هۆکارەکانی ئازار لە قاچدا چییە؟

03:12 - 08/06/2023

11615جار خوێندراوەتەوە

خەندان لایف

زۆربەی جار ئازاری لاقەکان بەهۆی ئەو ماندوبون و هەڵە بەکارهێنانی جومگە و ماسولکەکانی دەوری لاقەوە دروستدەبێت، ئەویش لەکاتی جوڵەی ڕۆژانەدا یاخود لەکاتی ئەنجامدانی وەرزشدا بەشێوەی هەڵە، لێرەدا باس لەباوترین ئەو هۆکارانە دەکەین کەلەوانەیە ئازاری لاقەکانت بۆ دروست بکەن. 

دكتۆر هه‌ڤین که‌مال شاه محەمەد، پسپۆڕ له‌ زانستی ئازار و به‌نج، هۆكارەكانی ئازاری لە قاچدا بڵاوكردوەتەوە.

ئازاری لاق بەهۆی کێشەی دەمارەکان: 
کە ئەمیش بەهۆی بونی فشارەوە بێت لەسەر دەمارەکە کە لەوانەیە "عەرق النسا" یاخود سایەتیکا بێت، ئەویش بەهۆ بونی فشار لەسەر دەماری "سایەتیک" لە سمتدا، کەلەوانەیە بەهۆی ئینزیلاقی دیسکی نێوان بڕبڕەکانی پشتبێت، یاخود بەهۆی گرژبونی ماسولکەکانی سمت، یاخود داخزانی بڕبڕەکان بۆ سەریەک، هەندێکجار ئازارەکە بەهۆی تەسکبونەوەی ئەو کەناڵەوەیە کە دڕکە پەتکی پیادا دەڕوات، یاخود بەهۆی تێکشکانی دەمارەکەوە دەبێت کە لەهەندێک نەخۆشی وەکو؛ نەخۆشی شەکرە رودەدات، یاخود برینداری، پێکان، هەوکردنی دەمارەکان لەوانەیە ڕوبدات، ئەم حاڵەتانە زۆربەیجار سڕی و گەرمی و هەستکردن بەدەرزی ئاژنینی لەگەڵدایەو بە ئازارشکێنی ئاسایی ئازارەکە ناڕوات، بەڵکو چارەسەری تایبەت بەخۆی هەیە کە زۆربەیجار دژەپەرکەم و هێورکەرەوەکان دەبێت بەکاربێت. 

ئازاری لاق بەهۆی جومگەکانەوە: 
ئەویش بەهۆی داخورانی جومگەکانەوە دەبێت ئایا جومگەی حەوز بێت یاخود ئەژنۆ یاخود قولەپێ، لەگەڵیدا ئاوسان، سوربونەوە، ڕەقبون وئازار لەجومگەکاندا هەیە، پێویستە پزیشک چارەسەری گونجاو بەپێی ڕێژەی داخورانەکە دانێت، لەگەڵیدا چارەسەری سروشتی و وەرزش و لەکاتی ئازاردا پاکی سارد و گەرم بەپێ نەخۆشەکە لەگەڵ ئازارشکێنەکان دەتوانرێت بەکاربێت. 

ئازاری لاقەکان بە هۆی کێشە لەبۆری خوێندا: 
ئەویش ئایە بەهۆی گیرانی خوێنبەرەکانەوە بێت، کەخوێنی پێویست ناچێت بۆ بەشەکانی قاچ و ئەمەش ئازار دروستدەکات و کەسەکە هەست بەتەزین و ساردی لاقەکانی دەکات و هەندێک جاریش شینبونەوەی لەگەڵ دەبێت، هەروەها هەندێک جار خوێین مەیین لەناو خوێنهێنەرە قوڵەکاندا ئازارێکی توند سوربونەوە دروست دەکەن لەلاقەکاندا یاخود لە ڕاندا کەئەمیش دەرئەنجامی ترسناکی هەیە و لەوانەیە ببێتە هۆی جەڵتەی سییەکان.

بۆیە پێویستە بە زوترین کات پزیشکی پسپۆڕ بیبینێت و هەندێک خوی خراپی وەکو جگەرەکێشان و خواردنی ناتەندروست تەرک بکرێت، هەروەها دەوالی کە بریتییە لە هەڵئاوسان و تەقینی مولولەی خوێنهێنەرەکان، لەوانەیە ئازار لە لاقدا دروستبکات و باشترین ڕێکا بۆ چارەسەرکردنی، دابەزاندنی کێش و بەکارهێنانی گۆرەوی تایبەت و وەرزشە. 

