ڤیدیۆ.. وەزیرێکی ئێران دەبێتە یاریزانی "دوگۆڵی دەست"

03:43 - 09/11/2021

956جار خوێندراوەتەوە

خەندان سپۆرت

 

یەکێک لە وەزیرەکانی کابینەی ئێستای حکومەتی ئێران دەبێتە یاریزانی یارییەکی کلاسیکی "دو گۆڵی دەست"، بەو هۆیەوە زومی کامێراکانی ڕۆژنامەنوسان لەخۆی کۆدەکاتەوە.

بەشێک لە میدیاکانی ئێران گرتەی ڤیدیۆیی دیمەنی یارییکردنی عیسا زراع پور وەزیری پەیوەندییەکانی ئێران و سەرۆکی کۆمپانیای (همراه أول) بۆ کاروباری پەیوەندییەکان بڵاودەکەنەوە، تێیدا ناوبراوان سەرقاڵی ئەنجامدانی یارییەکانی تۆپی پێن لەسەر مێز کە بە دوگۆڵی دەست ناسراوە.

یەکەمجارە ئەو وەزیرە سەردانی ئەو کۆمپانیا گەورەیەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکان دەکات و کۆبونەوەیەکی ناڕەسمی لەگەڵ سەرۆکی کۆمپانیاکەدا ئەنجام دەدات، بەڵام دیمەنەکانیان بوەتە باسی گەرمی سۆشیاڵ میدیا بەگشتی.

بەشێک لە میدیاکانی ئێران ئاماژەیان بەوە کردوە کە بەڕەزامەندی و لەسەر داوای هەردوکیان، ڕۆژنامەنوسان بۆ ئەو کۆبونەوە ناڕەسمییە بانگهێشتکراون.

هەمیشە کەسایەتییە سیاسییەکان و دیارەکان لە هەر وڵاتێکدا کە خۆشترین کاتەکانیان بەسەردەبەن، دەبنە مایەی سەرنجی خەڵکی وڵاتەکەیان و دەستبەجێ وێنە و گرتەی ڤیدیۆییەکەیان بە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاودەبێتەوە، هەربۆیە وەزیرەکەی ئێرانیش بەو جۆرە گرتەی ڤیدیۆییەکەی بڵاوبوەتەوە.

دوگۆڵی دەست بە چەند ناوێک دەناسرێتەوە، بە ئینگلیزی پێیدەوترێت (Table football) یان (Baby Foot) یان (Foosball)، ئەو یارییە بریتییە لە بەرجەستەکردنی بەشێکی بچوک لە یارییەکانی تۆپی پێ لەسەر مێز.

یاساکانی یارییەکە بەجۆرێکە کە تەنها دو کەس یان چوار کەس دەتوانن یاریی بکەن و دابەشدەبن بەسەر دو بەرەی دژبەیەکدا، کەسێکیان دو دەسکی سەر یارییەکە دەگرێت و هێڵەکانی بەرگری و گۆڵچی بەڕێوەدەبات و بەرپرسە لێی، بەشداربویەکی دیکە هێڵەکانی ناوەند و هێرشبەر بەڕێوەدەبات.

ئەگەر تەنها دو کەس ڕکابەرییەکە ئەنجام بدەن ئەوکات هەر یەکێکیان بەرپرس دەبێت لە کۆنترۆڵکردنی هەمو هێڵەکانی ناو مێزی یارییەکە.