خەندان لایف
خانمە هونەرمەندی گۆرانیبێژ، سیریل فەتاح پاش هەفتەیەك جیابونەوە لە هاوسەرەكەی، ئاشكرایكرد كە گەڕاونەتەوە لای یەكتر و جیابونەوەیان بەهۆی لێكتێنەگەیشتنەوە بو.
سیریل فەتاح لە بڵاوكراوەیەكیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك رایگەیاند، "چەند رۆژێك پێش ئێستا لێرەوە ئاگادارمکردن کە من و نەبەرد بڕیارمان داوە لەیەک جیاببینەوە، ئەوە بڕیاری هەردوکمان بو، بەهۆی هەندێك لێکتێنەگەیشتنەوە بو".
وتیشی، "دوای ئەوەی دۆستان و دڵسۆزانمان بەوە ڕازی نەبون، لە ئێمەیان خواست کە زیاتر ئارام و لێبوردەبین، ئێمەش کاتی زیاترمان دا بەو بڕیارە، سەرئەنجام باشتر لەوە تێگەیشتین، پێکەوە بونی ئێمە گەورەترە لە کێشەکان، خۆشەویستی و ڕێز و تێگەيشتنمان بۆ یەک زۆر زیاتره لە توڕەیمان".

ئەوەشیخستەڕو، "بۆیە بڕیارمان دا، لە یەکتر ببورین، بەسەر کێشەکاندا زاڵ ببین و بەردەوامى به پێكەوەژيانمان بدەين، شانسێکی تر بدەین بە عەشق و پێکەوە ژیان و خۆشەویستیمان، بەهیوام ئێمەیش و ئێوەش، هەمیشە ئارام بین و پشو درێژبین لە بڕیاردان، چونکە هەمومان مرۆڤین و مەرج نییە هەمو بڕیارێکمان راست و دروست بێت، هیوادارم لە خۆشەویستیدا بژین و بێ کێشەبن هەمو لایەک".
لە كۆتاییشیدا وتی، "زۆر سوپاس بۆ کەسە دڵسۆزەکانمان، کە ڕێیان نەدا توڕەیی و کێشەکانمان بەسەر جوانیی و خۆشەویستی و پێکەوەبونماندا زاڵ ببن".
سیریل ماوهی زیاتر لە 28 ساڵه له وڵاتی سوید نیشتهجییه و خاوهنی دوكچ و كوڕێكه، ساڵانێکە کاری هونەری دەکات و خاوەنی چەندین بەرهەمە، لەهەمانکاتدا جگە لە کاری هونەری كاری وهرگێران دهكات.