خەندان سپۆرت
بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەوانی یۆڤانتۆس کاردەکات بۆ ڕزگاربون لە یەکێک لە یاریزانانی تیپەکە لە ماوەی گواستنەوەی زستانی داهاتو.
بە پێی هەواڵێكی پێگەی كاڵچیۆ مێرکاتۆ ڕۆژەکانی ئارۆن ڕامسی یاریزانی یانەی یۆڤانتۆس لەناو تیمەکەدا بەرەو كۆتایی دەچێت و تواناكانی ئەو یاریزانە لە دەرەوەی پلانەكانی ڕاهێنەر ماسیمیلیانۆ ئالیگریە.
ڕامسی لەساڵی 2019 پەیوەندی بە یۆڤانتۆسەوە كردوەو ڕوبەڕوی چەندین گرفت بوەتەوە لە قایلکردنی بیانكۆنێری بە تواناکانی، چونكە ئەو یاریزانە بەهۆی پێكانە بەردەوامەكانییەوە نەیتوانیوە ئاستی ڕاستەقینەی خۆی پێشكەش بكات و یاوەری یاریزانانی تیمەكەی بكات.
ئەلیگری زیاتر لە جارێک هەوڵیدا سود لە تواناكانی ڕامسی وەربگرێت، بەڵام کێشەی جەستەیی ڕێگربو لەبەردەم ئەو یاریزانەدا، لە ماوەی یەک مانگ و نیودا تەنیا لە شەش خولەکدا بەشداری لە یارییەكاندا كردوە.
كاڵچۆ مێركاتۆ ئاشكرایكردوە لە ئێستادا ئایندەی ڕامسی لەگەڵ یۆڤانتۆس نادیارە و ڕونی کردەوە کە یۆڤێ کاردەکات بۆ فرۆشتنی لە زستاندا، بۆ ئەوەی لە موچە گەورەکەی خۆی ڕزگار بكات كە ساڵانە 10 ملیۆن یۆرۆی پێدەدات.
بەرپرسانی یانەی یۆڤانتۆس بەو ئەنجامە گەیشتون كە ئەو یاریزانە بفرۆشن، سەرەڕای سەختی بونی تیمێک کە ئامادەبێت بیکڕێت، لەوانەیە کۆتایی هێنان بە گرێبەستەکە باشترین بژاردە بێت بۆ ڕزگاربون لێی.