خەندان لایف
هونەرمەند و گۆرانیبێژی ناسراوی ئێرانی، گوگوش بۆ هەمیشە ماڵئاوایی لە كۆنسێرتی هونەریی دەكات و كۆتا وەرزی كۆنسێرتەكانی ئەنجامدەدات.
گوگوش لە پێگەی فەرمی خۆی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، پارچە ڤیدۆیەكی بڵاوكردەوە بەناوی وەرزی كۆتایی و دەڵێت، "كۆتا گەشتی كۆنسێرتی میوزیكی من لە 23ی ئەیلول بەڕێوەدەچێت تا 24ی كانونی یەكەم و بەوەش ماڵئاوایی دەكەم".
وە باس لەوەشدەكات، كە ئاوات بەوە دەخوازێت لە وڵاتی خۆیدا گۆرانی بۆ هەوادارەكانی بڵێت و لە نزیكەوە پێكەوە بەرهەمەكانی بڵێنەوە.

ئەم هەواڵە بۆ هەوادارەكانی ئەو هونەرمەندە جێی دڵتەنگی بو و هەندێكیان بۆیان نوسیوە، "ناخۆشترین هەواڵ بوە كە پێیان گەیشتوە".
گوگوش ناوی تەواوی فائیقە ئاتەشین، لەدایکبوی 5ی ئایاری 1950ـیە لە تاران، گۆرانیبێژ و ڕۆڵگێرێکی سینەمایی ئێرانییە، یەکێکە لە ھەرە بەناوبانگترین گۆرانیبێژانی ئێران، کە توانیویەتی ھەوادارێکی زۆر لە ئێران و رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیا لەخۆی کۆبکاتەوە.
ھەر لەتەمەنی منداڵیەوە بەھاوکاری باوکی دەستی بەکاری ھونەری کرد بە بەشداریکردنی کاری شانۆ و سینەما و گۆرانی، لەتەمەنی حەوت ساڵی بەشداری چەندین فیلم کرد بەناوی "پرتگاه مخوف"، "شیطون بلا" و "پنجره"، دواتر وەكو گۆرانیبێژ چەند بەرهەمێكی بڵاوكردەوە، بەوهۆیەوە ناوبانگی بڵاوبوەوە.