خەندان سپۆرت
گارث ساوسگەیت ڕاهێنەری ئینگلتەرا ستایشی ئەدای بلیمەتی کاپتنی تیمەكەی هاری کەین کرد کە لەنیوەی یەکەم یارییەكەیان بەرانبەر ئەلبانیا سێ گۆڵی تۆمارکرد.
بە تۆماركردنی ئەم هاتریكە هاری کەین ژمارەی گۆڵە نێودەوڵەتیەكانی گەیاندە 44 گۆڵ،
هەروەها بوە یەکەم یاریزانی ئینگلیزی، لە ماوەی زیاتر لە 100 ساڵدا، کە لە ماوەی ساڵێکدا دوجار زیاتر لە 10 گۆڵ بۆ وڵاتەکەی تۆمار دەکات.
تەنیا گاری لینکەر بە (48 گۆڵ)، بۆبی چارڵتۆن بە (49) و وەین رۆنی بە (53 گۆڵ) لەپێش ئەم هێرشبەرە تەمەن 28 ساڵەوەن، کە ئەگەر لە پێكان دور بکەوێتەوە، وا دەردەکەوێت ببێتە گۆڵکەری یەكەمی مێژویی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا.
ساوسگەیت وتی: "پێم وایە هاری زۆر باشی کردوە كە وەك هێرشبەری قسەی خۆی كردو یارییەکی نایابی ئەنجامدا".
ئەو راهێنەرە وتیشی: "نیوەی یەکەم زۆر باش بو، و زۆر قورس، ئێمە ئەو کارەمان نەکرد کە دەبێت بەرانبەر هەنگاریا بکەین، بەڵام ئەمڕۆ توانیومانە نزیک بینەوە لە گەیشتن بە جامی جیهانی".
لە بارەی نزیكبونەوەیان لە گەیشتن بە جامی جیهانی هاری كەین وتی:"هەرکاتێک دەرفەتەکانم دەست بکەوێت، هەست دەکەم کە گۆڵ دەکەم، ئێمە چاوەڕێی ئەوە بوین کە بە توندی هێرشەكانمان ئەنجام بدەین بە درێژایی یارییەکە، نەک تەنیا لە ناو هێڵی سزا یان کاتێک هێرشەکان تەواو بون، ئێمە ویستمان شەوێکی سەخت بێت بۆ ئەوان، بۆ ئەوەی نیشانی هەواداران و جیهان بدەین کە ئێمە توانای چیمان هەیە و پێم وایە ئەوەشمان کرد".
ئەو هێرشبەرەی تۆتنهام وتیشی: "هەرچی زیاتر گۆڵ تۆما دەکەم، زیاتر یەکلاکەرەوە دەبێت و کاتێک پێچەوانەکەی ڕو دەدات، کاریگەری و یەکلاکەرەوەکە لە دەست دەدەم، ئەمە بەشێکی دانەبڕاوە لە هێرشبەربون، گرنگترین شت ئەوەیە کە ئێمە وەک تیمێک بەرەو پێشەوە دەچین".