خەندان لایف
خانمە گۆرانیبێژ، دینا لە یادی 35 ساڵەی لەدایكبونی پەیامێك بڵاودەكاتەوە و دەڵێت، ئاشتەواییانە گەردنتان ئازابێ و هەمو مرۆڤایەتیم خۆشدەوێ.
دینا لە یادی 35 ساڵەی لەدایكبونیدا، لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئینستاگرام پەیامێكی بڵاوكردەوە و تێیدا نوسیویەتی، "35 هاوینە تەمەنم، هەمو هاوینێك وانەیەك فێربوم، فێری ئەوەبوم ژن لە تفەنگ بەهێزترە، توانا دەرناكەوێ تا خەڵكی كاریگەر نەبن پێی، سەركەوتن لە نەبونەوە منی دەوێ، منێك لە نەبونەوە دەستم پێكرد، ئێنجا خەفەت و كێشە كاتی دەوێت تا لێی رابێی، بەڵام كام لە ئێمە سەبڕی هەیە!".
هەروەها وتیشی، فێربوم كە بێدەنگی لەكاتی پێویستیدا ئەوپەڕی كەرامەتە، بێدەنگی لە شەڕدا سەركەوتنە، بێدەنگی لەكاتی سەركەوتندا سەربەرزییە، بێدەنگی لە كاتی دۆڕاندا زاڵ بونە، فێربوم قسە نەكەم، ئەگەر قسەم كرد لە بێدەنگییەكەم بەهێزتر بێ.
لە درێژەی نوسینەكەیدا ئاماژەی بەوەكردوە، "35 هاوین لەم كەوكەبە هاوڕێی هەموان و پاڵپشتی زۆریانم كرد، چاكە و خراپەشم بەرامبەر كرا، بەڵام هەمیشە ئاشتەواییانە گەردنتان ئازابێ و هەمو مرۆڤایەتمی خۆشدەوێ".
دینا لەدایکبوی ساڵی 1988ی شاری رانیەیە، لە ساڵی 2017 دەستی بە کاری هونەری کرد و یەکەمین ئەلبومی خۆی بڵاوکردەوە، بەزویی هەوادارێکی زۆری کۆکردەوە، خاوەنی چەندین گۆرانی و ڤیدیۆ كلیپە.