش مانگی یەكەمدا  گۆڵی زۆرم تۆماركرد و دو جامی سوپەرمان بردەوە، دواتر پەیڕە و تەكتیك گۆڕانكاری بەسەرداهاتو هیچ یەكێك لەوانەش لەبەرژەوەندی من نەبو.

هێرشبەرە سویدیەكە وتوشیەتی لەسەر رێنمایی ئیدارەی یانەكە گفتوگۆم لەگەڵ گواردیۆلا كردو پێم راگەیاند لەپێناوی مێسی-دا قوربانی بەچەند یاریزانێك داوە، دوابەدوای ئەو گفتوگۆیە من بومە میوانی كورسی یەدەگ و نە سەیری دەكردم و نە گفتوگۆی لەگەڵدا دەكردم.

زڵاتان دەشڵێت: "گواردیۆلا راهێنەرێكی پێگەیشتو نەبو، لەبەر ئەوەی پیاوی راستەقینە روبەڕوی كێشەكان دەبێتەوەو هەوڵی چارەسەكردنی دەدات، بەڵام گواردیۆلا ئەو كارەی نەكرد".