خەندان لایف - خۆشناو محەمەد
تێکستی سینەمایی چێژبەخشی دروستکراوی (ناسانیال مارتێلۆ وایت) دیدگایەی جیاوازە بۆ ژیانی ژن، وەک ڕەحم و بەزەیی مرۆڤایەتی یان زەوی، وەک دایکی هەردو نەوەی رەش و سپی، رەگەزی سپی وەک دەستکەوت وێنا کردوە، کەبتوانێت دەستبگرێت بەسەر سامان و دەسەڵات و جەماوەردا.
کەسایەتیەکی جیاواز نمایش بکەیت، ڕێک پێچەوانەی ئەوەی دروست بویت، هەوڵبدەیت کەسایەتیت بگۆڕیت لەڕوی ناسنامە و ڕەنگ و ئایین و ڕەچەڵەکەوە زۆر ئەستەمە لەڕوی کردارەوە، بەڵام کۆمەڵێک سڵ ناکەنەوە لەئەنجامدانی لەپێناو گەیشت بەناو ئاسودەیی.
دەکرێت کۆمەڵێک خەڵک ئەم کارە ئەنجامبدەن، ببێتە ڕێگایەک بەرەو ئاییندە، سڕینەوەی ناسنامەی مرۆڤایەتی مرۆڤ دەبێتە پەیکەر، پەیکەرێکی کۆپی هەڵگری ڕۆشنگەری و ئایدیا و ئایدۆلۆژیایەکی دیکە، کۆتاییەکەی میلۆدرامی دەبێت.
ئەفریقیەکان لەوە دڵنیان کە لە کیشوەری سپی (ئەوروپا و ئەمریکا)دا، ئەم جۆرە لەژیان هەیە بەدرێژایی ئەزمونێکی دورودرێژ، بەڵام بەردەوام دەکەونە ئەو چاڵەی پێی دەوترێت (ڕق لەخۆبون) نکوڵی لەناسنامەی ئاشکرایان دەکەن.
نوسەر و ئەکتەر و دەرهێنەری بەریتانی (ناسانیال مارتێلۆ وایت) فیلمی (The Strays)مان پێشکەش دەکات، لەئێستادا لەسەر شاشەی نێت فلێکس نمایش دەکرێت، بەیەکێک لەئەزمونە نوێکان دادەنرێت وەک نوسەر و دەرهێنەر لەژیانیدا.
بێگومان ئەزمونی کەسێتی دەرهێنەر کە بەڕەگەز ئەفریقییە، ئیلهام بەخش بوبێت، تابتوانێت وێنەیەک نزیک لەحەقیقەت پێشکەش بەبینەران بکات، لەهەمان کاتدا فیلمێکی میلۆدرامی لەکەناری توندوتیژیدا لەلایەک، لەلایەکی دیکەش پیرۆزی دایک دەروشێنێت، بەڵام تەنها شتێکی ناخ هەژێنی دراماکە ئەوەیە مرۆڤ ناچاربێت واز لەجوانی ناخی بهێنێت لەپێناو بەربەستەکانی ژیان.
ڕوداوەکانی ناو چیرۆکی فیلمی (The Stray) دەربارەی شیریل (ئاشلی مادیکۆی) ناسراو بە نێڤی، کە ژیانێکی ناوازەی هەیە لەیەکێک لەکۆڵانەکانی بریتانیا، لەگەڵ مێردەکەی ئیان (جاستن سالینگەر) هەروەها دو مناڵە هەرزەکارەکەی سیباستیان و ماری، (سەموئێل سمۆل، ماریا ئەلمێدا).
نەیڤی جێگری بەڕێوەبەری قوتابخانەیەکی تایبەتە، بەڵام دو کەسایەتی نەناسراو (بوکی باکرای و جۆردەن مێری) ڕابردوی ئاشکرا دەکەن.
ترسی کۆمەڵایەتی
فیلمێک لەبریتانیاوە، ئەو هێزەی گەورەترین داگیرکاری مێژوی مرۆڤایەتیە، بەدرێژایی دو سەدە، بەڵام دەرهێنەرێک لەناو دڵی بریتانیا و بەرەگەز دەفریقی ئەیەوێت دیوارەکان بشکێنێت، دیواری کۆڵانی سپی پێستەکان و ئاشکراکردنی کەموکوڕیەکانیان
فیلمەکە چوار کاتی جیاواز لەخۆ دەگرێت، لەگەڵ گرتەی سەرەتایی دەستپێکدا، لەگەڵ ئەو جیاوازیە گەورەی فیلمەکە لەڕوی کاتەوە لەسەرەتا و کۆتاییدا، بەڵام هەڵگری هێڵێکی نەپچڕاوی چڕی درامییە، هاوکات هێڵی میوزیکی وێنەیی شاردراوە و هەست بزوێن لەهەمان کاتدا.
