فیلمی the woman king، سینەما چۆن مێژویەکی ساختە دروست دەکات؟

11:19 - 26/03/2023

1777جار خوێندراوەتەوە

خەندان لایف - خۆشناو محەمەد


لەساڵی 2010دا، دەرهێنەر (جینا برێنس باسیۆد) ڕوبەڕوی پرسیارێکی کتوپڕ بویەوە لەلایەن کچە 13 ساڵانەکەیەوە، ئەو کات یەکێکبو لەهەوادارانی فیلمەکانی مارڤێل، پاڵەوانە نەبەزێنراوەکان، ئەم کچە لەدایکی دەپرسێت، بۆ پاڵەوانی رەش پێست بونی نییە؟ ئەم دەرهێنەرە بەهۆی ئەو پرسیارەوە بیرکردنەوەکانی دەگۆڕدرێت، لەبری ئەوەی وەڵامی بداتەوە دەڵێت؛ من ئەو کارە دەکەم.

بەم شێوە و لەپاش  10 ساڵ، فیلمێکی جەنگی نمایش کرد بەناوی  "the woman king"، فیلمەکە یەکەم جار لەفیستیڤاڵی تۆرینتۆی سینەمایی نمایشکرا لە مانگی ئەیلولی 2022دا، توانی سەرکەوتنی باش بەدەستبهێنێت لەلایەن ڕەخنەگران و لەڕوی داهاتەوە، (64) ملیۆن دۆلار داهاتی بو.

ژانەری فیلمەکە لەجۆری درامی مێژو و جەنگ و جوڵەیە، باس لەڕۆڵی مێژویی بزوتنەی (Agojie) دەکات، ئەو ژنە جەنگاوەرانەی پارێزگاری لەمەملەکەتی داهۆمی دەکەن، ئیمپڕاتۆریەتێکی کۆن لەخۆرئاوای ئەفریقا لەساڵی 1625دا بونیاد نراوە و بەردەوام بوە تا ساڵی 1894، تا ئێستاش شوێنەوارەکانی ماون لەکۆماری نوێدا وەک شریتێکی تەسکی داگیرکردوە  لەکەناری نەیجیریا و تۆگۆ.

چیرۆک و بەسەرهاتەکان جیاوازن سەبارەت بەم کۆمەڵە جەنگاوەرە، بەڵام بەناوبانگترین و فراوانترین چیرۆکێک ئەوەیە دەگێڕنەوە ئەم ژنانە پارێزگار و پاسەوانی شاژنە (هانگبی) بون، هەروەها پادشاکانی دواتر، بەڵام بەفەڕمی نەخراونەتە سەر سوپا تا سەردەمی گیزۆی پادشا، کە لەنێوان ساڵەکانی 1818 و 1858 حوکمڕان بوە، ئەوەش بەهۆکاری کەمی جەنگاوەرە پیاوەکانی سوپا، بەهۆکاری جەنگ و گرفتەکانی ئەو سەردەمەوە کوژرابون، هەمو ئەو ئەوروپیانەی سەردانی ئەو ناوچانەیان کردبو لەو سەردەمەدا لەپاش بینینی ئەو ژنە جەنگاوەرانە ناویان نابون (جەنگاوەرەکانی ئەمازۆن ) وەک ئازایەتی و ترسناکی ئەو ژنە جەنگاوەرانە.

فیلمەکە لەسەر هێڵێکی چڕی ئاڵۆزی گێڕانەوە دەڕوات، ژنە جەنگاوەرەکان ، پاشان (نانیسکا) سەرکردەی ژنە پاڵەوانەکان، ڕۆڵی ئەم ژنە ئەستێرەی بەتوانای هۆڵیۆد (ڤیۆلا دەیڤس) خاوەن خەڵاتی ئۆسکار بەرجەستەی کردوە، ئەم سەرکردە هەڵدەستێت بەدروستکردن و ڕاهێنانی تیمێک لەنەوەی نوێی کچان، لەنێوانیاندا کچێک بەناوی (ناوی) ڕۆڵی ئەم کچە (سۆسۆ مبیدۆ) بەرجەستەی کردوە، لەپاش ئەوەی خێزانەکەی پێشنیاری هاوسەرگیری بۆ دەکەن لەگەڵ پیاوێکی دەوڵەمەندی گەورەتر لەخۆی، ئەو هاوسەرگیریە ڕەتدەکاتەوە و باوکی ناچار دەبێت کچەکەی ڕادەستی شاژن و ئەو کچانە بکات پەیوەندی دەکەن بەژنە جەنگاوەرەکانی پادشاوە.

