حەقیقەت ترسناکترە لە خەیاڵ.. چی لەپشت چیرۆکی زنجیرەی (painkiller) هەیە؟

03:07 - 19/09/2023

1124جار خوێندراوەتەوە

خەندان لایف - خۆشناو محەمەد


هەمو کردارەکانی مرۆڤ لە دەوری دو بابەت کۆ بوەتەوە؛ ڕاکردن لە ئازار، هەوڵدان بۆ چێژ، دور لەئازار، نزیک لەچێژ، ئەم جوڵەیە بەردەوام دوبارە دەبێتەوە، ئەم بازنەیە ڕوکەشی بونی مرۆڤایەتیمانە، چی ئەگەر خۆمان ون کرد لەنێوان ئازار و چێژدا، گەر هاتوبوین بە دەرگاوانی هەمو ئەوانەی لە ئازار ڕادەکەن، جیهان دەگۆڕین، ئەوکات هیچ خەمێکی پارەمان نابێت.

(کەسایەتی ڕیچارد ساکلەر لە زنجیرەی painkiller دا) 


زنجیرەی ئازار کوژ (painkiller) یەکێک لەزنجیرە تازەکانی تۆڕی نێتفلێکسە، لەم ماوەیەدا بەخێرایی چوە ڕیزبەندی سەرەوەی ئەو زنجیرانەی زۆرترین بینەریان هەبوە، پێکهاتوە لە چیرۆکی درامی خێزانی ساکلەرەوە وەرگیراوە، باوەڕ ناکەم کۆتا چیرۆکیش بێت، خێزانی ساکلەر بەوە ناسراو بون (ئەو خێزانەی خراپترینن لە ئەمریکادا) بۆتە سەرچاوەی ئیلهام بۆ زۆرێک لەفیلم و زنجیرەکان کە پێش نێتفلێکس ئەو چیرۆکەیان گێڕاوەتەوە، لەنێوان ژانەرەکانی بەڵگەنامەیی و خەیاڵی گرنگترینیان (The crime of the century ، All the beauty and the ، blood shed).


چیرۆکی سەرکەوتن و کەوتن، یان وەک ئەوەی لێکۆڵەری دادوەری گشتی ئەمریکی ئیدی فلاوەرز (ئۆزۆ ئەدۆبا) دەیڵێت، ئەم چیرۆکە تراژیدیە، کاتێک لەپێش چاوەکانت ئەم هەمو ڕوداوە دەبینیت لەناو بەشەکانی زنجیرەیەکدا، هەستێکت بۆ دروستدەبێت ئەم کارەساتە گەورەترە و حەقیقەتێکە ڕویداوە.

لیستێکی کورت سەبارەت بە حەقیقەتی کارەسات 
لەساڵی 1996 دا کاتێک خێزانی ساکلەر دەستیان پێکرد بە سەرکردایەتی ریچارد ساکلەر خۆی لەڕێگەی کۆمپانیاکەیانەوە (بۆردۆ فارما) لەوێوە پێشنیار بڵاو کردنەوەی دەرمانی (ئپکسیکۆنتن)ی پێکهاتەی مادەی (ئۆکسیکۆدۆن)ی کاریگەر، وەک کاریگەرتر لە مۆرفین هەژمار دەکرێت کە لەپێکهاتەکەیدا هەیە، ئەوکات مەترسیەکی زۆر هەبو کاریگەری ئەو جۆرە دەرمانانە وابکات مرۆڤ ئالودە ببێت بە ئازارشکێن بەهۆی مەترسیەکانی بەکارهێنانیەوە، ئەوکات ئەو جۆرە دەرمانە تەنها بۆ نەخۆشی شێرپەنجە بە وشیاریەوە بەکاردەهێنرا (ئەو ئازارانەی مرۆڤ بەرگەی ناگرێت).

