خەندان لایف
پێویست ناکات خۆت توشی دڵەڕاوکێ و ناخۆشی بکەیت تەنیا لەبەرئەوەی نەشتەرگەریت ھەیە و پێویستە بێھۆشکاری گشتی وەرگریت. لەبەرئەوەی بێھۆشکاری ڕێگایەکە بۆ نەھێشتنی ناڕەحەتی و ئازاری تۆ لەکاتی نەشتەرگەریدا، جگە لەخاوکردنەوەی ماسولکەو ھێورکردنەوەو خەولێخستن بەھۆی دەرمانەکانی بێھۆشکاری.
بۆ ئەوەی دڵنیابیت لەوەی کە ھەمو شتەکان بە ڕێگای ڕاستی خۆیان دەڕۆن پێویستە پێشتر بەڕێگایەکی زانستی خۆت ئامادەبکەیت، ئەم خاڵانە ڕەچاو بکەیت كە دكتۆر ھەڤین کەمال شاە محەمەد، پسپۆڕی بێھۆشکاری و ئازارشکاندن بڵاویكردوەتەوە.
ئایا پێویست دەکات بە ڕۆژو بم؟
بەڵێ پێویست دەکات و پزیشکەکەت بە دڵنییایەوە پێتدەڵێت کە لەنیوەی شەوەوە بەڕۆژو بیت شەوی پێش نەشتەرگەری، ئەویش لەبەر ئەوەی دەرمانەکانی کە لەبێھۆشکاری گشتیدا بەکاردێت ماسولکەکانی گەدە و قورگ خاودەکاتەوە و ئەمەش دەبێتە ھۆی ڕشانەوە و ھەندێکجار بەھۆی ئەمەوە خواردن دەچێتە سییەکان و توشی ھەوکردنی کیمییایی (chemical pnemonities) سیەکانمان دەکات، گەدەی بەتاڵ ڕێگری دەکات لەدروستبونی ئەم حاڵەتە.
ئایا پێویست دەکات دەرمانەکان و چارەسەرەکانی پێشوم بوەستێنم؟
پێویستە بە پزیشکەکەت بڵێت کە چ دەرمان و چارەسەرێک وەردەگریت و ئەویش بەپێی ئەوە ڕێنمایت دەکات. ھەندێک چارەسەر پێویستە بوەستێنرێت چونکە لەگەڵ دەرمانەکانی بەنجدا کارلێک دەکەن، ھەندێکی تریان لەوانەیە ڕێژەی خۆین بەربون زیاد بکەن وەکو ئەو دەرمانانەی بۆ چارەسەری خەستبونەوەی خوێن بەکاردێن وەک؛ ئەسپرین، پلاڤێکس، یاخود ئازارشکێنە ناستیرۆیدەکانی وەکو ڤۆڵتارین، پرۆفین، ئیبۆپرۆفین. چارەسەری بەرزی فشاری خوێن و یاخود چارەسەری نەخۆشی گەدە و ھەندێک چارەسەری تر ئاساییە وەربگیرێت بەڵام دەبێت بە پێی ڕێنمایی پزیشکەکەت بێت.
ئایا تەواوکەرە خۆراکی و ڕوەکییەکان دەبێت بوەستێنرێت؟
ھەندێک لەو تەواوکەرە ڕوەکیانە کارلێک دەکەن لەگەڵ بێھۆشکاری گشتیدا و ئەگەری خوێن بەربون زیاد دەکەن، یاخود کاریگەرییان ھەیە لەسەر پەستانی خوێن، بۆیە پێویستە بوەستێنرێن . بۆ نمونە؛ حەبی سیر، زەنجەفیل، جینسینگ، جنکۆبایلۆبا، ئۆمێگا-3.
پێویستە بە پزیشکەکەت بڵێت کەچ تەواوکەرێکی خۆراکی بەکاردێنیت.
چ جۆرە بێھۆشکاریەک و بڕی چەند بێھۆشکاری وەردەگرم؟
پزیشکی پسپۆڕی بێھۆشکاری بڕیاردەدات کە چ جۆرە بێھۆشکاریەکت بۆ بەکاربێنێت کەئەویش بەپێی جۆری نەشتەرگەرییەکە و حاڵەتی نەخۆشەکە دەگۆڕێت. وەبڕی دەرمانی بێھۆشکارییەکەش بە پێی؛ کێش، تەمەن، ڕەگەز، باری تەندروستی نەخۆشەکە دەگۆڕێت. پزیشکی بێھۆشکار بڕیاردەدات کەچ جۆرە بێھۆشکارییەک بۆ تۆ گونجاوەو یاریدەدەری بێھۆشکاری و ستافی تەندروستی چاودێریت دەکەن لەکاتی نەشتەرگەریدا.
پێویستە چی بەپزیشکی بێھۆشکار بڵێم پێش نەشتەرگەری؟
کاتێک پزیشکی بێھۆشکار پشکنینت بۆ دەکات پێش نەشتەرگەری پرسیارت لێدەکات لەبارەی باری تەندروستیت، پێویستە ئەم خاڵانەی پێبڵێت:
- ئایاھەستیاری و حەساسیەتت ھەیە بە ھیچ جۆرە دەرمانێک، پلاستەر، لاستیک یاخود ھەر مادەیەکی تر؟
- ئایا ھیچ نەخۆشیەکی درێژخایەنت لەگەڵدایە وەکو؛ بەرزی فشاری خوێن، نەخۆشی دڵ، شەکرە، نەخۆشیەکانی جگەر و گورچیلە، نەخۆشی غودە، گەشکە و بورانەوە، نەخۆشی دەرونی.