پەیوەندی نێوان جەنگاوەرەکان، هاوڕێیەتی و کێبڕکێی تواناکانیان دەتبات بۆ ناو جیهانی ژنە جەنگاوەرەکان، ئەو ژنانەی هیچیان کەمتر نییە لەپیاوان لەناو گەرمەی جەنگ و خوێن و ترس و کوشتندا، فیلمەکە خاڵی نییە لەخۆشەویستی، کاتێک ناوی دەکەوێتە داوای خۆشەویستی لەگەڵ یەکێک لەبازرگانە بەرازیلیەکان (مالیک).

تیمی نواندنی فیلمەکە کارێکی ناوازەیان نمایش کردوە بەتایبەت ڕۆڵی ڤیۆلا دەیڤس، بەقوڵی ڕەنگدانەوەی سەرکردایەتی دەبینیت لەسیما و هەڵسوکەوتیدا، ئازایەتی و خاوەن بوێری، بەگشتی فیلمەکە پڕیەتی لەگرتەی سەرنجڕاکێشی جەنگی، دەرهێنەر تواناکانی خۆی نمایش کردوە، ئەم فیلمە زیاتر تواناکانی (بایسود)ی دەرخست.

ڕوی دوەمی حەقیقەت
لەگەڵ ئەو سەرکەوتنە گەورەی فیلمی (The woman king) بەدەستیهێنا، چ لەسەر ئاستی ڕەخنەیی چ لەسەر ئاستی داهات، بەڵام بەردەوام ڕەخنە و قسەوباس هەڵدەگرێت، بەجۆرێک کار گەیشت بەوەی هاش تاگ دروستبکرێت بەمەبەستی ئەوەی بینەران هەڵوێستیان هەبێت، داوای بایکۆتی فیلمەکە کراوە لەڕێگەی Boycottwomanking.

ڕەخنەکان بەشێوەیەکی بنەڕەتی لەو سۆنگەوە بو حەقیقەتی مێژو دەستکاریکراوە، بەگشتی فیلمەکە ئاڵۆزیەکی تێدایە لەنێوان جەنگاوەر و دەسەڵات و بازرگانی بەڕازیلیەکاندا، لەمێژودا زیاتر باس لەبازرگانی کراوە، مەملەکەتی داهۆمی لەڕێگەی بازرگانیەوە گەشەی کردوە ئەمە لەکاتێکدا ناوەڕۆکی فیلمەکە باس لەجەنگ دەکات دژی کۆیلایەتی، وێناکردنی ژنە پاڵەوانکان بەهەمان شێوە لەناو بەڵگەنامەکانی مێژودا جیاوازە، ئەو ژنانە پادشا لەپێناو کوشتن و سەربڕین و کڕین و دیل کردنی کۆیلەکان بەکاریهێناون، دواتر ئەم کۆیلانە دژی ئەو هەمو ستەم و ئەشکەنجە شۆڕش ئەنجامدراوە.


سەبارەت بە پادشا (گیزۆ) بەشدار نەبوە لەپێناو ئەوەی داهۆمی دەستبەرداری بازرگانی ببێت تا ساڵی 1852، بەڵام لەپاش فشارەکانی حکومەتی بریتانیا، دواتر هەستا بەهەڵوەشاندنەوەی کۆیلایەتی لە کۆمەڵگا زۆرە ملێکانیدا لەساڵی 1833.

فیلمەکە وایکردوە وێنەیەکی ڕۆمانسی پڕ لەهەیەجان و میلۆدرامی سپی کردنەوەی ڕوخساری بێهیوای مێژوی کۆیلایەتی لەئەفریقا لەسەدەی نۆزدەهەمدا، ئەفریقیەکان، ئەفریقیان وەک کۆیلە فرۆشتوە، ئەمەش حەقیقەتێکە ناکرێت بشاردرێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا نابێت بەهۆکارێک بۆ ئەوەی بازرگارنی بخەینە دەرەوەی بازنەی سیناریۆکانەوە.