بۆردۆ فارما دەستی کرد بە بانگەشەکان، بەجۆرێک پێشینەی نەبو، وەک ڕەواج پەیدا کردن بۆ ئەو دەرمانە ئازار شکێنە، هێور کەرەوەی ئۆکسیکۆنتن، وەک دەرمانێکی جادویی بۆ نەخۆشەکان و ڕزگار بونیان لەکەڵبەی ئازاری جەستەیی، ئەوکات مەبەست تەنها هەڵگرانی نەخۆشی شێرپەنجە نەبو، بەڵکو هەڵگرانی ئازاری بۆماوەیی، هەمو جۆرە ئازارێک، ئیدی ئۆکسیکۆنتن پەیوەست نییە بەمردنەوە، بەڵکو وەک پێکهاتەی ئاسانکاری ژیان سەیر دەکرێت، کوالیتی ژیان بەرز دەکاتەوە، لەبانگەشەکاندا دەیان وت، ئەو دەرمانەی هەرگیز لەو باوەڕەدا نەبویت پێویستت پێیبێت.

سوپایەک لە نوێنەر و فرۆشیارەکان و دەرچوانی زانکۆ پڕ چەک کران بە بانگەشەو هەواڵ و کۆڕ و سیمینار و پۆستەر و لافیتە، هەروەها هاندانی پزیشکەکان لەپێناو نوسینی ئەو ئازار شکێنە بۆ هەمو جۆرە ئازارێك، وەک سەلامەترین ئازار شکێن بانگەشەی بۆ دەکرا، لەپەنای کاریگەری بەهێزی ئەو دەرمانەدا، دواتر قەبارەی ئەو کارەساتە ئاشکرا دەبێت لەکەناری تەقینەوەدا.

ئێمە ئێستا لەبەردەم دەرمانێکداین دوو هێندەی مۆرفین بەهێزە و هەموان دەیخۆن

ئەو تۆڕەی خەڵەتاندن و چەواشەکاریەی (بۆردۆ فارما) دروستی کردبو وایکرد ببێت بە گەورەترین ڕوداوی جیهان (blockbuster drug) لەپەنای جەماوەرێکی زۆری سینەمایی و سەرکەوتنی ئەو فیلمانەی لەو بوارەدا بەرهەم هێنرابون.


بۆردۆ فارما ملیارات دۆلار و ملیۆنان ئالودەی دروستکرد، ئازارشکێنەکە وەک ئاگری ناو کا بڵاوبویەوە، بەجۆرێک تەنها لەساڵی 2018 لە ئەمریکا بەهۆی زیادەڕویکردن و بەکارهێنانی نیو ملیۆن کەس گیانیانلەدەستدا ئەو ژمارەیە بەردەوام لەهەڵکشاندا بو، دەیان هێندەی ئەو ژمارەیەش ئالودەی ئەو دەرمانە بون و ژیانی خۆیان و خێزانیان وێران بو.


کۆتایی لێکۆڵینەوەکان سەبارەت بە گەندەڵی و تێوەگلانی بۆردۆ فارما تا کۆتایی ساڵی 2019ی خایاند سەبارەت بە یاساکانی خواردن و دەرمان گەیشتنە بڕیاری سزادانی دارایی بۆردۆ فارما بە بڕی 6 ملیار دۆلار، دواتر کۆمپانیاکە مایەپوچ بونی خۆی ڕاگەیاند، کرایە کۆمپانیایەک لەخزمەتگوزاریە گشتیەکاندا، تا ئەم ساتەش هیچ تۆمەتێکی تاوان ئاڕاستەی ئەو خێزانە نەکراوە. 


