نیوبه‌نج بریتییه له سڕکردنی به‌شی خواره‌وه‌ی له‌ش، لەناوکه‌وه به‌رەو خوار، ئەویش له‌رێگای پێدانی مادەیه‌کی سڕکه‌ر له ڕێگای پشته‌وه بوناو ئه‌وشله‌یه‌ی ده‌وری دڕکه‌په‌تک دەدات (spinal anesthesia)، یاخود بوناو ئه‌و بۆشاییه‌ی له‌نێوان درکەپه‌تک وئەو په‌ردەیەی ده‌وری ده‌دات (epidural anesthesia) وئەویش به‌هۆی ده‌رزیه‌کی تایبه‌ته‌وه.
دكتۆر هەڤین کەمال شاه محەمەد، پسپۆڕی بێهۆشکاری و ئازارشکاندن سود و زیانەكانی نیوبەنجی بڵاوكردوەتەوە.
سودەکانی نیوبه‌نج:
1. نه‌خوش هۆشی ته‌واوی ده‌بێت ودەتوانیت ئاگای تەواوی له نه‌شتەرگەریەکە ھەبێت.
2. هه‌ناسه‌دان ناوه‌ستێت وپێویست به‌هه‌ناسه‌دانی ده‌ستکرد ناکات.
3. کۆنتڕۆڵکردنی ئازار به‌شیوەیەکی باشتر وەک له بێهۆشکردنی گشتی، ئه‌ویش به‌هۆی ئه‌وه‌ی تا چه‌ند کاتژمێرێک دوای نه‌شتەرگەریەکەش نه‌خۆش ئازاری نابێت، به‌پێچه‌وانه‌وه له بێهوشکردنی گشتی دا پێویستی به ده‌رزی ئازارشکێن ده‌بێت.
4. گه‌رانه‌وه‌ی جوله‌ی ریخوڵه‌کان به‌شێوه‌یه‌کی خیراتر، که‌ئه‌مەش واده‌کات به‌شێوه‌یه‌کی خێراتر نه‌خوشه‌که بتوانیت بخوات و بخواته‌وه.
5. نه‌بونی مه‌ترسیه‌کانی بێهوشکردنی گشتی به‌تایبه‌تی له که‌سی به‌ته‌مه‌ن دا، یاخود له‌و نه‌خۆشانه‌ی که‌نه‌خۆشی تریان له‌گه‌ڵدایه وه‌کو، شه‌کره، نه‌خوشییه‌کانی سنگ، نەخۆشییە درێژخایەنەکان.
6. که‌مکردنه‌وه‌ی ڕێژه‌ی پێدانی ئه‌وده‌رمانانه‌ی پێویسته له‌ڕێی خوێنهێنەرەوە بدرێت له‌کاتی بێهۆشکردنی گشتیدا، کە له‌وانه‌یه زیانی لاوه‌کیان هه‌بێت وه‌ک ڕشانه‌وه و‌دڵ تێکه‌ڵهاتن.
ئاکامه نه‌خوازراوه‌کانی به‌نجی نیوه‌یی:
1. دابه‌زینی فشاری خوێن: زورجار ڕوده‌دات له‌کاتی نه‌شته‌رگه‌ری دا‌و به‌ئاسانی چاره‌سه‌ر ده‌کرێت ئه‌ویش به‌پێدانی شله‌مه‌نی پێویست له‌ڕێگه‌ی ده‌ماره‌وه.
2. سه‌رئێشه و ڕه‌ق بونی ماسولکه‌کانی مل؛ ئەمەش ڕودەدات لە (1 کەس لە 200 یاخود 300 کەسدا) کە نیوبەنج وەردەگرن، لەژنە گەنجەکان لەکاتی منداڵبوندا زیاتر و لەبەتەمەنەکاندا کەمتر ڕودەدات، جۆر و قەبارەی ئه‌و ده‌رزیه‌ی به‌کاردێت کاریگه‌ری هه‌یه له‌سه‌ر دروستبونی سەر ئێشەکە، وە هه‌روه‌ها زو هه‌ستانی نه‌خوش و سه‌ر به‌رزکردنه‌وه‌ی پێش ئه‌و ماوه‌یه‌ی بۆی دیاری ده‌کرێت لەھەندێكجاردا.
3. دومه‌ڵ یاخود کوبونه‌وه‌ی خوێن له وشوێنه‌ی ده‌رزی نیو به‌نجی تێداکراوه که‌به‌ڕێژه‌یه‌کی زۆر که‌م ڕوده‌دات.
4. هه‌وکردنی په‌رده‌ی مێشک که‌پێ ده‌وترێت (سحایا) که به‌ڕێژه‌یه‌کی زۆر که‌م له‌وانه‌یه ڕوبدات ئه‌ویش له ئه‌نجامی نه‌بونی تعقیمی باش وپاکوخاوێنی له‌شوینی لێدانی ده‌رزی نیو به‌نج .