لەساڵی 1927دا، زانای بواری ئەنسرۆلۆلۆجیا و ڕۆژنامەنوس و دەرهێنەری ئەمریکی بەناوبانگ (زۆرا نیل هێرستۆن) گەشتێکی ئەنجامدا بەرەو ئەلاباما، لەپێناو بینینی (کۆدگۆ لویس)ی تەمەن سەرو هەشتا ساڵ، ئەو یەکێک لەو دەرباز بوانەی کەشتی کۆیلەکان بو بەرەو ئەمریکا لەساڵی 1860 دا، ئەم دیمانەیە لەکتێبێکدا بڵاوکرایەوە بەناوی (Barracoon: The Story of the Last Black Cargo).

ئەم پیاوە تەمەنی تەنها 19 ساڵ بوە کاتێک جەنگاوەرەکانی داهۆمی هێرشیان کردوەتە سەر هۆزەکەی و زۆرینەی ئەندامانی خێزانەکەیان سەربڕیبو ئەوانی دیکەشیان وەک کۆیلە بەکارهێناوە لەبازرگانی گواستنەوەی کەرەستەو پێداویستیدا، هیرستۆن لەناو کتێبەکەدا وێنای خەم و قوڵی ئەو ئازارە دەکات ئەو پیرە پیاوە دەیگێڕایەوە بەسەر خۆی و ئەندامانی خێزانەکەیدا هاتبو.

مێژو نوسەکان دەڵێن، نزیکەی دو ملیۆن ئەفریقی دورخراونەتەوە بە کەشتی بۆ هەردو ئەمریکا، لەنێوان ساڵەکانی 1659 و 1863، ئەمەش بەڵگەی دوەم گەورەترین ڕاگواستنی دیلی ئەفریقی یە لەمێژوی بازرگانی دا.

جەنگاوەرەکانی داهۆمی هۆکاری کوشتن و تاڵانکردنی ژیانی خەڵک بون، ئەوەی ئەو پیرە پیاوە دەیگێڕێتەوە خوێنەر شۆک دەکات، لەتاو دڕندەیی و خراپی ئەو هێزە خوێنڕێژەی لەمێژودا ڕوبارێک خوێنی مرۆڤیان ڕشتوە.

هەمو ئەمانە وا دەکات داوای بایکۆتی گشتی سیناریۆی فیلمەکە بکرێت، زۆرینەی بینەران پێیانوایە ئەم جۆرە لەنمایشی ساختەی ڕۆمانسی لەبری حەقیقەتی مێژوی ڕەشی ئەو بکوژانە مایەی شەرمەزاریە، هەروەها زیان دەگەیەنێت بەمێژوی دورودرێژی ئەفریقیەکان دژ بەکۆیلایەتی، ئەم جۆرە لەساختەکردنی مێژو بەزۆرێک لەفیلمەکانەوە دەبینرێت وەک (Black is King) (Black Panther) (The Woman King) پشتگوێخستنی حەقیقەت و نمایشکردنی چیرۆک و ناوەڕۆکی ساختە، دوبارە بونیاد نانەوەی ئەفریقا بەساختە.


پاڵەوانی نەناسراو
لەناو مێژوی ئەفریقادا کۆمەڵێک چیرۆکی مەزن هەیە، ئەو چیرۆکانەی بەشێکن لەشۆڕشی فیکری و مەیدانی رەش پێستەکانی ئەفریقا دژی کۆیلایەتی و داگیرکاری و بەهەدەر بردنی سامان و کوشتن و قڕکردنیان، زۆر وێستگە هەیە پێویستە لەمێژودا هەڵوێستەی لەسەر بکرێت و بکرێن بەسیناریۆی فیلم لەوانە؛ (نزینگا مبیمبا) حاکمی مەملەکەتی کۆنگۆ، تا دەگات بەپادشای پورتوگال (جواوی سێیەم) لەساڵی 1526 دا، کاتێک داوای کرد کۆتایی بهێنرێت بەکۆچی نایاسایی بۆ وڵاتەکەی، دواتر جێگرەکەی گارسیای دوەم  هەمان کاری کرد، بەڵام بەبێ سەرکەوتنێکی گەورە لەسەرەتاکانی سەدەی نۆزدەهەمدا، نزینگا مبیمبا جەنگی بەرپا کرد دژی پورتوگالیەکان وەک بەشێک لەو جەنگانەی لەپێناو ڕێگری کردن بو بەبازارگانی بەسەروەت و سامانی ئەفریقیەکانەوە.