فیلمەکە بەگرتەیەکی ئامادەکراو دەست پێدەکات، ئەو تابلۆ ناوازەی ناسراو بە (ئەڤان تەتەر) تا گەیشتن بەو حاڵەتە خەمۆکی و بێهیواییەی شیرێل، بێبەش لەژیانێکی هاوسەنگ و جەنگ لەپێناو بژێویدا، هەروەها ڕاکردن لەماڵ و بەجێهێشتنی دو مناڵەکەی بەبێ سەرپەرشتیار.
دەرهێنەر زۆر بەڕونی جیاوازی چینایەتی لەناو کۆمەڵگادا پشانداوە، سەرەتا لەوێنەی خانوە هەژارەکانی کۆڵانە هەژارەکان ، کامێرا بەجۆرێک وێنەی خانوەکانی گرتوە گەورە داخراو دەرکەوێت ئەوە لەکاتێکدا خانوەکان بچوک و سادەن .
بەپێچەوانەی ئەو دیمەنانەوە دەرهێنەر لەجامی ئۆتۆمبێلێکەوە وێنەی ژیانی کۆڵانە دەوڵەمەندەکان نمایش دەکات، ئەو شوێنەی لەوێ شیرێل نیشتەجێبوە، کۆڵانی فراوان و باخچە و خانوی ناوازە، پانتایی ڕەنگی سەوز لەبەردەم ماڵان و بەدرێژایی کۆڵانەکان.
دەرهێنەر دەیەوێت پشانت بدات، داخراوی و خنکاوی ژیان لەو کۆڵانە تەسک و داخراوانەدا هێندەی دیکە ژیانی سەخت کردوە، لەبەرامبەردا ئەو بەهەشتەی دروستکراوە لەکۆڵانی دەوڵەمەندەکاندا، ئایا بینەر لەپاش ئەم دیمەنانە چ پرسیارێکی لا دروست دەبێت.
بەگشتی فیلمەکە شوێن دەستی دەرهێنەرێکی زیرەک و دنیابینی پێوە دەبینرێت، شێوەی جەستە و قژی ئەفریقیەک وەک تابلۆی ژیان و مەرگ وێنا دەکرێت.
تۆڵە
ئێمە لەبەردەم دو ژیانداین: یەکەم کۆتایی هات بەوەی دایکێک دو مناڵەکی بەجێدەهێڵێت و رادەکات، دوەم لەو ساتەوە دەستپێدەکات لەگەڵ پیاوێکی سپی پێست هاوسەرگیری دەکاتەوە و دو مناڵی دیکەی دەبێت.
چوار مناڵ گەورە دەبن، بەڵام لەدو فەزای جیاوازدا، ئەو دو مناڵەی لەناو شوێنێکی ئاڵۆز و سەختدا گەورە دەبن، ڕوبەڕوی قورسترین شێوەی ژیان دەبنەوە لەئەشکەنجە و تاڵی و نەهامەتی، تا گەورە دەبن، بەڵام دو مناڵەکەی دیکە لەناو نازوخۆشیدا گەورە دەبن، لەئامێزی دایک و باوکدا.
دەرهێنەر یاری سۆز و هەست بزوێنی بەکارهێناوە، لەسەرەتای لەدایکبونی ئەو دو منداڵەوە.
بەگشتی دەرهێنەر (ناسانیال مارتێلۆ) تێکست و وێنەیەکی زیندویی سینەمایی پێشکەشکردوین، پەیوەست بەدایک، وەک دایکی مرۆڤایەتی پڕ لەهەست و سۆز و بەزەیی، ئەو دایکەی دو جۆر ڕەگەز و ڕەنگ دەخاتەوە، مناڵی ڕەش و سپی، هەروەها ئەو ڕێگایەی وادەکات دەسەڵات و هێز پەیدابکات.
مارتێلۆ مژدەی ئەوە دەدات، تۆڵەیەک بەڕێوەیە، رەش پێستە ئەفریقیەکان تۆڵەی خۆیان دەکەنەوە لەو هەمو ستەمەی لێیان کراوە بەدرێژایی مێژو.