گەنجێك بەهۆی خواردنی پاستاوە گیانیلەدەستدا

03:01 - 17/09/2023

1902جار خوێندراوەتەوە

خەندان لایف

گەنجێكی بەلجیكی، بەهۆی خواردنی پاستای بەسەرچو، ژەهراوی بو و بەوهۆیەشەوە گیانیلەدەستدا.

بە پێی رۆژنامەی The Sunی بریتانی، گەنجێكی تەمەن 20 ساڵ، كە بە "ئەی جەی" ناسێنراوە، دانیشتوی بەلجیكابو و خوێندكاربو، پاش ئەوەی پێنج رۆژ پێشتر پاستای ئامادە كردبو و جێی هێشتبو لە پلەی گەرمیی ژوردا، رۆژێدوای گەڕانەوەی لە قوتابخانە، پاستاكەی بە مایكرۆوەیڤ گەرم كردەوە و خواردی، وە رۆیشت بۆ وەرزشكردن.


ئەو گەنجە 30 خولەك پاش گەڕانەوەی، ئازاری گەدە، دڵتێكەڵهاتن و سەرئێشەی هەبو، كەمێكی بەسەردا تێپەڕی و توشی سكچون و رشانەوە بو، لەبری ئەوەی چارەسەری پزیشك وەربگرێت، لە ماڵەكەی خۆی پشوی وەرگرت بەو هیوایەی خەوتن چارەسەری بكات.

رۆژی دواتر، دایك و باوكی كە نیگەرانی دۆخی تەندروستیی كوڕەكەیان بون، ویستیان تەماشای كوڕەكەیان بكەن، بەڵام كوڕەكەیان بە مردویی دۆزییەوە.

پزیشكان دەڵێن، ئەو گەنجە بەهۆی تێكچونی خواردنەكە و هەڵگرتنی لە پلەی گەرمی ژور، ژەهراوی بوە و دۆخی تەندروستی تێكچوە، پاشان ئەندامەكانی جەستەی لەكاركەوتون و گیانیلەدەستداوە.

لەگەڵ ئەوەی ئەم روداوە ماوەیەكی زۆر پێش ئێستا رویداوە، بەڵام دوبارە بوەتەوە بە بابەتی گەرمی میدیاكان، پزیشكان هۆشداری دەدەن، كە خەڵكی وریای شێوازی هەڵگرتنی خواردن بن، كە لە شوێنی سارد هەڵبگیرێت، هەروەها ئەو خواردنانە گەرم نەكەنەوە كە بۆ گەرمكردنەوەی نابن، چونكە دەبێتە هۆی ژەهراویبون.

ئەگەر خواردن لە پلەی گەرمی ژور جێبهێڵرێت، دەبێتە مۆڵگەیەك بۆ گەشەكردنی بەكتریا، ئەمەش كەسەكە ژەهراوی دەكات و لە ماوەی یەك بۆ شەش كاتژمێر نەخۆشدەكەوێت، بەگشتی ئەو خواردنانەی هۆكاری ئەم نەخۆشییەن، پەتاتە، برنج و پاستایە.