دیمەنێکی تاڵ و تاریک 
هەمو بەشێکی زنجیرەکە لەگەڵ یەکێک لە قوربانیەکانی خێزانێک دەستپێدەکات، ئەو قوربانیانە ڕاستەوخۆ قسەمان بۆ دەکەن ڕوبەڕوی کامێرا، لەگەڵ ئەوەی هەندێک لەکاراکتەرەکان و ناوەکان وڕوداو و شوێنەکان و گفتوگۆکان بەشيوەیەکی خەیاڵی بەرهەم هێنراوە بە مەبەستی درامی، ئەوەی ئازار بەخشە هەست دەکەیت هەمو یەکێک لەوانە کەسێکیان لەدەستداوە، هەمو یەکێک لەو مرۆڤانە باس لەتاڵاوی لەدەستدانی کەسە ئازیزەکانیان دەکەن، هەمو ئەو فرمێسکانە ڕاستەقینەن هیچ پەیوەندیەکی بە خەیاڵی درامییەوە نییە.

بەکار هێنانی ئەم جۆرە لەتەکنیک لەسینەمای بەڵگەنامەییدا دەگەڕێتەوە بۆ شانۆ، شاعیر و شانۆکاری ئەڵمانی (برتۆڵد برێخت) دایهێنا لەپێناو شکاندنی بەربەستی نێوان بینەر و نواندن ئەوەی کەناسراوە بە (پانتایی برێختی) تێکشکاندنی بیرکردنەوەی نەرێنی بینەر و ڕاکێشانی بۆ بیرکردنەوەی وشیارانە، ئەم تەکنیکە وادەکات بینەر وەک ڕەخنەگرێک بیر بکاتەوە لەو گرتەی دەیبینێت و هەوڵ بدات بیگۆڕێت.


ئەم جۆرە بژاردەیە گرنگ و کاریگەرە بۆ زنجیرەیەک لەناوەڕۆک دا هەوڵدەدات پرسیاری بەرپرسیارانە دروست بکات، کێ بەرپرسە لەم کارەساتە بەردەوامە؟ ئایا بەتەنها ریچارد ساکلەر بو، یان زنجیرەیەکی دورودرێژ لە بەشداربوانی نەرێنی، ئەوانەی ڕەزامەند بون بەو چارەسەرە و بەتەنها بینەر بون.

لێکۆڵەر (ئیری فلاوەرز) لەیەکێک لەگرتەکانی زنجیرەکەدا پێمان دەڵێت، گەر تەنها یەک کەس بەرامبەر شێتی ریچارد ساکلەر (نەخێر) ی بەکارهێنابا و نەیهێشتایە بانگەشە بۆ ئەو جۆرە لەشێتی بکات، ئەوا ئێستا ئێمە باسمان لەملیۆنان قوربانی نەدەکرد.


هێڵەکانی گێرانەوە 
زنجیرەکە (نوا هاربستەر و مێگا فیتزرمان) نوسیویانە، لەکتێبی (ئیمپڕاتۆریەتی ئازار) مێژوی نهێنی خێزانی ساکلەر، بۆ ڕۆژنامەی نیویۆرکەر لە (پاتریک ڕادن) و ئازار شکێن (painkiller) بۆ ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز، (باری مایەر، هێڵی گێڕانەوەی درامی لەڕێگەی سێ هێڵی بنەڕەتیەوە دەگێڕێتەوە دەجوڵێت لە نێوان ئێستا و ڕابردودا، لەنێوان هەردوکیاندا هاتوچۆ دەکات بە هاوسەنگی تا لەکۆتاییدا دەگات بە دەرئەنجامێکی پۆرترەیتی توندی ئەو کارەساتە.

هێڵی یەکەم باسی خێزانی ساکلەر و فراوانبونی ئیمپڕاتۆریەتیەکەی دەکات، هاوکات لەگەڵ پێشنیارکردنی چارەسەرە نوێکەی بەناوی (ئۆکسیکۆنتن) لەناو بازاڕەکانی ئەمریکادا، لەهێڵی دوەمدا بینەری لێکۆڵینەوەکانی (ئیدی فلاوەرز) دەبین، ناوبراو بەڵگەنامەکانی لەڕێگەی دیدارەکانیەوە وردەکاریەکانی تاوانەکان و تێوەگلاوەکان ئاشکرادەکات، دەنگی گێڕانەوەی چیرۆکە.

