كچە مۆدێلێكی ئێرانی بە جلوبەرگەكەی لە فێستیڤاڵی كان پەیامێكی توند دەنێرێت

11:31 - 31/05/2023

9511جار خوێندراوەتەوە

خەندان لایف

خانمە مۆدێلی ئێرانی، مەهلاغا جابیری لە 76ـەمین فێستیڤاڵی فیلمی كان، جلەكەی لە شێوەی پەتی سێدارە دروستكردوە وەكو پەیامی "لەسێدارەدانی ناڕەوا" لە وڵاتەكەی.

مەهلاغا جابیری لەسەر فەرشی سوری 76ـەمین فێستیڤاڵی فیلمی كان، بوە جێی سەرنجی میدیاكان، عەزییەكی پۆشی كە بەشی سەرەوەی لە شێوەی پەتی سێدارە دروستكراوە، بە جلوبەرگەكەی پەیامی "لەسێدارەدانی ناڕەوا"ی لە وڵاتەكەی گەیاند.

ئەو خانمە تەمەن 33 ساڵە، لە پۆستێكی تۆڕی كۆمەڵایەتی ئینستاگرام باسیلەوەكرد، ئەو جلوبەرگەی پۆشیوە، مەبەستی بوە خەڵك هۆشیار بكاتەوە سەبارەت بەوەی چەندین كەس بە ناڕەوا لەلایەن حكومەتی ئێرانەوە لەسێدارە دراون.

عەزییەكەی مەهلاغا لەلایەن دیزاینەر، جیلا سابیر دروستكراوە، لە بەشی پشتەوەی عەزییەكەی نوسرابو "واز لە سێدارە بهێنن"، بەڵام بە وتەی خۆی پاسەوانەكان رێگرییان كردوە لەوەی نمایشی بەشی پشتەوەی عەزییەكەی بكات.

بە پێی ئامارێكی نەتەوە یەكگرتوەكان، ئێران یەكێك لەو وڵاتانەی زۆرترین یاسای لەسێدارەدانی تێدا جێبەجێ دەكرێت، تەنها لە سەرەتای 2023 تا ئێستا، لایەنی كەم 209 كەس لەسێدارەدراون، كە زۆرینەیان بە تاوانی "ئالودەبون  بە ماددەی هۆشبەر" ئەو یاسایەیان بەسەردا سەپێنراوە.