هەڵكەوت زاهیر دوای 22 ساڵ بەرهەمێكی سوعاد حوسنی بڵاودەكاتەوە

03:18 - 23/03/2023

5073جار خوێندراوەتەوە

خەندان لایف

ئاوازدانەر هەڵكەوت زاهیر دوای 22 ساڵ بەرهەمێكی سوعاد حوسنی، خانمە هونەرمەندی میسڕی بڵاودەكاتەوە لەگەڵ دەنگی خۆی، كە بۆی تۆماركردوە و تایبەتە بە مانگی رەمەزان.

هەڵكەوت زاهیر لەبارەی ئەم بەرهەمەی، بە خەندان لایف-ی رایگەیاند، "من تۆمارێكی زۆرم هەیە لە دەنگی ئەو هونەرمەندە، كە بەناوبانگترینە لەناو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پەیوەندییەكی پتەومان هەبو، بۆ ئەم بەرهەمەشی بە رەزامەندی خێزانەكەی بڵاوكراوەتەوە".

هەروەها وتیشی، "ئەو خانمە هونەرمەندە هێشتا چەند بەرهەمێكی دیكەی ماوە، كە لەلایەن بەشێك لە كۆمپانیا جیهاییەكان داواكراوە، بە نزیكەیی 10 كاتژمێر تۆمارم هەیە لە دەنگی ئەو خانمە هونەرمەندە".


ئەمە لە كاتێكدایە كە لە سەرەتای مانگی رابردودا، لەلایەن نەتەوە یەکگرتوەكانەوە لە قاهیرە خەڵاتی ساندرێلا بەخشرا  بەئاوازدانەر، هەڵکەوت زاهیر بە بەشداری  هونەرمەند عەدنان تەیمور و زۆرێکی دیکە لە هونەرمەندانی میسر، كە ئەو خەڵاتە ساڵانە دەبەخشرێت بە هونەرمەندە گەورەکانی عەرەب کە لە لوتکەدان، کەسێکی نزیکی هونەرمەندەکەش دەستنیشان دەکرێت بۆ وەرگرتنی، ئەمساڵ خەڵاتەکە بە هونەرمەندی کۆچکردو و ساندرێلای شاشە، سوعاد حوسنی درا، بنەماڵەی ئەو هونەرمەندەش، هەڵکەوت زاهیریان هەڵبژارد بۆ وەرگرتنی خەڵاتەکە، چونکە کۆتا ئاوازی سوعاد حوسنی دانابو.