هێڵی سێیەم چیرۆکی (گلین گریگەر) (تایلۆر کیچ) دەگێڕێتەوە، یەکێک لە قوربانیەکانی ئەو نەخۆشیەی بڵاوکراوەتەوە بەناوی چارەسەرەوە، ئەو لەپزیشکەکەیەوە ئەو دەرمانەی بۆ نوسرابو، ئەو پێشتر بەهۆی کارکردنەوە بڕبڕەی پشتی ئازاری پێگەیشتبو لەناو دوکانەکەیدا لەکاتی کارکردندا، هەمو ئەوەی گلین-ی میکانیکی  پێویستیبو ئازار شکێنێکبو تا لەو ئازارە سەختە ڕزگاری ببێت، تا دوبارە ژیانی بۆ بگەڕێتەوە لەپڕێکدا چارەسەرێکی سیحری دەرخوارد دەدرێت تا گرفتەکانی چارسەر بکات، بەڵام دواجار ژیانی قوت دەدات.


(پیتەر بێرگ) سەرکەوتوانە گێڕانەوەکەی دەوڵەمەند دەکات بە پشتبەستن بە گرتە مۆنتاجیە خێراکان و جوڵەی کامێرا، لەناو هێڵی گێڕانەوەکاندا توڕەییەک هەیە لەناو شادەماری درامی زنجیرەکەدا وەک ئاوی گەرم دەکوڵێت، هەمان هێڵی ناوازەی پێشومان بیردەخاتەوە، ئەو یەکێک لەخەمناکترین چیرۆکەکانی گەلی ئەمریکامان بۆ دەگێڕێتەوە لەماوەی حەفتا و پێنج ساڵی ڕابردودا، ئەو هاوسەنگی لەنێوان قورسی چیرۆکەکە و هێزی ڕاکێشان لە بیرکردنەوەی بینەردا دروستدەکات.



(ببورە جەنابی پۆلیس..
-خانمەکەم؛
- من ئێدی فلاوەرم لێکۆڵەری نوسینگەی داواکاری گشتی ئەمریکا، ئایا دەکرێت هەمو ئەوەی دەیزانیت سەبارەت بە (ئۆکسیکۆنتن) پێم بڵێیت؟ 
- ئایا حەزت لە فیلمی ترسناکە؟!

(بەشێک لەگفتوگۆی زنجیرەکە)



وەک کانی بەشێکی گەورەی هەست بزوێنی گێڕانەوەی چیرۆکەکە تێهەڵکێشکراوە لە درامای لێکۆڵینەوە و تاوان و پشکێک لە درامای ترس.


کاتێک لێکۆڵەر خۆی دەبینێتەوە لەناو تاقیگەی توێکاری تەرمەکاندا، لەناوەڕاستی ئەو هەمو تەرمەدا، بەردەوام تەرمەکان ڕو لەزیادبون دەکەن دەرئەنجامی زیادەڕەویکەدن لەبەکارهێنانی ئازارشکێنی (ئۆکسیکۆنتن) کاتێک توێکاری دەکرێت لەناو گەدەی تەرمەکاندا  ڕەنگاو ڕەنگی چارەسەری (ئۆکسیکۆنتن) دەبینرێت.

ئەو دەرمانەی لەلایەن پزیشکەکانەوە دەنوسرێت بۆ نەخۆشەکان گۆڕدراوە بۆ دڕندەیەکی بکوژ، ڕێک لەو کاتەدا گلین دەبینین نان دەخوات لەگەڵ خێزانەکەی لە یەکێک لە چێشتخانەکاندا گازێک دەگرێت لەپەنجەی لەژێر کاریگەری ئەو کارەساتەی بەسەر هاوڵاتیانی ئەمریکادا دێت، بەردەوام دەبێت لەنان خواردن لەکاتێکدا خوێنی پەنجەی دەکەوێتە ناو خواردنەکەی.