- ئایا کێشەی ھەناسە و نەخۆشی سیەکانت وەکو، ڕەبو، ھەوکردنی بۆری سییەکان، کاکەو بەڵغەم ھەیە.
- ئایا جگەرە، نێرگەلە دەکێشیت، خواردنەوە کحولیەکان بەکاردێنیت و بە ڕێژەی چەند، ھیچ جۆرە مادەیەک یاخود دەرمانێکی بێھۆشکار بەکاردێنیت؟
- ھیچ جۆرە ئازارشکێنێک یاخود دەرمانە ستیرۆیدیەکان بەکاردەھێنیت؟
- ئایا ھیچ لاوازییەک یان سڕییەک لە پەلەکانتدا ھەیە بۆ نمونە؛ لەقاچەکانتدا یاخود لە قۆڵەکانتدا.
- ئایا کێشەی خوێن بەربون و نەزیفت ھەبوە پێشتر؟
- لە ئافرەتاندا ئایا دوگیانیت؟
- ئایا پێشتر ھیچ ھەستیاریەک یاخود کێشەیەکت توشبوە بە بێھۆشکاری گشتی، یاخود بە بەنجی ناوچەیی.
- ئایا لە خێزانەکەتدا ھیچ کەس ھەیە کە ھەستیار بوبێت بە بێھۆشکاری گشتی یاخود ژیانی لەدەست دابێت لەژێر بێھۆشکاریدا یاخود ھەر نەخۆشییەکی تری درێژخایەنی لەگەڵدا بێت.
- ئایا ھیچ نەخۆشیەکی درێژخایەن ھەیە لەناو خێزانەکەتدا بە تایبەت دایک و باوکت؟
پێویستە ڕۆژی پێش نەشتەرگەری چ پرسیارێک لە مێشکتدایە لەبارەی نەشتەرگەریەکەت و ئەو دەرمانانەی بەکاردەھێنرێن لەکاتی بێھۆشکاریدا، بیکەیت و دودڵ نەبیت. خۆت دڵنیابکەرەوە لەوەی کە ئاسودە و مورتاحیت لەگەڵ پزیشکە بێھۆشکارەکەت و تیمە پزیشکیەکەت و متمانەت پێیانە.
باشترە گفتوگۆ لەگەڵ پزیشکەکەت بکەیت لەبارەی ئاکامە نەخوازراوەکانی نەشتەرگەری و بێھۆشکاری گشتی. خۆت ھێوربکەرەوە و ئەگەر زانیت پێویستت بە ھێورکەرەوە ھەیە باشترە بە پزیشکەکەت بڵێت کە ھێورکەرەوەیەکت بۆ بنوسیت کە گونجاو بێت بۆ تۆ و نابێت سەربەخۆ لەخۆتەوە ھیورکەرەوە وەربگریت.
ئایا پێویستە کەسێکم لەگەڵدا بێت لەکاتی وەرگرتنی بێھۆشکاری گشتیدا؟
بەڵێ زۆر گرنگە کە کەسێکت لەگەڵدا بێت بەتایبەت دەبێت کەسی پلە یەک بێت، واتە ئەگەر ھاوسەرگیریت نەکردبو، باوک، دایک، خوشک، برا. ئەگەر ھاوسەرت ھەبو ئەوە ھاوسەرەکەت. لەوڵاتی ئێمەدا لە ڕوی یاساییەوە کە واژوی ڕازیبون بۆ نەشتەرگەری ئیمزا دەکرێت، پێویستە نەخۆشەکە و کەسی یەکەمی نەخۆشەکە واژو لەسەر فۆڕمی ڕازیبون بکات پاش خوێندنەوەی فۆرمەکەو ڕازیبون بە ئاکەمەکانی نەشتەرگەری و بێھۆشکاری. بۆ کەسێک کە کەسی پلە یەکەکانی لە دەستدابێت ئەوە پێویستە پزیشکی بێھۆشکار لەگەڵ نزیکترین کەسی نەخۆشەکە و بەرپرس لێی گفتوگۆبکات و واژوی ڕازیبون وەربگرێت، لەکاتی وەرگرتنی بێھۆشکاری ناوچەیشدا پێویستە کەسێکی نزیکت لەگەڵ بێت، چونکە بێھۆشکاری ناوچەیش ھەندێک جار دەرئەنجامی خراپی ھەیە.
لە زۆربەی وڵاتانی دەرەوە تەنیا نەخۆش خۆی بەرپرسیارە لە خۆیی و تەنیا واژوی خۆی وەردەگیرێت لە کاتی نەشتەرگەریدا، بەڵام لە وڵاتی ئێمەدا بەو جۆرە نییە و کەسی پلە یەک بەرپرسە و لەڕووی یاساییەوە دەبێت واژوی ڕازیبونی وەربگیرێت.