خەندان سپۆرت
سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا، لەرێگەی تویتێكەوە داوا لە كۆماری ئێران دەكات نەوید ئەفكاری، یاریزانی زۆرانبازیی لەسێدارە نەدات كە لە ئێستادا لە زینداندایە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تویتێكدا كە ئاراستەی ئێرانی كردوە نوسیویەتی "دەبیستم ئێران دەیەوێت زۆرانبازێكی مەزن كە ئەستێرەیە لە بوارەكەی خۆیدا (نەوید ئەفكاریی) تەمەن 27 ساڵ لەسێدارە بدات، كە تاكە تاوانی ئەوەیە لە خۆپیشاندانەكانی دژ بە حكومەت بەشداریكردوە".
ئاماژەی بەوەشكردوە، ئەوان تەنها بەهۆی خراپتربونی دۆخی ئابوری وڵاتەكەیان و هەڵئاوسانی ئابورییەكەیان رژاونەتە سەر شەقامەكان و ناڕەزایەتییان دەربڕیوە.
دواتر تایبەت بە حكومەتی ئێران نوسیویەتی "بە دەسەلاتدارانی ئێران دەڵێم،كارەكەتان زۆر بەرز دەنرخێنم ئەگەر ژیانی ئەو گەنجە رزگاربكەن و لەسێدارەی نەدەن"، بە وشەی (سوپاس)یش كۆتایی بە تویتەكەی هێناوە.
لەماوەی رابردودا دەسەڵاتی دادوەری ئێران ژمارەیەك سزای بەسەر نەوید ئەفكاریدا سەپاند، تێیدا دو سزای لەسێدارەدان هەیە بەتۆمەتی بەشداریكردنی لە خۆپیشاندانەكانی دژ بە حكومەت و رێبەری باڵای شۆڕشی ئێران و ئەنجامدانی تاوان دژ بە ئاسایشی وڵات، هاتنە دەنگی ترەمپ لەسەر داوای دانا وایتی سەرۆكی یارییەكانی یۆ ئێف سی بو، كە داوای لەو سەرۆكە كرد كارێك بكات بۆ ئەوەی ئەو وەرزشەوانە لەو سزاییە ڕزگاری بێت.