لێرەوە ریچارد ساکلەر دەبێت بە (ڤیکتۆر فرانکشتاین) زانایەکی شێت و ئاڵۆز، ئەو کەسەی دڕندەیەکی بەڕەڵاکرد بۆ گیانی خەڵک، وادیارە ریچارد نواندنی (ماسیۆ بڕۆدریک) دورە لەهەموانەوە، ئەو باکی بەوە نییە لەدەوری ڕودەدات، لەڕوخساریدا هەست بە هیچ ناکەیت، ئەو خاڵی نابێتەوە لەخۆ بەزلزانی و باوەڕ بەخۆبون، بڕۆدریک ڕۆڵێکی (مینمالی) ناوازە دەگێڕێت لەناو دراماکەدا.



لە یەکێک لە گرتەکاندا دەبینین رتتشارد سەما دەکات، وەک ئەوەی لەگەڵ سێبەری تاریکی خۆی سەما بکات، زنجیرەکە نزیک نییە لە سایکۆلۆجیا، هیچ شتێک نیە لە باکگراوندی ژیانی ئەودا ببێتە هۆکاری ئەو کردەوەی ئەنجامیدا، لەهەمان کاتدا وەک دڕندەیەک وێنای ناکات.



لە ڕاپۆرتێکی نیویۆرکەر-دا (ئەو خێزانەی ئیمپڕاتۆریەتی ئازاریان دروستکرد) نوسەری ڕاپۆرتەکە گەواهی دەدات لەزمانی یەکێک لە پسپۆڕەکانی ئالودەبونەوە دەڵێت، پشکی شێر لەو تاوانە دەکەوێتە ئەستۆی خێزانی ساکلەر و لەسەروی هەمویانەوە ریچارد.


کاتێک ئێدی فلاوەرز لەبەردەم لیژنەیەکی نوێی لێکۆڵینەوەدا دادەنیشێت  لەساڵی 2018دا، کاتێک پرسیار لە کەسایەتی ریچارد دەکرێت، ئەو ناچێتە ژێرباری ئەوەی دان بەوەدا بنێت لەڕابردودا شتێک کەسێک یان ڕوداوێک هەبێت وا بکات تۆڵە لەمرۆڤ بکاتەوە، ئێمە لێرەدا باس لەچیرۆکی باتمان ناکەین (there’s no Batman origin story here) باتمان باوکی بەدەستەکانی یەکێک لەتاوانبارەکانی گۆسام کوژرابو، بەڵام ریچارد ئەو گریمانە ڕەتدەکاتەوە هۆکارێک هەبێت بۆ ئەو کوشتارگەی ئەنجامی دەدات.


لەچیرۆک و کارەساتە کۆنەکاندا پاڵنەرێک هەبوە مرۆڤ داهێنان بکات لەکوشتنی مرۆڤەکاندا بەڵام لەئێستادا ئەم پاڵنەرە گۆڕدراوە بۆ بەرژەوەندی ئابوری.


یەکێک لەخاڵە بەهێزەکانی زنجیرەی (painkiller) دەگەڕێتەوە بۆ شێوەی نمایشکردن و پێناسەکردنی خراپە، لێرەوە دەبینین کاراکتەر و کەسایەتی ریچارد وەک دڕندەیەک یان بکوژێک یان شەیتانێک وێنا نەکراوە، تەنانەت خودی ریچارد بەو شێوەیە سەیری خۆی ناکات، ئەوەی بەسەر ریچاردا سەپێنراوە هەمو ئەوانەش دەگرێتەوە تێوەگلاون لەو تاوانە قێزەونەدا، ئەو پزیشکانە و ئەو لایەن و کەسانەی ڕێگەیاندا بەو شێوە ئەو دەرمانە بڵاوبکرێتەوە، نوێنەرەکانی فرۆشتن و بڵاوکردنەوەی دەرمان، خوێندکار و دەرچوانی زانکۆکان، هەمو ئەوانە هەرگیز وا بیریاننەکردۆتەوە ڕۆژێک لەڕۆژان بەشێکن لەپڕۆسەی بڵاو کردنەوەی ئۆکسیکۆنتن وەک ئەفیونێکی سەلامەت، نەیان دەزانی ئەوان هەڵگیرسێنەری کارەساتێکن هیچی کەمتر نیە لەبۆمبی ئەتۆمی.