ئازاری قاچ بەهۆی تێکچونی ئەلکترۆلایت و کانزاکان: 
وەکو پۆتاسیۆم، سۆدیۆم، کالسیۆم، مەگنیسیۆم، کەیارمەتی کارکردنی ماسولکەکان دەدەن، هەندێکجار لەڕێگای عارەقکردنەوەی زۆرەوە یاخود سکچون یاخو ئەو نەخۆشانەی کە شێرپەنجەیان لەگەڵەو چارەسەری کیمیایی وەردەگرن، یان هەر هۆکارێکی تر لەوانەیە لەلەشدا کەمبنەوەو گرژبونی ماسولکە، سڕی و بێهێزی دروستبکەن، باشترین چارەسەر خواردنەوەی ئاوە بە ڕێژەیەکی زۆر و ئەو خواردنانەی کە ئەم کانزایانەیان تیادایە وەکو چەرەزات و شیرەمەنییەکان.
 
ئازار لە لاق و قاچ بەهۆی کێشەی ماسولکەوە و بەستەرەکانەوە: 
1. گرژبونی ماسولکەکانی قاچ
ئەویش زیاتر لەکاتی خەودا یاخود لەناوەڕاستی ڕۆژەکەدا هەستی پێدەکرێت، کاتێک دەستی لێدەدرێت خراپتر دەبێت، لەکاتی ماندوبونی ماسولکەو وشکبونەوەی ڕودەدات بۆیە باشترین چارەسەر بۆی خواردنەوەی ئاوە، پشودان و سترێچ و ڕاکێشانی ماسولکەکەیە بە وەرزش و مەساجکردنێتی. 

2. هەوکردنی ماسولکەو شانەکانی دەوروبەری ئێسکی لاق
ئازار دروست دەبێت لەکاتی ڕۆشتن و بازدان و ڕاکردندا و لەبەشی پێشەوەی لاقدایە ئازارەکە، دوبارەکردنەوەی چالاکییەکان بە ڕێژەیەکی زۆر ئەم هەوکردنە دروستدەکەن و هەروەها لەو کەسانەی "فلات فوت"ن، واتە پێیان قەوسی کەمە یاخود قەوسییەکەی زۆر زۆرە یاخود ڕوی پێیان بۆ دەرەوەیە، زیاتر دروست دەبێت، چارەسەری بەکارهێنانی پاکی سارد ڕۆژانە بۆ چەند جارێک دەتوانرێت دژەهەوکردن و دژە ئازارە (NSAI)بەکاربهێنرێت وەکو ڤۆڵتارین، پڕۆفین، ناپرۆکسین. ئەگەر سودی نەبو ئامێری شۆک وەیف و ئامێری (TENS)و دەرزی ئاژەنین سودی زۆریان هەیە. 

ئازار بەهۆی هەوکردنی بەستەرەکانەوە: 
ئەویش بەهۆی هەوکردنی بەستەری پشتی پێ وە لەلای قولەپێ، کەپێ دەوترێت (achilles tendon)، لەوانەیە بەهۆی بەرکەوتنی زەبرەوە بێت، کە وەرزشەوانەکان زیاتر توشی دەبن، کە بەستەرەکە دەئاوسێت و دەدڕێت، یاخود لەئەنجامی ماندوبونێکی زۆرەوە و سەرکەوتنی قادرمەوە دروست دەبێت، باشترین چارەسەر پشودانە، لەگەڵیدا ئازارشکێنە دژەهەوکردنەکان و بەکارهێنانی پاکی سارد

ئەگەر سودی نەبو ئامێری شۆک وەیڤ یەکێکە لە باشترین چارەسەرەکان کە حەفتانە ئەنجامدەدرێت، ئەگەر بەستەرەکە بریندار بو دەتوانیت پلازمای چڕ بە خەپلەکانی خوێنی بۆ بکرێت بۆ یارمەتیدانی چاک بونەوەی بەستەرەکە.
 
ئازار بەهۆی شکانی ئێسکی لاق یاخود درز یاخود لەجێچونی قولە پێ (sprain):
 
لەکاتی شکاندا پێویستە بەزووترین کات ڕای پزیشکی شکاوی وەربگریت، لەکاتی لەجێچوندا کە قولەپێت و قاچت وەردەگەڕێت، پێویستە پشوی پێبدەیت، پاکی سارد بەکاربێنیت، بیبەستیت و بەرزیبکەیتەوە، ئەگەر بەوە چاک نەبویت پێویستە ڕای پزیشکی ئێسک و شکاوی وەربگریت.
 
هەندێک حاڵەتی تریش هەن کەلەوانەیە کەمتر ئازاری لاق دروستبکەن وەک؛ پچڕانی بەستەری سەڵیبی یاخود بەستەرەکانی دەوری ئەژنۆ، هەوکردنی کیسی لینجی ناو ئەژنۆ، داخورانی زۆری ئەژنۆ، هەندێک حاڵەتی دەگمەن وەکو (meralgia parasthesia)و (restless legs syndrome).