بە رێكەوت مێسی ڕزگاری بوە

04:52 - 02/12/2021

12936جار خوێندراوەتەوە

خەندان سپۆرت

 

ئەگەر لیۆنێل مێسی روی لەیانەیەکی دیكە بکردایەو درێسی کەتەلۆنییەکانی نەپۆشیبایە، ئەوا چارەنوسی وەک ئێستا نەدەبو، رەنگە گۆڕانکارییەکان بەشێوەیەکی دیكە بونایە.

رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی نهێنییەکی مێسی ئاشکرادەکات، کە مێژوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2005، ئەوکات یانەی قادیشی ئیسپانی نزیکبوە لەوەی بۆند لەگەڵ مێسی-دا ئیمزابکات، بەڵام لەو ساڵەدا بەهۆی ئەنجامە خراپەکانیەوە دادەبەزێت بۆ پلەی دوی ئەو خولە.

هەمان سەرچاوە باس لەوەشدەکات ئیدارەی یانەی قادیش هەلی ئەوە دەقۆزنەوە ئەوکات مێسی لەسەر کورسی یەدەک بوەو جێی متمانەی یانەکەی نەبوە، چونکە هێرشبەرانی وەک رۆناڵدینیۆ و ئیتۆ و دیکۆ لە هێڵی پێشەوەی یانەکە ئاستێکی بەرزیان پێشکەش دەکرد.

ئەوکات فرانک ریکاردی راهێنەری بلاوگرانا لەگەڵ بەرپرسانی یانەکەیدا دەجەنگێت بۆ ئەوەی قایلیان بکات مێسی بهێڵنەوەو دەستبەرداری نەبن، چونکە دەیزانی ئاییندەیەکی گەشی دەبێت، بەڵام بەرپرسانی یانەکە سورن لەسەر ئەوەی مێسی بفرۆشن، بەڵام لە چانسی خۆیان و لە چانسی مێسی-ش یانەی قادیش لەو ساڵەدا بۆ پلەدوی خولەکە دادەبەزێت و پرۆسەی گواستنەوەی کێچە ئەرژەنتینییەکە بۆ ئەو یانەیە کۆتایی دێت.

مێسی وەک یەکێک لە باشترین یاریزانەکانی مێژوی تۆپی پێ هەژماردەکرێت و لەگەڵ بلاوگرانا چوار نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپای بەدەستهێناوەو دواتر ڕوی لە یانەی پاریس سان جێرمان كرد، لە دەستکەوتە کەسییەکانیشدا 7 جار خەڵاتی تۆپی ئاڵتونی بەدەستهێناوە.

لەکۆتایی هەواڵەکەیدا ئەو رۆژنامەیە باسی لەوە کردوە مێسی بەهۆی دابەزینی ئەو یانەیەوە رزگاری بوە، چونکە پێدەچو ئەو مێژوە پرشنگدارەی ئێستای نەبوایە.

نیشانەکردن

#مێسی