خەندان لايف
بەرزیی کولیستڕۆڵ و چەورییە سیانییەکان کاریگەریی خراپی هەیه له سەر تەندروستی مرۆڤ، ماوەی چەند ساڵێکە پسپۆڕانی خۆراک ئاماژەیان بەوە کردوە کە ڕۆژوی پچڕپچڕ ڕۆڵێکی باشی هەیە لە دابەزاندنی کۆلیستڕۆڵی خراپ و بەرزکردنەوەی کولیستڕۆڵی باش.
هەربۆیە ڕۆژوی مانگی ڕەمەزان سودی زۆری هەیە بۆ ئەو کەسانەی کێشەی بەرزی چەوری خوێنیان هەیە بە مەرجێک پاپەندی ئەم ڕێنمیاییانە بن كە دکتۆر کامهران رەسوڵ ژاژڵهیی، پسپۆڕی زانستی خۆراک بڵاویكردوەتەوە.
1. خواردنی بڕێکی زۆر لە سەوزە و میوە لە نێوان بەربانگ و پارشێو، بە تایبەت مزرە سێو، هەڵوژەی سەوز، ڕێواس، چوالەی سەوز، فەریکە نۆک، پڕتەقاڵ، کیوی، لێمۆ، لالەنگی.
2. بەکارهێنانی زەیتی زەیتون بۆ چێشتلێنان، هەروەها دەتوانرێت یەک بۆ دو کەوچکی قاوە لە ناو زەڵاتە بە کاربهێنرێت.
3. خواردنی ماسی لانی کەم هەفتەی دو بۆ سێ جار، به برژاوی، بە تایبەت ماسی سەلمۆن و تونە و سەردین.
4. خواردنی یەک پیاڵە لە چەرەسات وەک گوێز، بادەم، فستق عەبید دوای بەربانگ بە کاتژمێرێک.
5. نەخواردنی جگەر و گورچیلەی مەڕو ماڵات و جگەری مریشک.
6. خواردنی ئەڤۆكادۆ زۆر گرنگە ڕۆژانە، هەروەها سیر، چەوندەر، بڕۆکلی، پیاز، زەنجەفیل.
7. وەرزشکردن ڕۆژانە لانیکەم سێ چارەک یان کاتژمێرێک، باشترین کات بۆ وەرزش دوای بەربانگ بە دو کاتژمێر یان دوای نوێژی عەسر.
8. خواردنەوەی بڕی پێویست لە ئاو ڕۆژانە، نابێت پاڵ بکەویت دوای پارشێو و بەربانگ تا نیو کاتژمێر.
9. دورکەوتنەوە لە خواردنەوە گازییەکان و شەربەتی گیراوە، شەربەتی فرێشی پڕتەقاڵ بخۆرەوە.
10. نەخواردنی شیرینی و فاست فود و چپس و سەروپێ و ساردەمەنی.
11. نەکێشانی جگەرە و نێرگەلە یان کەمکردنەوەیان بە ڕادەیەکی زۆر.