بەرشەلۆنە زۆر نزیكە لە یەكەم گرێبەستی مێركاتۆی زستانە

04:06 - 25/11/2021

9721جار خوێندراوەتەوە

خەندان سپۆرت

 

یانەی بەرشەلۆنە نزیکە لە گواستنەوەی یاریزانێك لە مێركاتۆی زستاندا لە پێناو زیاتر بەهێزكردنی ریزەكانی یانەكەی.
 
ڕۆژنامەی سپۆرتی كەتەلۆنی لەڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوەکردوە کە بەرپرسانی یانە ئیسپانیەكە زۆر نزیكن لە بەدەستهێنانی تواناكانی هێرشبەری یانەی ئێف سی بازلی سویسری ئارسەر كابراڵ.
 
ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی ئاشكراكردوە كە گرێبەستەكەی کابراڵ لە هاوینی 2023 گرێبەستەكەی بەسەر دەچێت، بەرپرسانی بازلیش لاریان نییە لە فرۆشتنی ئەو یاریزانە و گفتوگۆكانیان لەگەڵ بەرشەلۆنە بە نەرمی بەڕێوە دەچێت.
 
ڕۆژنامەکە ئەوەشی ئاشكراكردوە هەرچەندە خەزێنەی بارسا لەبەر خراپتربونی باری ئابوری یانەکە لە دۆخێكی ناهەمواردایە، بەڵام پێشبینی دەکرێت بڕی 15 تا 20 ملیۆن یۆرۆ تێچوی گواستنەوەی ئەو یاریزانە بێت.
 
کابراڵ لە سەرەتای ئەم وەرزەوە سەرنجی تیتی ڕاهێنەری هەڵبژاردەی بەرازیلی بۆ خۆی ڕاكێشاو بەو هۆیەشەوە لە لایەن راهێنەری هەڵبژاردەی بەرازیلەوە بانگهێشت كرا، كە توانیوێتی لە 24 یاریی بۆ یانەكەی 13 گۆڵ تۆماربكات و 8 گۆڵیش بۆ هاوڕێكانی دروست بكات.
 
سپۆرت ئاماژەی بەوەدا کە کابراڵ بەهێزی جەستەیی بوەتە مۆتەكەی ركابەرەكانی لە ناو هێڵی سزادا و بە هەردو پێی ڕاست و چەپی گۆڵ تۆمار دەكات، بەهۆی گرنگی شێوازی یاریكردنییەوە بوەتە جێگەی سەرنجی چاڤی هێرناندێزو دەیانەوێت بەرەو كامپ نۆ بیگوازنەوە.