بەگشتی زنجیرەی ئازارشکێن وەڵامی ئەخلاوقی بەجێهێشتوە بۆ بینەران، ئایا پزیشکەکان بێڕەوشتن لەپێناو بەدەستهێنانی پارەدا یان نا.



خراپە لەفەراخی بیرکردنەوەی خودەوە یان نەفامیەوە لەدایکدەبێت، لەیەکێک لەگرتەکانی زنجیرەکەدا یەکێک لەپزیشکەکان بە شانۆن (وێست دشفونی)ی نوێنەری فرۆشیاری دەرمان ی کۆمپانیای (بۆردۆ فارما) دەڵێت، تۆ بانگەشە دەکەیت بۆ ئۆکسیکۆنتن تۆ مەترسیداریت چونکە گەمژەیت.


زنجیرەکە کاتێک کۆتایی دێت (ریچارد ساکلەر) پیر بوە و بە تەنها دەژی لەماڵەوە ، ئەو ماڵەی خاڵیە لە دیمەنی کراوە، ئەو لەگەڵ یادەوەری و تارمایی مامی (ئارسەر) دەژی، ئەو لەکۆتاییدا دەیشکێنێت، چونکە ئەو ژیان و سەروەتی خێزانەکی لەناو برد.


کۆتا دەنگ ریچارد ساکلەر دەیبیستێت هەمان ئەو دەنگەبو لەسەرەتای زنجیرەکەوە دەبیسترێت کە بریتیە لەزەنگێکی ئاگادار کردنەوەی ئاگر کەوتنەوە، لەناو هەندێک لەبەشەکانیدا دوبارە دەبێتەوە وەک ئاگاداریەکی ویژدانی، ئێمە نازانین ئەو دەنگە راستە یان تەنها لەناو مێشکی ساکلەردا لێدەدات، ئێمە لەناو چیرۆکی ساکلەردا گوێبیستی ئەوە نابین ناوبراو دان بەتاوانەکەیدا بنێت، هەمو ئەو بێدەنگی و ڕەنگ پەریویە دەگەڕێتەوە بۆ هەستکردنی بە تاوان بەرامبەر بەو کارەساتە خەماویە، هەمو ئەو هەستانەی ناخی وادەکات گوێبیستی دەنگێکی شاردراوە بێت لەناو مێشکیدا، دەنگێک ناتوانرێت بێدەنگ بکرێت، وەک بەشێک لەپانۆڕامای کەسایەتی ناوبراو و تێروانینی بۆ جیهان.


لەکۆتاییدا دەگەین بەو بەڵگەی ریچارد توانای ئەوەی نییە مێشکی خاڵی بکاتەوە لەوەی ڕۆژێک لەڕۆژان سزای ئەوە دەدرێت بەسەر خەلکی هێنابو، بەدڵنیایی شایستەی ئەو سزایەش بو، ئەکرێت وەک بیرخستنەوەیەک بێت بۆ ئێمەی بینەر کە هێشتا دادگا نەیتوانیوە یەکسانی بچەسپێنێت لەم دۆسیەدا، بەدڵنیایی لەناو مێشکیدا دەمێنێتەوە تا کۆتا ڕۆژەکانی ژیانی.


پۆرتەرێتێکی سەخت و ترسناک سەبارەت بە کارەساتێکی دروستکراو، دراما بەشێوەیەکی کاریگەر و هەست بزوێن پێشکەشی بینەرانی دەکات.