5. وه‌ستانی دڵ؛ زۆر زۆر ده‌گمه‌ن ڕوده‌دات وه له نه‌خوشێک دا ئەگەری زیاترە که خۆی نه‌خۆشی دڵ یاخود نه‌خۆشی درێژخایه‌نی له‌گه‌ڵ بێت.
6.برینداربونی به‌شی خواره‌وه‌ی دڕکه په‌تک؛ که زۆر ده‌گمه‌ن ڕوده‌دات و ته‌نیا له کاتێکدا که ئه‌و ده‌رزیه‌ی ده‌کرێت زور له سه‌رو ئاستی پیویست بکرێت.
7. میزکردن بە زەحمەت، ئەمیش زیاتر لە پیاواندا ڕودەدات، کە ئەمە ڕویدا پێویستە سۆندەی میز دابنرێت تا نەخۆشەکە بە تەواوی لەژێر کاریگەری نیوبەنجدا نامێنێت.
8. گەشکە کە حاڵەتێکی زۆر دەگمەنە.
9. هەندێک جار حاڵەتێک ڕودەدات کە بە high spinal ناودەبرێت و بەنجی مەوزعییەکە بۆ ئاستی سەرەوە دەڕوات و ماسولکەکانی سنگیش دەگرێتەوە.
ئه‌وکه‌سانه کێن کە دەبێت بە وریاییەوە نیوبه‌نج وه‌رگرن:
1. پزیشکی بێهۆشکار دەتوانێت بڕیار لەسەر ئەوە بدات کە کێ دەتوانێت نیو بەنج وەربگرێت یاخود وەرنەگرێت.
2. ئه‌وکه‌سانه‌ی که‌نه‌خوشی خوێن به‌ربونیان له‌گه‌ڵدایه یاخود ئه‌و چاره‌سه‌رانه وه‌رده‌گرن که دژبه مه‌ینی خوێنە، وه‌کو ئەسپرین ، هیپارین، زۆرینەی جار دەبێت بەلایەنی کەمەوە پێش ھەفتەیەک بوەستێنرێن.
3. بونی برین یاخود هه‌وکردن له‌و شوێنه‌ی که به‌نجه‌که‌ی تێدا ده‌کرێت، کە نابێت نیو بەنج وەرگرن.
4. بونی ناڕێکی زکماکی له بڕبڕه‌کانی پشت دا یاخود که‌سێک که‌چه‌ند جارێک نه‌شته‌رگه‌ری فقرات و بڕبڕەی پشتی بۆ کرابێت، چونکە بە زەحمەت نیو بەنجیان بۆ دەکرێت.
5. بونی گرێ یاخود ھەر وەرەمێک له مێشک‌دا یاخود هه‌وکردنی په‌رده‌ی ده‌ماغ (سحایا).
6. له کاتی بونی خوێن به‌ربونێکی زوردا به‌هۆی هه‌ر ڕوداوێکه‌وه.
زۆرینەی پسپۆڕەکانی بێھۆشکاری جەختدەکەنەوە لەسەر ئەوەی پێویستە نەخۆش دوای نیو به‌نج به لایه‌نی که‌مه‌وه بۆ ماوه‌ی (6-8) کاتژمێر له‌سه‌ر پشت پاڵبکه‌وێت لەسەر پشت، ئەویش لەبەرئەوەی لەو بڕوایەدان کەبەمە پەستانی شلەی دڕکە پەتک کەمدەبێتەوەو کەمتر دزە دەکات، کەبەو ڕێگایە ڕێگری دەکات لەتوشبون بە سەرئێشەی دوای نیوبەنج، ھەرچەندە ھەندێک لەتوێژینەوەکان و پسپۆڕەکان ئەوە ڕەتدەکەنەوە و دەڵێن ھیچ کاریگەریەکی ئەوتۆی نیە پاڵکەوتن لەسەر پشت دوای نیو بەنج.
لەماوەی چەند کاتژمێردا کاریگەری نیوبەنج نامێنێت؟
کاریگەری لەنیوان (4-8) کاتژمێر نامێنێت بەتەواوی، کە ئەویش دەکەوێتە سەر جۆری ئەو بەنجە مەوزوعیەی بەکارھاتوە.
پێویستە چی بکەیت دوای نیو بەنج بۆ ئەوەی توشی سەرئێشە نەبیت؟
پێویستە نەخۆش هه‌تا ئه‌توانێت پشو بدات، شله‌مه‌نی بە ڕێژەیەکی زۆر بخواتەوە، وه‌کو؛ ئاو، شه‌ربه‌ت، وەبەتایبەت ئەو خواردنەوانەی کافاینیان تیادایە وەکو؛ چا، نسکافه،قاوه، دورکه‌وتنه‌وه له‌و خواردنانه‌ی تونن یاخود تیژن یان به‌زه‌حمه‌ت هه‌رسده‌کرێن، ئەگەر ئازار بەردەوام بو دەتوانن ئازارشکێنەکان بەکاربھێنرێت و ڕێگای تری جیاواز پەیڕە و دەکرێت.