وەک وەڵامێک بەرامبەر ڕەخنەکان لەتویتەردا:
ڤیۆلای دەرهێنەر دەڵێت؛ هەرگیز نایوانیت گفتوگۆ و پێکدادانی ناو تویتەر ببەیتەوە، چیرۆکی فیلمەکە خەیاڵی یەو ڕاست نییە، گرفتێکی دیکەش هەبو هەندێک  لەکۆمپانیاکانی بەرەهەمهێنان دژی پشاندانی ژنە ڕەشپێستەکان بون وەک پاڵەوان.

بەدڵنیایی ئەمە یەکەم جار نییە سینەما سیناریۆیەک دەگێڕێتەوە پشت بەستو بێت بەکۆمەڵێک ڕوداوی ڕاستەقینە و گوڕانکاری بکات و چیرۆکێکی ساختە نمایش بکات بۆ بینەران، وەک نمونە پێم وایە زۆربەمان فیلمی (Inglourious basterds) بینیوە، یاریکردن بەڕوداوەکانی پاش جەنگی دوەمی جیهان، لێرەدا گرنگە تێبینی ئەوە بکەین جەنگی دوەمی جیهان لای زۆربەی خەڵک ئاشکراوڕونە بەڵام مێژوی ئەفریقیەکان زۆرینەی نەگەیشتوە بەخەڵک.

لێرەدا شتێک هەیە مانای نیگەرانییە، ڕەش پێستە ناودارەکان خۆیان ماندو ناکەن بەدوای حەقیقەتی مێژودا بگەڕێن، لەکاتێکدا سینەما ژیان و مێژوی ڕەش پێستەکانی خستوەتە پەراوێزەوە. ئەمە لەکاتێکدا ناوەڕۆکی فیلمەکان دەڕازێننەوە بەجوانی و ئازایەتی رەش پێستەکان، لەپشتی ڕوداوەکانەوە حەقیقەتی مێژو ون دەبێت و سیناریۆیەکی ساختە دەخرێتە شوێنی حەقیقەت.

لەم فیلمەدا تەنها مێژو ساختە نەکراوە بەڵکو گۆرانکاری لەژیان و شێوەی ڕۆژانەی مرۆڤاکانیشدا کراوە، ئەم فیلمە پەیامی هەڵگرتوە، وێناکردنی هێزێک وەک ئازایەتی و پیرۆزی، پاشان دەرهێنەر هاتوە بەدڵی خۆی دەستکاری مێژوی کردوە لەپێناو ئەو خزمەتی فیلمەکەی و بینەر و داهات، لێرەوە تێدەگەین ئامانج لەسیناریۆی فیلمەکە تەنها هونەر نییە، بەڵکو ئامانجی ئایدۆلۆجی هەیە.

ژنەکانی داهۆمی و ژنەکانی ئەمڕۆ
جگە لەوەی فیلمەکە ژانەری جەنگی و جوڵەی هەیە، لەهەمان کاتدا کۆمەڵێک پرسیار لای بینەر دروستدەکات، لەڕوی قوربانی و بەخشین و هێزی ژنەکانەوە، ڕۆڵی ژنان لەکۆمەڵگای باوک سالاریدا، سنوری ئازادیان تا کوێیە؟ دەبێت کام باج بدەن لەپێناو مانەوە.

کاتێک بەچاوی مرۆڤایەتی سەیری فیلمەکە دەکەیت کۆمەڵێک ژن دەبینیت بەناو خەڵکی شارۆچکەیەکدا دەڕۆن تەنانەت ئەو خەڵکە ناتوانن سەر بەرزبکەنەوە، لەتاو ترس و هێز و ئازایەتی ئەو ژنە جەنگاوەرانە ، ئەمە لەکاتێکدا ئەوان لەحەقیقەتدا خزمەت بەپیاوان دەکەن، دەسەڵاتی کۆمەڵگایەک دەپارێزن تێیدا پیاو حاکم و خاوەن بڕیارە، ئامادەن خۆبەخشانە ژیانیان ببەخشن لەپێناو ڕزگاربونیان لەژیانی سەخت و دەمارگیری و داخراوی خێزاندا، دواتر خۆیان بەخت دەکەن لەپێناو پادشا و ئیپراتۆریەتدا.

لەدەرەوەی ژنە جەنگاوەرەکان، جەستەیان هی خۆیان نییە، بەڵکو هی مێرد و خاوەنەکانیانە، یان وەک کەرەستە بەکار دێت و گۆڕینەوەیان پێوە دەکرێت، دیمەنەکان و چیرۆکەکانی فیلمەکە دەتبات بۆ ناو چیرۆکێکی ئاڵۆز و نامرۆڤانە.