خەندان لایف - کرێکار قادر ڕوستایی
بەکارهێنانی گەڵای غار و لیمۆ بەسرایی، بۆ دابەزاندنی کێش بەگشتی یان بۆ دابەزاندنی ورگ زیانی هەیە، چونکە میکانیزمی کارکردنی گەڵای غار و لیمۆ بەسرایی لەجەستەی مرۆڤدا، ئەگەر بەپێوەری زانستی پزیشکی نەبێ لەوەی کە چۆن ئامادە دەکرێت و چ کاتێک دەخورێتەوە و تا چەند ڕۆژ چارەخواز بیخواتەوە و بەردەوام بێت، وە خواردنەوە و بەکارهێنانی گەڵای غار و لیمۆ بەسرایی ئەگەر لەجەستەی چارەخوازێکدا کارلێک نەکات بەدڵنیایی توشی کێشەیەکی درێژخایەنی تەندروستی دەکات.
گەڵای غار چییە؟
گەڵای غار یان گەڵای بەی، بەرهەمی دارێکی بۆندارە و هەمیشە سەوزە و بە زۆری لە ناوچەکانی وڵاتی هیندستان و وڵاتانی عەرەبی بەرهەمدەهێنرێت، نشینگەی سەرەکی ناوچەکانی نزیک دەریای سپی ناوەڕاستە.
گەڵای غار سودێکی زۆری هەیە و لە چەندین بواردا بەکاردەهێنرێت، لە چێشتلێنان و خوانەکان، لە ئامادەکردن و دروستکردنی بۆن، لە پێکهاتەی بابەتە هەمەجۆرەکانی جوانکاری، لە پێکهاتەی دەرمان و پزیشکیدا بەکاردەهێنرێت و سودی لێدەبینرێت.
سەرەڕای بونی سودە گرنگەکانی گەڵای غار، زیادەڕۆییکردن لە بەکارهێنانی گەڵای غار زیانی تەندروستی دروست دەکات. گرنگترین زیانەکانی گەڵای غار بریتیین لە:
- بەکارهێنای گەڵای غار بەشێوەیەکی هەڕەمەکی و نازانستی بێسنور لە خوانەکاندا دەبێتەهۆی دروستبونی تامی تاڵی.
- ئەو کەسانەی هەستیارییان بە چەند جۆرێکی دیاریکراوی بەهارات هەیە، پێویستە دڵنیا ببنەوە لەوەی کە هیچ هەستیارییەکیان بە گەڵای غار نییە، چونکە هەندێ جار کەسانێک هەستیارن بەپێکهاتەی گەڵای غار ئەگەر بیخۆن بەدڵنیایی زیانی زۆری دەبێت بۆیان.
- ئەو کەسانەی کێشەی تەندروستیان لە کۆئەندامی هەرس و سورێنچک و گەدە و قۆڵۆن هەیە، پێویستە ئاگاداری بەکارهێنانی گەڵای غاربن و دڵنیابن کە کێشە تەندروستییەکانیان زیاتر ناکات.
- ئەوکەسانەی نەخۆشی شەکرەیان هەیە، چونکە خواردنی گەڵای غار بەڕێژەیەکی زۆر شەکرە بەرز دەکاتەوە، کەواتە زیانی هەیە بۆ ئەو کەسانەی نەخۆشی شەکرەیان هەیە.
- ئەو خانمانەی دوگیانن یان شیردەرن، واتا شیردەدەن بەمنداڵ نابێ بیخۆن.
- ئەو کەسانەی حەساسیە یان هەوکردنی پێستیان هەیە، یان نەخۆشی ئەكزیمایان هەیە، زۆر خواردنی گەڵای غار وادەکات نەخۆشی ئەكزیما زیاتر سەرهەڵبدات و نوێ ببێتەوە.
- زۆر خواردنی گەڵای غار، پێست و ڕیخۆکان وشک دەکاتەوە، دەبێت هۆی قەبزیەکی زۆر و توشبون بەمایسیری.
لیمۆ بەسرایی چیە؟
لیمۆ بەسرا، لیمۆی بەسرایی، یان لیمۆی وشک یاخود لیمۆی ڕەش، جۆرە بەهاراتێکی ڕۆژهەڵاتییە و لە زۆرێک لە خوانەکانی ڕۆژهەڵات بە تایبەتی خوانی عێراقی و ئێرانی بەکاردەهێنرێت.
زیانە تەندروستیەکانی لیمۆ بەسرایی بۆ تەندروستی مرۆڤ؛ لیمۆی ڕەش لە زۆر ژەمی خواردندا بەکاردەهێنرێت، بەڵام بەبڕی کەم و سنوردار، چونکە تامەکەی بەهێز و تیژە، ئەگەر بەبڕێکی زۆری زیاد لە پێویست بەکاربهێنرێت و زیادەڕۆیی لە خواردنی بکرێت زۆر زیانبەخش دەبێت، گرنگترین زیانەکانی بریتیین لە:
- زۆر کەس پێیان وایە ئەگەر گیراوەی لیمۆی ڕەش لە بەیانیان پێش خوانی بەیانی و لەسەر گەدەی بەتاڵ بخۆنەوە ئەوە سودی تەندروستییان پێدەگەیەنێت، بەڵام بە پێچەوانەوە کێشە بۆ کۆئەندامی هەرس دروست دەکات و دەبێتە هۆی گەدە کزێ(دڵەکزە) و سوتانەوەی گەدە و زیان بە گەدە و گەرو دەگەیەنێت.
- خانمانی دوگیان پێویستە بەبڕێکی سنوردار لیمۆ بەسرە بەکاربهێنن، چونکە زیادەڕەویکردن لە بەکارهێنانی دەبێتە هۆی زیان گەیاندن بە کۆئەندامی هەرس و دروستبونی دڵەکزە.
- چەند جۆرێک دەرمان هەیە کارلێک دەکات لەگەڵ لیمۆی وشک و کاریگەرییان کەم دەکاتەوە، نمونەی ئەو دەرمانانەی کە جگەر گۆڕانکاریی کیمیاییان بەسەردا دەهێنێت تاکو لە لەشدا کار بکەن، نمونەی دەرمانی (Lovastatin) و (Ketoconazole).
ئەو کەسانەی هەستیارییان بە مزرەمەنییەکان هەیە، پێویستە ئاگاداربن لەکاتی خواردنی لیمۆی وشک دڵنیابن کە هەستیارییان نییە.
تێبینی: خواردنی هەر گژوگیایەکی پزیشکی، ئەگەر بەپێوەری زانستی پزیشکی نەبێت، زیانی تەندروستی دەبێت، بۆیە هەر کات گژوگیایەکی پزیشکی بتەوێ بەکاری بێنی، پرسیار لە پزیشکی پسپۆر و کەسانی شارەزا بکەن، بۆیە لەخۆتانەوە یا بەشێوازێکی هەڕەمەکی هیچ گژوگیاییەک بەکارمەهێنن.