خەندان لایف لە ئاهەنگی هاوسەرگیری رەجوە ئال سەیف، هاوسەری شازادەی جێنشینی ئوردن، تاجەكەی سەری بوە جێی سەرنج كە لەسەری نوسراوە، "هیوا لە خوداوەیە". رەجوە ئال سەیف، هاوسەری شازادە حسێن، كوڕی شا عەبدوڵای دوەم، بە ستایلە سادەكەی و جوانییەكەی بوە جێی سەرنجی میدیاكان، هاوكات تاجەكەی سەری بەتایبەت بۆ ئەو دیزاین كرابو، كە لەسەری نوسرابو "هیوا لە خوداوەیە". بیرۆكەی ئەم تاجە، لە شاژن رانیا وەرگیرا، كە ئەویش لە رۆژی هاوسەرگیرییەكەی تاجێكی بەتایبەت بۆ دروستكرابو و لەسەری نوسرابو، "گەورەیی خودا". 1ی حوزەیران، شازادە حسێن و رەجوە ئال سەیف ئاهەنگی هاوسەرگیرییان ئەنجامدا، میوانانی 70 وڵاتی جیهان بەشدارییانكرد لە ئاهەنگەكەی شازادەی جێنشین، كە لە کۆشکی زەهران لە ناوەندی شاری عەممان ئەنجامدرا. شازادەی جێنشین کە کوڕە گەورەی شا عەبدوڵای دوەم و شاژنە ڕانیا-یە، لە 28ی حوزەیرانی 1994 لە عەممان لەدایکبوە و لە 2ی تەمموزی 2009 نوسراوی شاهانە دەرچوە بۆ هەڵبژاردنی وەک شازادەی جێنشین و چەندین جار وەک جێگری پاشا دەستنیشان کراوە. دەستگیرانەکەی بەناوی رەجوە لە 28ی نیسانی 1994 لە شاری ریاز لەدایکبوە، تەلارسازێکی سعودییە، کچی خالید بن موسەعید بن سەیف بن عەبدولعەزیز ئالسەیفە.