براوەكانی خەڵاتی باڵۆن دۆری ساڵی 2021

12:33 - 30/11/2021

2889جار خوێندراوەتەوە

خەندان سپۆرت

 

لە رێورەسمێکی تایبەتدا لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا، لەسەر شانۆی دو چێتێلیتی خەڵاتەكانی گۆڤاری فرانس فوتبۆڵ بۆ براوەكانی ساڵی 2021 دابەشكران.
 
كە تێیدا لیۆنێل مێسی بوە براوەی باڵۆن دۆری ساڵی 2021 و لیڤاندۆڤسکی وەك باشترین هێرشبەری ساڵ و جیانلۆجی دۆنارۆما، گۆڵپارێزی پاریس سانجێرمان بوە باشترین گۆڵپارێزو خەڵاتی یاشینی پێدرا، هەروەها پێدری یاریزانی بەرشەلۆنە بە باشترین  باشترین یاریزانی لاو دیاریكراو خەڵاتی كوپای پێدرا، یانەی چێڵسی ئینگلیزیش بە باشترین  یانەی ساڵ دیاریكرا، خانمە یاریزانی یانەی بەرشەلۆنەش ئالیكسیا پوتێیاس خەڵاتی باڵۆن دۆری پێدرا.
 
بەپێی ریزبەندییەکەی گۆڤاری فرانس فوتبۆڵ، لە یەكەم تا دەیەم بەمشێوەیە بو..
 1. مێسی - پاریس سان جێرمان
2. لیڤاندۆڤسکی - بایەرن میونشن
 3. جۆرجینیۆ - چێڵسی
 4. کەریم بنزیما - ریال مەدرید
 5. کانتی - چێڵسی
 6. کریستیانۆ رۆناڵدۆ - مانچێستەر یونایتد
 7. محەممەد سەڵاح - لیڤەرپووڵ
 8. کێڤین دی برۆین - مانچێستەر سیتی
 9. کلیان مباپێ - پاریس سان جێرمان
 10. دۆنارۆما - پاریس سان جێرمان
 
 شێوازی دەنگدانەكە.. 
لەسەرتاسەری جیهاندا 180 ڕۆژنامەنوسی فیفا دەنگ بۆ هەڵبژاردنی براوەی بالۆن دۆر دەدەن

ڕۆژنامەنوسان لیستێک لە ناوی 5 یاریزان ڕێکدەخەن و 6 خاڵی بۆ یەکەم یاریزان و 4 خاڵی بۆ دوەم و سێیەم 3 خاڵ و چوارەم دو خاڵ و پێنجەمیان خاڵێك وەردەگرێت بە پێی ڕیزبەندییەكە.

ئەو یاریزانەی زۆرترین خاڵی هەیە دەستنیشان دەکرێت و تاجی خەڵاتەکەی بۆ دانراوە، ئەگەر دو یاریزان لە خاڵدا یەكسان بون ئەوەیان دەبێتە براوەی باڵۆن دۆر كە زۆرترین جار ناوی لە یەكەمی ریزبەندی دەنگدانەكە نوسراوە.

خەڵاتی باڵۆن دۆر لە 1956ەوە لەلایەن گۆڤاری فرانس فوتبۆڵەوە دەدرێتە باشترین یاریزان، سەرەتا باڵۆن دۆر لە ساڵی 1956 تاوەکو 1995 تەنیا دەدرایە یاریزانەکانی کیشوەری ئەوروپا، دوای ئەوە لە 1995 تاوەکو 2007 خەڵاتەکە گۆڕانکاریی تێدا کرا و درایە ئەو یاریزانانەی جیهان کە لە کیشوەری ئەوروپا یارییدەکەن، لە 2007 گۆڕانکارییەکی ریشەیی تێدا کرا و خەڵاتەکە تایبەتکرا بە یاریزانانی هەمو جیهان.
 
هەروەها ئەم خەڵاتە بە هاوبەشی لەگەڵ فیفا لە نێوان ساڵانی 2010 و 2015دا دەداریە باشترین یاریزانی جیهان، بەڵام لە ساڵی 2016 هەڵوەشێندرایەوە.

نیشانەکردن

#جیهان