خەندان سپۆرت
راپۆرتی رۆژنامەكانی ئیتاڵیا باس لەوە دەكەن كە یانەی یۆڤانتۆسی ئیتاڵی دەیەوێت یاریزانێكی هێلی ناوەند بۆ ریزەكانی یانەكەی بگوازێتەوە لە مێركاتۆی هاوینی داهاتو.
بە گوێرەی هەواڵێكی رۆژنامەی لاگازیتا دێلۆ سپۆرت، یۆڤانتۆس پلانی ئەوەی هەیە قوربانی بە دو یاریزانی یانەكەی بدات لە پێناو بەدەستهێنانی تواناكانی ئۆریلین چوامینی یاریزانی یانەی مۆناکۆ.
هەمان سەرچاوە ئاماژەی بەوە کرد کە یەکەم یاریزان ئارۆن ڕامسی دەبێت کە نیوکاسڵ دەیەوێت لە کاتی مێرکاتۆی زستاندا بەرەو یانەكەی ببات، یاریزانی دوەم وێستۆن مەککینی دەبێت کە تا ئێستا شکستی هێناوە لە ڕازیکردنی ڕاهێنەر ماسیمیلیانۆ ئالیگری و یۆڤانتۆسیش بیر لەوە دەکاتەوە کە یاریزانەکەی ئەمریکیەكە بخاتە ڕێکەوتنێکی ئاڵوگۆڕپێكردنەوە.
ڕۆژنامەکەی ئیتاڵیا ڕونی کردەوە کە بەهای چوامینی لە نێوان 30 بۆ 40 ملیۆن یۆرۆیە، هەرچەندە یۆڤانتۆس خەون بە گەڕانەوەی پۆگبا دەبینێت بۆ یانەكەی، بەڵام ئەلیگری چاوی لەسەر تواناكانی چوامینی-یە.
بەپێی چەندین ڕاپۆرتی ئیسپانی ئەو یاریزانەی مۆناکۆ لەم وەرزەدا یەكێكە لە ئامانجە سەرەکییەكانی یانەی ڕیاڵ مەدرید.