پێنج هۆکار وادەکات هەست بەساردی بکەیت لەگەڵ هەڵکشانی تەمەنت

03:16 - 06/02/2023

1028جار خوێندراوەتەوە

خەندان لایف - خۆشناو محەمەد 

لەپڕێکدا هەست دەکەین بەرگی قەنەفەکان سارد و سڕن، هەستدەکەین کەشوهەوای ژورەکەمان ساردە، هەستێکمان دروست دەبێت ماڵەکەمان وەک پێویست گەرم نییە، لەگەڵ هەڵکشانی تەمەن هەست کردن بەگۆڕانکاریەکان شتانێکی نائاسایی نییە، بەڵکو لەبەر گۆڕانکاریەکانی جەستەیە.

زیاد بونی هەستکردنمان بەسەرما لەگەڵ هەڵکشانی تەمەن ئاسایی و سروشتییە، ئایا هۆکارەکانی چین.

پاشەکشەی توانای هات و چۆی خوێن:
لەگەڵ هەڵکشانی تەمەن دەمارەکانی خوێن نەرمیان کەمدەکات، هۆکارێک دەبێت بۆ کەمەتر هاتوچۆ کردنی خوێن، ئەوەش دەبێتە هۆکاری ئەوەی جەستە نەتوانێت پلەی گەرمی وەک خۆی ڕابگرێت، ساردی دەستەکان و پێیەکان بەڵگەی گرفتی هات و چۆی خوێنە.

پێست ڕەقتر دەبێت:
یەکێک لەنیشانەکانی هەڵکشانی تەمەن، گۆڕانکاری بونیادی پێستە، پێستمان لەچەند بەرگێک پێکهاتوە، لەژێرەوە جەستە چەوری دادەنێت، ئەم بەرگە چەوریە تەنها وەک یەدەگی چەوری ڕۆڵ نابینێت، بەڵکو بۆ بەرگریە لەپلەکانی گەرماوسەرما، بەپێی هەڵکشانی تەمەن ئەو چینە تەنک و لاواز دەبێت لەنێوان چەوری و دەرەوەدا هەیە، لەئەنجامی ئەوەدا جەستەمان خێراتر گەرمی لەدەست دەدات لەچاو پێشو.

خاو بونەی چالاکی:
سەرچاوەکانی خۆراک بەرپرسن لەبڕی گەرمی لەش، ئەو خۆراکانەی دەیخۆین دەبنە وزە و یارمەتی هەناسە و هاتوچۆی خوێن دەدەن، لەگەڵ کۆمەڵێک کرداری دیکە، بەڵام لەگەڵ هەڵکشانی تەمەنمان، توانای بەرهەمهێنانی خۆراکی جەستەمان کەمتر دەبێت، کەمتر دەتوانێت کالۆری دروستبکات، ئەمە کاریگەری دەبێت لەسەر هاتوچۆی خوێن، وادەکات زیاتر هەست بەسەرما بکەین.

نەخۆشیە بۆماوەییەکان:
ئەکرێت نەخۆشییەکانی (دڵ، غودە، کەم خوێنی، شەکرە، هەندێک نەخۆشی دیکە) وابکات هەست بەسەرما زیاتر بکەین ، بەتایبەت لەدەستەکان و پێیەکاندا ، زۆرێک لەم نەخۆشیانە وا دەکات پلەی گەرمی لەش دابەزێت ، بۆ خوار 35 پلە، ئەو سات مەترسی دروستدەبێت.

کاریگەری لاوەکی چارەسەر:
لەگەڵ هەڵکشانی تەمەن ، وەرگرتنی چارسەر زیاد دەکات، وەک، دەرمانەکانی فشاری خوێن، دەکرێت ببێتە هۆکاری دابەزینی پلەی گەرمی لەش، هەست بەسەرما بکەین لەدەست و پێیەکاندا، وەک ئەوەی ڕودەدات لەکاتی دابەزینی فشاری خوێندا.

لەم بارەوە چی بکەین؟
دەکرێت ئەم ئامۆژگاریانەی خوارەوە یارمەتیت بدات جەستەت گەرم ببێتەوە:

- جل و بەرگێک بپۆشە لەگەڵ جەستە و توانای گەرمی لەشت بگونجێت.
- زۆر بجوڵێ.
- مەهێڵە ڕاستەخۆ هەوای بەهێز بەر جەستەت بکەوێت.
- شەوانە بەتانیەکی زیاتر بەکاربهێنە.
- ئاگات لەکێشت بێت، چونکە چینێک چەوری جەستە جیا دەکاتەوە.
-لەکەش و هەوای شێدار جل و بەرگی تایبەت بپۆشە، چونکە لەو کەش و هەوا شێدارە خێرا سەرمامان دەبێت.
خۆراک بۆ دژایەتی سەرمای زستان:

ماڵپەڕی (دوێتشە فیلە) کۆمەڵێک خۆراک و ماددەی خۆراکی نمایش کردوە لەزستاندا بەرگری لەش زیاد دەکات دژی سەرما:

ئەو خۆراکانەی ڤیتامین سی (C)  تێدایە کاریگەری هەیە لەسەر بەهێز کردنی کۆ ئەندامی بەرگری و دژایەتی نەخۆشی و پەتا باوەکانی زستان، (پرتەقاڵ، لیمۆ، بیبەری سور) بەو خۆراکانە هەژمار دەکرێن دەوڵەمەندن بە ڤیتامین سی.

ئەو خۆراکانەی ڤیتامین (A)ی تێدایە:
کەشوهەوای زستان کاریگەری هەیە لەسەر پێست، گرفت بۆ پێست دروست دەکات، پسپۆڕانی تەندروستی هۆشداری دەدەن باشترین خۆراک ئەو خۆراکانەیە ڤیتامین (A)ی تێدایە، وەک (گێزەر، سپێناخ، پەتاتەی شیرین).

ئەو خۆراکانەی ڤیتامین (D)ی تێدایە:
ڤیتامینێکی پێویست بۆ پێست و ئێسک، لەوەرزی زستاندا ئەم ڤیتامینە کەم دەبێتەوە بەهۆکاری کەمتر بەرکەوتنی هەتاو، ئەمەش دەبێتە هۆکاری کەمی ڤیتامین دی، دەکرێت پشت ببەستین بەکۆمەڵێک خۆراک لەپێناو بەدەستهێنانی ڤیتامین دی، وەک (ماسی سەلەمون، هێلکە، ئەڤۆکادۆ) لەو خۆراکانانە ئەکەێت لەزستادا پشتیان پێببەسترێت.

ئەو خۆراکانەی ڤیتامین (E)ی تێدایە:
لەپێناو پێست و تەندروستیەکی باش پێویستە ڤیتامین ئی فەرامۆش نەکەین، ئەو خۆراکانەی سەرچاوەیەکی باشی ئەم ڤیتامینەیە وەک (ئەڤۆکادۆ، برۆکلی، گوێز).

ئەو خۆراکانەی ڤیتامین (B6)ی تێدایە:
لەپێناو بەهێز کردنی کۆئەندامی بەرگری، لەخۆراکە ئاژەڵی و سەوزەکاندا دەکرێت ڤیتامین بی 6 یارمەتیمان بدات، لەکۆمەڵێک سەرچاوەدا هەیە لەوانە (برنج، مۆز، ماسی، سەردین، گەنم).

لەحاڵەتی هەستکردن بەسەمایەکی زۆر و گۆرانکاری لەجەستە و پێستدا پێویستە سەردانی پزیشک بکەیت .