خەندان لایف
پاش ئەوەی جیمی كیمێل پرسیارێك ئاراستەی مەلالا یوسفزای دەكات، ئەو خانمە چالاكوانە بە وەڵامەكەی پێشكەشكارەكە دەخاتە دۆخێكی شەرمەزاركەرەوە.
جیمی كیمێڵ، كە ئەمساڵ وەكو پێشكەشكاری مەراسمی ئۆسكار هەڵبژێردرابو، لە كاتی مەراسیمەكە بەناو ئامادەبواندا گەڕا، كاتێك گەیشتە لای مەلالا، لێی پرسی، "کارەکانت لەبارەی مافەکانی مرۆڤ و پەروەردە بۆ ژنان و منداڵان ئیلهام بەخشە، وەک گەنجترین براوەی خەڵاتی نۆبڵ لە مێژودا، رات چیبو لەسەر ئەوەی هاری ستایلز تفی لە کریس پاین كرد؟".
مەلالا رەتی كردەوە كە لەبارەی بابەتێكی لەوشێوەیە بدوێت و پێیوت، "من تەنها لەبارەی ئاشتییەوە دەدوێم"، جیمی لە كاردانەوەدا وتی، "دەزانیت چی، لەبەر ئەوەیە تۆ مەلالا-یت و كەسی دیكە نیت، ئەوە وەڵامێكی جوان بو مەلالا، ئەو براوەیە".
ئەم وەڵامەی مەلالا كاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و هەندێك بۆیان نوسی، "پرسیارەكەی جیمی بێڕێزیكردن بو بە مەلالا"، كەسێكی دیكەش بۆی نوسی، "من جیمی كیمێڵ-م خۆشدەوێت، بەڵام پرسیارەكەی لە مەلالا خراپترین و بە ئازارترین دیمەن بو كە چەندین ساڵە لە تەلەفزیۆن بینیبێتم".
شەوی رابردو ئاهەنگی خەڵاتەکانی ئۆسکاری 95ی ئەکادیمیای ئەمریکی زانست و هونەری وێنە بۆ کارە سینەماییەکانی ساڵی ڕابردو بەرهەمهێنرابو، بەڕێوەچو، ئەکتەری کۆمیدی جیمی کیمێل بەشێوەیەکی جیاواز بە پەڕەشوت خۆی گەیاندە سەر ستەیجی ئاهەنگەکانی ئۆسکار، دواتر ئاهەنگەکانی پێشکەشکرد، ئەوە جاری سێیەم بو ناوبراو ئاهەنگەکانی ئۆسکار ببات بەڕێوە لەپاش ساڵەکانی 2017 و 2018.